کۆمەڵە، چەپ! چەند قسەیەک لەسەر کتێبەکەی مەلا بەختیار
  2024-02-17       1827       

هێمن مەحمود

 

ئەم دوو ڕۆژەی ڕابوردوو کتێبە نوێیەکەی کاک (مەلا بەختیار) م خوێندەوە، ڕاستییەکەی لە ڕابوردووشدا زۆرینەی کتێبەکانی کاک بەختیارم خوێندووەتەوە و تا ڕادەیەک بە شێوازی نووسین و گێڕانەوە و تێزەکانی ئاشنام و غەریب نین لەلام، ویستم بزانم ئەم کتێبە نوێیەش چی تێدایە بەتایبەت لە ئێستادا هیچ پۆستێکی حیزبی نییە و تا ڕادەیەک ڕەخنە و گلەییشی هەیە لە دۆخەکە.

من حەز ناکەم لە ڕووە سیاسییەکەوە هیچ ڕایەکی سیاسی لەسەر کتێبەکەی بدەم چونکە کە من ئەندامی هیچ حیزبێک و باوەڕم بە ئایدیۆلۆژیای هیچ حیزب و گرووپ و دەستەیەک نەبێت ئیدی ڕا دەربڕین و قسەکردن لەسەر دیوە سیاسییەکەی کتێبەکە هیچ سوودێکی نییە و دەچێتە جۆگەلەی سیاسی حیزب و گرووپە نەیارەکانی نووسەرەوە، کە هەر ئەو حیزب و گرووپانە لەشکرێک ڕۆژنامەنووس و ستنووس و دەزگای میدیاییان هەیە و حەقی ئەوەیە خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن و شەڕی خۆیان بکەن.

گومانی تێدا نییە کاک بەختیار لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانەوە تا ئێستا کارەکتەرێکی کاریگەر و چالاک و پڕ وزە و گەورە بەرپرس بووە لەم هەرێمەدا و ئەوەشی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشاوە ئەوەیە ئەم کارەکتەرە بە ئاسانی کۆڵ نادات و ماندوو نابێت و واز ناهێنێت و شەڕی فیکر و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی دەکات جا بە دڵمان بێت یاخود نا، زۆر هاوڕێی وازیان هێنا و ئەم هێشتا واز ناهێنێت و بە هیوایە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە.

کتێبی (کۆمەڵە، چەپ.. چەپی نوێی دیموکراسی) وەک نووسراوە دیدارێکی مێژووییە لەگەڵ مەلا بەختیار و لە 6 چاوپێکەوتن پێک دێت کە لە ماوەی نزیکەی 3 ساڵدا (2020-2023) ئەنجامدراوە و ئەمساڵ چاپکراوە و 419 لاپەڕەیە، وەک دەردەکەوێت دوو کەس دیدارەکەیان سازداوە و شوێنی دیدارەکەش مێرگەپانە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا کاک مەلا بەختیار بە وردی باسی مێژووی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتی و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان و چەپ و فیکری چەپ و ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

بە بڕوای من یەکەم جارە نووسەر جیاواز لە کتێبەکانی تر لە زۆر شوێندا ڕای جیاوازی لەسەر ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابوردوو هەیە و ڕەخنە دەگرێت و قسەی جیاواز لەسەر سەرکردە باڵاکان دەکات و پێچەوانەی جاران لە زۆرینەی ئەو سەرکردانە ڕەخنەی بونیادی و سیاسییان لێ دەگرێت، زۆر جاریش بە ئاشکرا لە زۆر شوێندا دان بە هەڵەکانی خۆیدا دەنێت و هەنگاوە سیاسییەکانی خۆی دەداتە بەر نەشتەر و وەک ئەوەی پەشیمان بێت لە زۆر شت وا خۆی دەردەخات، بەڵام مەسافەیەکیشی بۆ موناوەرەی سیاسی هێشتووەتەوە و بڕوام وایە چەند ساڵێکی دیکە کاک بەختیار لە حزب دوور بێت هەندێک لە بۆچوون و تێزەکانی واقیعیتر دەبێت و هەموو لاکانی چوارچێوەیەکە دەبینێت. هاوکات لە زۆر شوێنیشدا هەوای ئەو سەردەمەی دەسەڵات بەرینەداوە و وا خۆی دەردەخات هێشتا کارەکتەرێکی سەرەکی و کاریگەرە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا.

وەک وتم بابەتە سیاسییەکان جێ دەهێڵم و وەک خوێنەرێک حەزم کرد هەندێک لە سەرنجەکانم بنووسم:

1: بە بڕوای من کتێبەکە هەمووی بە 150 لاپەڕە تەواو دەبوو، چونکە لە بەشی یەکەمەوە تا بەشی شەشەمی چاوپێکەوتنەکە زۆرێک لە پرسیارەکان و گێڕانەوەکان دووبارەن و چەندین جار پرسیارێک و ڕووداوێک دووبارە کراوەتەوە، بە جۆرێک لە زۆر شوێندا کاک مەلا بەختیار دەڵێت ئەوە پێشتر باسم کردووە، وەک پێشتر وتوومە.

2: ئەو دوو کەسەی چاوپێکەوتنەکەیان کردووە هەستەکەم زۆر ئاگایان لە یەک نەبووە ئەگینا زۆربەی پرسیارەکان دووبارە نەدەبوونەوە، هەستیش دەکەیت یەکێکیان زۆر شارەزایی لە ڕووداوەکان و مێژووی کۆمەڵە و یەکێتی نییە و ئەوەکەی دیکەشیان زۆر مەبەستییەتی باسی چەپەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران بکات بۆیە زۆربەی پرسیارەکانی لەو بوارانەدایە، ئینجا بەشێک لە پرسیارەکانیش پێشتر ئامادەکراون و کاتێک کاک بەختیار وەڵامێک دەداتەوە دەکرێت پرسیاری دیکەی لێ دروست بکرێت، بەڵام بەسەریدا باز دەدرێت و پرسیارێکی بێ ڕەبتی دیکەی لێ دەکرێت.

3: کاک بەختیار خۆی زۆر جار ڕەخنە دەگرێت کە مێژوو چەواشە دەکرێت، بەڵام لەم چاوپێکەوتنەشدا زۆرینەی وەڵامەکانی خۆی پێ ڕاستە و ئەوەی لە دژی ئەو بێت ڕەتی کردووەتەوە ئیتر پێمان ناڵێت بۆچی و تەنیا ڕای خۆی پێ ڕاستە.

4: لە چەند شوێنێکدا وەڵامەکانی کاک بەختیار دژی یەکترییە و بیری دەچێت پێشتر چی وتووە، بۆ نموونە لە لاپەڕە 252 دا دەڵێت (لە کۆنفرانسی یەکدا نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە هەڵوێستەکانم سوپاسی کردووم)، کەچی لە لاپەڕە 273دا دەڵێت (هەرگیز لە یەک کۆنفرانسدا قسەیەکی خێری بۆ من نەکردووە، ئەستەمە لە ژیانیدا قسەیەکی خێری بۆ کردبم).

لەبارەی ئیبراهیم جەلالیشەوە لە تەواوی کتێبەکەدا هەست بە ڕق دەکەیت و هەست دەکەیت هێشتا کاریگەرییەکانی زوو بە پەیوەندییەکانیانەوە دیارە، لە شوێنێکدا دەڵێت (چ قسەیەکی ئیبراهیم جەلال ڕاستە تا ئەمەی ڕاست بێت؟ لە مێژوودا قسەیەکی ڕاستی ئەوم بۆ بهێنە، زەحمەتە ڕووداوێکی وەکوو خۆی گێڕابێتەوە)، کەچی لە لاپەڕە 223 دەڵێت (ئیبراهیم جەلال وتی نەوشیروان مستەفا زوو زوو دەڕووخا. ئەشهەدو ئەم قسەی برایم ڕاست بوو!!).

5: کاک بەختیار زۆر خاتری پارتی دەگرێت و تەنانەت لە باسی 31ی ئابیشدا پێچەوانەی تەواوی باوەڕ و وتار و کۆنفرانس و کۆنگرەکانی یەکێتی و ئەدەبیاتی ڕاگەیاندنی یەکێتییەوە ئەو ڕووداوە بە جینایەت وەسف دەکات و پرسیارکەریش دیارە ناچارکراوە هەر بەجینایەت وەسفی بکات.

