كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتیدەكاتەوە سەرلەنوێ دەرگای بۆ وەرگرتنی گۆڕانكاری لە لیستەكان یان وەرگرتنی لیستی نوێی كاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردبێتەوە.
ئاوێنە: عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتی، كۆمسیۆن كۆتایی بە پڕۆسەی وەرگرتنی لیستی كاندیدەكان هێناوە، تا ئێستاش هیچ بڕیارێك نییە بۆ سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگا بۆ وەرگرتنی گۆڕانكاری لە لیستەكان یان وەرگرتنی لیستی نوێ.
جەختیشی كردەوە كە ئەو قسانەی لەبارەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای وەرگرتنی كاندید دەكرێن، هیچ بنەمایەكی راستییان نییە، چونكە كۆمسیۆن بەپێی خشتەیەك كاردەكات كە لەڕێگەوە كاركردن و ئامادەكاریی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو، رێكدەخرێت.
وتیشی، كۆمسیۆن لە ئێستادا گەیشتۆتە قۆناغی وردبینیكردنی لیستی كاندیدەكان و ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدەكان بۆ ئەوەی پەسەندبكرێن و تیروپشك بكرێت بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەكان.