وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە كۆتایی بە دۆسیەی هاوردەكردنی بەنزین بهێنن، ئەوەش لەسایەی ئەو ئاڕاستەیەی كە لەناوخۆ هەیە بۆ زیادكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.
ئاوێنە: حسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، خودبژێویی لەپەیوەست بە بەرهەمە نەوتییەكانەوەو كۆتاییهێنان بە هاوردەكردنیان، بەندە بە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە پاوڵاگە نیشتمانییەكانەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، وەزارەتەكەیان پلانێكی داناوە كە سەقفێكی زەمەنی لەخۆدەگرێت بۆ كۆتاییهێنان بە هاوردەكردنی بەرهەم نەوتییەكان و تەواوكردنی رێكارەكانی پاڵاوگەكان.
بەقسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەداوی كەوتنە كاری پاڵاوگەی كەربەلا، هاوردەكردنی بەنزین بۆ نزیكەی 7 ملیۆن لیتر كەمبۆتەوە كە بەرلەوە عێراق 14 ملیۆن لیتری هاوردە دەكردو هەروەها كۆتایی بە هاوردەكردنی بەرهەمی زەیتی غازو نەوتی سپی هێنراوە ئەوەش دوای ئەوەی پاڵاوگە نەوتییەكان لەوڕوەوە گەیشتونەتە ئاستی خودبژێوی.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەئێستادا لە بەرهەمە نەوتییەكان تەنیا بەنزین ماوەتەوە كە هاوردە دەكرێت و لەدوای كەوتنە كاری پاڵاوگەی باكور بە توانای بەرهەمهێنانی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوا هاوردەكردنی بەنزینی ئۆكتان بەرز بە نزیكەی سێ ملیۆن لیتر دادەبەزێت و بەوەش جێگەی سێ ملیۆن لیتر بەنزینی هاوردەكراو دەگرێتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە لە بەنزینی هاوردەكراو بۆ ئەمساڵ تەنیا چوار ملیۆن لیتر دەمێنێتەوەو وەزارەتەكەیان جددیە بۆ كۆتاییهێنان بەو بڕەش تا سەرەتای ساڵی 2025.
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت، هاوردەكردنی بەرهەم نەوتییەكان زۆر لەسەر دارایی دەوڵەت دەكەوێت و لە دۆخە ئاساییەكاندا ساڵانە بڕی چوار ملیارو 500 ملیۆن دۆلار تێچویەتی.