6: لە باسی ڕۆژئاوای کوردستاندا ناحەقییەکی زۆر بەرامبەر ئەو ئەزموونە ساوایە دەکات و وەک لە لاپەڕە 379دا دەڵێت ئەزموونی باشوور بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتووترە. بیانووشی بۆ ئەمە چییە گوایە لە هەرێم 35 کونسوڵ هەیە و ئابوورییەکەی تێکەڵاوی دڵنیا بووە و زیاتر لە 5 هەزار کۆمپانیای تێدایە، ئیدی ئەوەی 35 ملیار دۆلار قەرزدارە و نەوتی لێ گیراوەتەوە و گەندەڵی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی تەنیوە و سەرمایەدارییەکی چاوچنۆک ئابووری کوردستانی هەڵلووشیوە و لە دەوڵەتێکەوە دابەزیوین بۆ هاتنی 300 ملیارێکی بەغدای لەبیرکردووە! بۆچی.. ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە.

7: کاک بەختیار زۆر قۆناخی مێژوویی لەبیرکردووە و بۆمان ناگێڕێتەوە لەو قۆناخانەدا چی کردووە بۆ نموونە دوای ئازادکردنی لە زیندان و پێش هاتنە ناوەوەی یەکێتی، ئاڵای شۆڕش بۆچی شکستی هێنا و ناکۆکییەکانیان چی بوون، بۆچی نەمانەوە، باشە یەکێتییەک ئەم لە هەشتاکان جیا بووەتەوە لێی چۆن لە نەوەدەکان دەڕواتەوە ناوی.. هەندێک ئاماژەی باس کردووە بەڵام هەمووی نین.

8: کاک بەختیار باس لە شەهید ئارام دەکات گوایە لە ڕووبەرێکی جوگرافی تەسکدا (ناوچەی قەراخ) دا ماوەتەوە و ئەوەش هەڵە بووە و بووەتە هۆی تیاچوونی، کەچی خۆی دوای چەندین ساڵ لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی ئاڵای شۆڕش هەڵەکە دووبارە دەکاتەوە و دەڕواتەوە قەرەداخ و بە ئاسانی دەستگیر دەکرێت، خۆشی دانی پێدا دەنێت و دەڵێت هەڵە بووم دەبوو بڕۆمە گوندێکی سەرسنوور و نەڕۆمە قەرەداخ

9: کاک بەختیار زۆر جار ڕەخنە لە نەوشیروان مستەفا دەگرێت گوایە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی هەڵوەشاندووەتەوە کەچی خۆی پێشتر ئاڵای شۆڕشی دامەزراندووە و ڕەخنەی لە یەکێتی هەبووە و دواجاریش وەک ڕەوتێک لە کۆمەڵە جیا بووەتەوە، پاشتر دوای چەندین ساڵ دەڕواتەوە ناو یەکێتییەک کە زۆر جیاواز بووە لە یەکێتی هەشتاکان لە ڕووی دەسەڵات و ئیدارە و هێزی پێشمەرگە و ڕاگەیاندنەوە، وەڵامی هیچی ئەوانە بەتەواوەتی ناداتەوە و ئەوەشی ئاماژەی پێ دەکات بیانووەکانی زۆر بەهێز نین.

10: کاک مەلا بەختیار زۆر باس لە فیکری چەپ و چەپی دیموکراسی دەکات و زۆر هیوای پێیەتی، بەڵام وەڵامی ئەوەمان ناداتەوە ساڵانێک کەسی باڵادەست و بڕیار بەدەستی ناوچەکە بووە بۆ بیرۆکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە؟ ڕێگرییەکان چیبوون؟ چۆن ئەو هەموو ساڵە جێبەجێی نەکردووە و ڕێگری لێ کراوە ئەم هەر لە پۆست و دەسەڵاتی خۆیدا ماوەتەوە؟ لە لووتکەی دەسەڵاتەوە نەیتوانیبێت فیکرەکانی جێبەجێ بکات ئێستا بەم بێ پۆستی و بێ دەسەڵاتە سیاسییەوە چۆن دەتوانێت چەپی دیموکراسی جێبەجێ بکات.

دواجار حەز دەکەم ئەوەش بڵێم مەلا بەختیار جیاواز لە زۆرێک لە سەرکردەکانی حیزبەکەی، گەنجینەی مێژوو و ئەرشیفی ڕووداو و بەسەرهات و چالاکی و داستان و شەهیدەکانی یەکێتی و کۆمەڵەیە، زانیاری وردی لایە و بەردەوامیش شتی تازە دەخاتە ڕوو، بمانەوێ و نەماوێ ناتوانرێت پەراوێز بخرێت و وە لابنرێت، هەر بۆیە هەر جارە و بە بڵاوکردنەوەی کتێبێکی ڕووداوێک دروست دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×