دۆستی گیاندار !
  2024-03-15     

چیرۆکی : نەوزاد بەندی 

 

وەک ئەوەی بواری نەبێ قژی دابێنێ ، سەرنجێکی سەعاتەکەی دا و .. بەخۆی ووت : کات بەشم ناکات ..

ئەو کە زیاد لە ڕادەی پێویست پیاو چاک بوو ، کاتێ لە سوپەر مارکێتەکە پارچەیەک هۆتدۆگی کڕی ، بە کاشێرییەکەی ووت : ( چی بکەم ؟ بۆ پشیلەکانی گەڕەک ئەیکڕم ..واتا پشیلە بێ ساحێبەکان ، ناکرێ خۆمان تێر بین و ئەوان برسی ! )

کاشێرییەکە تاقەتی گوێلێگرتن و دەستخۆشی و ئافەرینی نەبوو ، لە ژێر چاویلکەکەیەوە ووتی : ( 1250 دینار )

ئەو بە کەمچیکڵدانییەوە ، ووتی : بۆچی ؟ خۆ بە 1000 دینار بوو ؟!

ــ وا دیارە ئاگات لە دۆلار نییە ، چۆن فڕیوە  ..

ئەو کە پیاوچاکیی لێ ئەتکا ، بە کاشێرییەکەی ووت : بۆ من هیچی تێ ناچێ و تەنانەت ماڵ و مناڵیشم برسی نابن ئەگەر ئەم هۆتدۆگە بگەڕێنمەوە بۆ ناو بەفرگرەکەتان ، بەڵام لایەنی مرۆڤایەتی و ئاینییم ئازارم ئەدەن ..ڕێگریم لێ ئەکەن ..ناکرێ خۆم لەماڵەوە دوو سێ جۆر خواردن بخۆم کەچی پشیلەکانی گەڕەک ـــ

کاشێرییەکە پێی بڕی : بەڕێزەکەم !  نرخەکەی بەو جۆرەیە ، ئیتر ئەیدەی بە پشیلە یان ئەیدەی بە مشک ، ئەوە ئارەزووی خۆتە ، من کێشەی سوور بوونەوەی گەدەم هەیە و ئازارم هەیە ، تکایه خۆت یەکلایی بکەرەوە ..زۆر دەنگم دەرمەهێنە ..

ئەو پیاوێکی نمرە یەک بوو ، بەوپەڕیی لەخۆبوردنەوە 1500 دیناری دەرهێنا و .. ووتی : کێشەم نییە ، ئەگەر ووردەیشت لەلا نییە ، 250 دینارەکەیشم ناوێ !

ــ لا حەولە وە لاقوەتە ئیلا بیلا .. براکەم ها ئەوە 250 دینارەکەت ..ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو باس ئەکرا .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل .. 

لە گەڕەکدا زۆر بە بڕوا  و خۆنەویستی و ئەو جۆرە شتانەوە ئەڕۆیشت .. پشیلەکان کە ئەیانبینی ، بە ڕاکردن بەرەو لای ئەهاتن .. ئەم ماراسۆنی پشیلەیە ، هەستی شانازیی ئەگەیاندە لووتکە ...دڵنیا بوو ئێستا خوا تەماشای ئەکا و کەیفی بەو دڵ و دەروونە پڕ لە بەزەییەی دێ ، بە فریشتەکان ئەڵێ ئادەی بۆی دروستکەن کۆشک وسەرا ، خەدەم و حەشەم ..بادە و شیر و شەرابی هەزار ڕەنگ و هەزار تام ..لە پلەی  ئەولیا و شت داینێن .. خۆی دەهاتە بەرچاو لە شێوەی ئەولیادا ، باڵایەکی بەرز ، کەوا و سەڵتەیەکی سپی ، ڕیشێکی درێژی وەک ئاوریشم ، ڕەشی قەترانیی ..دوو برۆی وەک کەوان ، دووچاوی وەک ژێر پیاڵە ، تەوێڵێکی گەش و ڕوناک  ، بەو دیمەنە موچڕکە بە گیانیا ئەهات ، جۆرە شەرمێکیش دایدەگرت ..

