مه‌شعان جبوری: سوننە و کورد هه‌ست ده‌كه‌ن مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆكاری سه‌لامه‌تییانه‌
  2024-02-09       331       

مه‌شعان جبوری، سه‌رۆكی پارتی نیشتمانی عێراق له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا، رایگه‌یاند، زۆرینەی عەرەبی سوننە و کوردی سوننە پاڵپشتی داواکاریی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ناکەن و هاوڕان لەسەر مانه‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا له‌ عێراقدا، چونكه‌ "هه‌ست ده‌كه‌ن مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆكاری سه‌لامه‌تییانه‌".

مه‌شعان جبوری كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی سوننه‌كان، له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" نوسیویه‌تی، "دەنگی سەرکردە شیعەکان و فراکسیۆنەکان و بلۆکە نزیکەکان لە ئێران تا دێت بەرزتردەبێتەوە، داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، شاراوە نییە کە "زۆرینەی عەرەبی سوننە و کوردی سوننە پاڵپشتی ئەو داواکارییە ناکەن و هاوڕان لەسەر مانه‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا له‌ عێراقدا".
 
مه‌شعان جبوری ده‌ڵێت، عەرەبی سوننە و کوردی سوننە "له‌به‌ر رۆشنایی نه‌بونی هاوسه‌نگی له‌ حوكمڕانی و خۆسه‌پاندنی شیعه‌كان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا هه‌ست ده‌كه‌ن مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆكاری سه‌لامه‌تییانه‌".

بڕیاره‌ سبه‌ی شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عێراقدا ئه‌نجامی ده‌دات.
 
له‌ كۆتایی ساڵی رابردوه‌وه‌ باسکردن لە پرسی ده‌ركردن و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا زیاتربوه‌ و له‌وكاته‌وه‌ ناوه‌ ناوه‌ هێرشده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانیان له‌ عێراق و سوریا.

رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا پەیامی ئەوەی داوەتە بەرپرسانی عێراق، کە مانەوەی هێزەکانیان نە کارئاسانی و نە رێگری دەکات، بۆ هێرشکردە سەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، ئەگەر زیان بە ئاسایشی ناوچەکە بگەیەنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×