یەحیا رەسول: هەفتەی داهاتو عێراق و ئەمریكا دەست بە گفتوگۆكان بۆ كشانەوەی هاوپەیمانان دەكەن
  2024-02-08       304       

یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، رایگەیاند، لیژنەی باڵای عێراق-ئەمریكا رۆژی یەكشەممەی داهاتو دەست دەكەن بە گفتوگۆكان لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

ئاوێنە: یەحیا رەسول، وتەبێژی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی یەكشەممە 11ی شوبات، لیژنەی سەربازیی تەكنیكیی باڵای نێوان عێراق و ئەمریكا، دەست بە كارەكانی دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، كارەكانی لیژنە باڵاكە گفتوگۆكردن و دانانی خشتەیەكە بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی ئەمریكا لە بەغدا كە تێیدا سەركردەیەكی باڵای كەتایبی حزبوڵا كوژرا، رایگەیاندبو، ئەم رێڕەوەی هێزەكانی ئەمریكا گرتویانەتەبەر، وا لە حكومەتی عێراق دەكات زیاتر لە هەر كاتێك بیر لە كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بكاتەوە كە بەقسەی ئەو هاوپەیمانییەكە بوەتە فاكتەری ناسەقامگیری لە عێراق و هەڕەشەیە بۆ راكێشانی عێراق بۆ نێو بازنەی شەڕ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×