   هەستی ئەکرد کەسێکی زۆر تایبەتە ، کە خەمی هەموو بێ زمانەکانی هەڵگرتووە ، بەڵام کاتێ لەبەردەرگای خۆیان ، هۆتدۆگەکانی بۆ پشیلەکان دادەنا ، ست سەلمای دراوسێیان ، دەنگی لێ بەرزبۆوە : 

ــ جەمشیرە فەنی بەندەی خوا  ، وەڵاهی ژیانمان نەماوە لەدەست ئەم پشیلانە ، هەموو ناو باخ و ئینجانەکانمان پیسایی پشیلە دایپۆشیون ، ڕۆح و گیانمان هاتە دەرەوە ..!

 

وەک شاعیرێک کە بەو پەڕی ڕۆمانسیەت و بڕوا بەخۆ بوونەوە لە نێوان دوو کۆپلەدا ، تەماشایەکی جەماوەرەکەی ئەکات ، بەو جۆرە تەماشایەکی ست سەلمای کرد و ..وەڵامی دایەوە :

ـــ سەلما خانم ، ئەوە چ پەیوەندیی به منەوە هەیە ؟ 

 

ـــ ئێ تۆ خواردنی تایبەتیان بۆ دادەنێی ، پشیلەی کۆڵانەکانی تریش دێن بۆ ئێرە .. ئێ دوای ئەوەی تۆ تێریان ئەکەی ، دێن لای ئێمە دەست بە ئاو ئەگەیەنن !

 

لە پڕ پێکەنینێک قوڕگی گرت ، خەریک بوو بخنکێ ، کەوتە کۆکە ،  بە پشتا کەوت ، پشیلەکان ترسان ، پەرت و بڵاو و دابەش بوون ..

خێزانی بە پەلە پەرداخێ ئاوی فریا خست ، ئەو کاتە ست سەلما چووبووە ژوورێ و لەبەر خۆیەوە دۆعای لێئەکرد : ڕەببی خنکابێ ..ڕەببی تاسابێ  ..!!

خێزانەکەی ، بە شانازییەوە بۆ مێردەکەی ئەڕوانی ، ناوی لێ نا بوو  ماندێلا .. هەندێ جاریش بە نێڵسۆن بانگی ئەکرد ..

ئەمیش ناوی تێرێزای بۆ ئەو هەڵبژاردبوو .. دوو کەسی زۆر گرنگ بوون بۆ جیهانی گیانداران و پەلەوەر و دار و درەخت ...دایکە تێرێزا  و نێڵسۆن ماندێلا ...

پاشماوەی برنج و نانەڕەقەی سفرەکەیان نەدەکردە ناو تەنەکەی خۆڵ ، لە بەردەرگا ئەیانتەکاند ، بۆ ئەوەی مریشک و کوکوختی و چۆلەکە و کۆترە باریکە لێی بخۆن ..هەرچی ئێسقانی مەڕ و مریشک و بزن و قاز و قەلە ، چاک چاک ئەیانکڕاندنەوە ، جا ئێسقانەکانیان له پێش ماڵەکەیان بڵاو ئەکردەوە ، ئەی چۆن بڵاوی نەکەنەوە ؟ تۆ بڵێی هەروا بە ئاسانی پشیلە و سەگی بەرەڵڵایان لە یاد بچێ ؟ نەخێر ..هەزار جار نەخێر ..

ست سەلما لووتی زۆر هەستەوەر بوو ، بۆی دەرکەوت کۆڵانەکەیان بۆگەنی کردووە و ناکرێ لەوە زیاتر بوار بەو دوو شێتە بدرێ کۆڵانەکەیان بشێوێنن .. 

بە مەسنجەر نامەیەکی بۆ گوڵبەن خانی ژنی سەعدونی خەیات نارد ، نامەکە زۆر درێژ بوو ئەمە بەشێکێتی : ( کێشەی دراوسێیەتی ئەوەیە ، ئەگەر دانەیەکیان بۆگەن بێ ،ئەبێ ئەوانی تریش پڕ لووتەکانیان بکەن لە بۆگەناو ، چونکە پێکەوەن ..

