حكومەتی هەرێم: بانكێكی دیكە بەشداری لە پڕۆژەی هەژمارەی من دەكات
  2024-03-11       623       

حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەبەردەوامی پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ موچەخۆران دەكاتەوەو دەڵێت، بانکی ئیسلامیی عێراق دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی تر کە بەشداری لە پرۆژەكە دەكات.

ئاوێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB - Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات، شانبەشانی بانکە بەشداربوەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی (BBAC, Cihan, NBI،RT).

حكومەتی هەرێم پێشبینی كردوە "تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری (لە پرۆژەكە) بکەن."

ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروست کراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون و وتوشیەتی"هاوبەشیی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بانکەکان، بوەتە هۆی زیادبونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تۆمارکردنی موچەجۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بەردەوامە لە درێژەدان بە پلانی خۆی کە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن موچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار بکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆران."

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی كردوە کە "هاوبەشی لەگەڵ بانکە بەشداربوەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتوەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×