جەمشیری بەندەی خوا و ژنەکەی ناخۆشیان کردووە ، کۆڵانیان پڕ کردووە لە سەگ وپشیلەی بەرەڵڵا ..پاشماوەی خواردنی ترشاویش لەولاوە ڕاوەستێ ..وام لێهاتووە هەفتەی دوو ڕۆژ لە ماڵ ئەمێنینەوە ، لە ماڵی باوکم و براکانم دامانکوتیوە ، ئێ ئەوەیش ڕاست نییە ، بە تایبەت ئێمە بەرەو مۆدێرنی و ئەوروپایی ئەڕۆین ، مەعقول نییە لە ماڵە برا و خوشک دایکوتی ... )

گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات هیچ لەو نامەیەی ست سەلما  تێ نەگەیشتبوو ، هەر بۆیە نوسیبووی : ( pardon  ) ئەم پاڕدۆنە لە ئەستانبوڵ فێر بوو بوو   ..

سەلما خان نەیزانی پاڕدۆن چییە ، هەستی کرد گاڵتەی پێکردووە ، بۆیە یەک لایەنانە پەیوەندیی لەگەڵ گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات بڕی ، تەنانەت بڕیاری دا لە جەژنیشا  نە خۆی ، نە ڕەشیداغای خۆشخۆری مێردی نەچنە ماڵی ..

هەڵبەت کەش و هەوای زستان لەناکاو گۆڕانکاریی تێ ئەکەوێ ، نزمە پاڵەپەستۆیەک لە سیبیریاوە ووڵات و شارەکەی جەمشیری بەندەی خوا  یان نێڵسۆن ماندێلای گرتەوە و ..پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دابەزین ..

 

لەگەڵ تێرێزای هاوسەریدا زۆر خەمیان بۆ پشیلە و سەگە بەرەڵاکان ئەخوارد ..خەمیان بۆ کۆتر و زیکزیکە و مێروولە و مارمێلکە و هەموو ڕۆح لەبەرێک ئەخوارد ، بەڵام سەرماکە هی ئەوە نەبوو بڕۆنە بەردەرگا و پاشماوەی خواردن بۆ ئەو بوونەوەرانەی خوا فڕێ بدەن .. هەڵبەت لەسەر بەرماڵ بە دوور و درێژیی داوایان لە خوا ئەکرد ، لەلایەک لە کەمتەرخەمی ئەمان ببوورێ و ..لەلایەکی تریشەوە بێت بە هانای گیاندار و دار و درەخت  و تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکانیشەوە  ..

کوڕەکەیان کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو ، لەو نزایانە بێزار بوو ، قاچێکی کوتا بە زەمینەکەدا و بە ناڕەزاییەوە وتی : ( خوا خۆی ئاگای لە بوونەوەرەکانێتی ، پێویست ناکا ئێوە بیری بخەنەوە ! ) 

ماندێلا و تێرێزا ، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە ، چونکە دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو ، جارێکیش لە تورکیا سنوور داش کرابوو ، تەنها دوو سێ نمرە ، ڤۆلیۆمی دەنگی نزاکانیان دابەزاند ، هەتا کۆڕشی جەمشیری بەندەی خوا  گوێی لێ نەبێ ..

ئەو بەیانییە، لوورە لووری ڕەشەبا لە خەوی هەستاند ، باران و بەفر و ڕەشەبا پێکەوە ، وایان لە جەمشیر کرد هەرچی جلی هەبوو لەبەری بکا ، دوو فانیلە ، سێ بلوس ، دوو چاکەت ، هێلەکێک ، دوو ملپێچ ، پاڵتۆیەک .. کڵاوێکی خوری و شەپقەیەکی چەرم بەسەریدا .. لەگەڵ گوێچکەوانێک .. دوو گۆرەی و دوو تراکسود لە ژێر پانتۆڵە قەیفە قاوەییەکەی..

کە تێرێزا له ڕێڕەوەکەدا ، لە دواوە بانگی کرد ، لەژێر کەڵەکەی جلدا نەیتوانی ئاوڕ بداتەوە ، ناچار سێ خاڵییەکی بۆ کرد و به گۆشەی 180 پێچی کردەوە  ، کەچی تێرێزا هیچ پەیامێکی پێ نەبوو بۆی ، تەنها حەزی ئەکرد بانگی بکا ..زۆر جاری تریش به بێ ئیش بانگی کرد بوو ..

کە چووە هەیوانەکەوە ، هێرشی ڕەشەبا و بەفر و باران پاڵیان پێوە نا بۆ ژوورەوە ، بەڵام ئەم کۆڵی نەدا ، سەنگەری چۆڵ نەکرد ، به بیر و باوەڕێکی پتەوەوە دڕی به زریانەکە دا ..بەرەو سندوقی پێڵاوەکان ملی نا ، کردیەوە ، پشیلەیەک لەناو خانەی خوارەوە پاڵکەوتبوو ، چاوەکانی ئەبریسکانەوە ، جوڵەی لە خۆی بڕیبوو ، ئەمیش هەستێکی شانازیی زۆر گەورە لەناخیدا سەری کرد ، خەریک بوو لەو هەستەدا نوقووم ئەبوو ، بە هێواشیی بە پشیلەکەی ووت  : بنوو ..بنوو .. بۆ خۆت بحەوێرەوە ، شانست هەبوو هاتیتە ناو سندوقی بەبەزەییترین خانەوادەی هەموو جیهان .. بە درێژایی هەموو چاخ و سەردەمەکان ، ماڵێکی وا میهرەبان نەبووە و نییە و نابێ .. بنوو ئازیزم ..!!

جا وەک سەرکردەیەک کە سەرجەم جەنگەکانی سەرکەوتوو بووبێ و لە دەروازەی شارەوە بەرەو پێشوازیی میللەتەکەی هەنگاو بنێ ، ئا بەو جۆرە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە ، سەرسمێکی دا ، خۆی بە دەسکی دەرگاکە گرتەوە  ....

نیوەڕۆ ، بەفر و بارانەکەی خستبوو ، بەڵام ڕەشەباکە بەهێزتر بوو ، لە فەرمانگە هاتەوە ، پێڵاوەکانی خستە ناو سندوقی پێڵاو ، تەماشای کرد پشیلەکە هەر لە شوێنی خۆیدایە .. نوشتایەوە و بۆی ڕوانی ، بۆی دەرکەوت گیانی تێدا نەماوە ...ڕەق بۆتەوە .. هەوڵی داوە لە ژێر پێڵاوەکاندا گەرمیی و هەلێکی تر بۆ ژیان بدۆزێتەوە ، نەیدۆزیوەتەوە .. خۆی خشاندووە لە پێڵاوەکان ، مووی سک و ملی بە پێڵاوەکانەوە نوسا بوون ...

گریانێک قوڕگی گرت .. تۆ بڕوانە ، لەو هەموو کۆشک و باڵەخانە چۆڵەی ئەم ووڵاتە ، لە کاتێکدا گیانداران لە سەرماندا ڕەق ئەبنەوە .. نابێ لەو شەوە ساردانەدا دەرگا لە گیانداران بکەیتەوە ، نەک ماڵەکەت گڵاو بێ ..نەک پێت بڵێن شێت  ..ئەمە چ بار و دۆخێکە ؟ لە کاتێکدا ئەم خۆی ، چەندین ژووری هەیە ،  هیچ ئیشی پێیان نییە و ئاژەڵدۆستیشە  ، نەئەکرا ئەم پشیلەیه بۆ ماوەی شەوێک لە یەکێک لەو ژوورانەدا میونداریی لێ بکرایه ؟؟

تێرێزا لە دەنگی گریانی ماندێلا هاتە هەیوانەکە : ( ئۆی ! نێڵسۆنی ئازیز .. بەسە بەس .. دڵت بەرەگە ناگرێ .. تکایە ! وا دیارە ئەو پشیلەیە خۆی لە بنەڕەتدا نەخۆش بووە یان کێ ناڵێ دەر و دراوسێ ژەهرخواردیان نەکردبێ ؟! ..)

کاتێکیش لەو بار و دۆخە سارد و سڕەدا ، بە ئەرکی مرۆڤایەتیی خۆیان هەستان و .. پشیلەکەیان خستە نایلۆنێک و لە قەراغی گەڕەکەکەیان ، لای تەنەکەی خۆڵێکدا دایاننا ، هەستی ئاژەڵدۆستیی ومرۆڤایەتیی لە ناخیاندا گەیشتە چڵەپۆپە .. ئەمانە ئیتر تا مانگێکی تر بۆ خزم و دۆست و تەنانەت نەناسیاوەکانیشیان باسی ئەوەیان ئەکرد چۆن چۆنی لەو ڕۆژە ساردەدا ، لەناو نایلۆنێکی تایبەتدا ، پشیلەکەیان پێچاوەتەوە و ..چەند بە سۆز و بەزەییەوە لای تەنەکەی خۆڵەکەوە ، فڕێیان داوە . ...هەروەها ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو ، باس ئەکرێ  .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×