خۆتان مەگرن ، جارێ نایەت
  2024-03-28     

نەوزاد بەندی

-

تەبعەن نیشانەشکێنانی هەرێم لیستی موچەی مانگی 3 بە تەرفیعەوە ئەنێرن ، بەغایش دوای دوو هەفتە وەفدێ ئەنێرێ ئەڵێ :

ئەمە چییە ئەم ئیسرافە ؟

وا ئەزانن قولەی قافە ؟

 

ئەمانیش ئەڵێن :

بە تەرفیعەوە خۆشترێکە ..

هەمووی پارەی حوشترێکە ..

 

دوای سێ  هەفتە بەغا ئەڵێ:

 خوشک و مریشکتان دەردێنم  ئەگەر تەرفیعەکەی لێ نەکەنەوە ..

 

سەرۆکی ئیقلیم قاچ ئەکوتێ بە عەرزاو ئەڵێ:

 بێ تەرفیع تەعەدایە  

میللەت لە دڵمانایە..

 

میللەتیش هاواری لێ بەرزئەبێتەوە ، ئەڵێ:

 براکەم تەرفیعمان ناوێ 

   مردین بۆ نان و ئاوێ 

 

بەغا ئەڵێ :

خەزێنەی دەوڵەت بۆشە 

ئێوەیش وەزعتان ناخۆشە

 

سەرۆکحیزبێکی موعارەزە ، بە خۆی و پۆشاکێکی گرانبەهاوە ، تازە لە گەرماو و ماکیاج و مەساج هاتۆتەوە ، هەڵمی لێ هەڵئەسێ ، خۆی تووڕە کردووە ئەڵێ :

 

ئەناحە ناحە ناحە

ئەو میللەتە گوناحە

 

وەزیری کاربەڕێکەری قیتار و میترۆی هەرێم تووڕە ئەبێ و بەیاننامەیەکی حەوت لاپەڕەیی ئەنێرێ بۆ موسڵ ، تیایدا بەم دێڕە دەست پێ ئەکا : 

ئێمه به چی تێ ئەگەن ؟

ئەی ئێوە کەی پێ ئەگەن ؟ 

 

ڕابەرێکی ئیسلامیی زۆر گرنگ ، بە خۆی و ڕیشێکی ماش و برنجی و ساقۆیەکی میلدارەوە ، زۆر بە هێواشی و بە پێکەنینەوە ئەڵێ : 

 

ناردنی قەوائیم بە تەرفیعەوە

چۆن قبوڵ ئەکرێ لەلای شیعەوە ؟

ئێمەیش هاوخەمین لەگەڵ خەڵکیدا ،

بە دڵێکی موتیع و زۆر واسیعەوە .. 

 

کوتلەی سەدر دێتە سەر خەت و ئەڵێ :

 

ئێمە حەز ناکەین وا بێ ..

دە با وا نەبێ وا بێ ..

 

پاقلە فرۆش و حەواسڵی مریشک فرۆشەکان مان ئەگرن  ..ئەو خەیاتانەی کە تەنها کاوبۆ قارس ئەکەن ، بایکۆت ئەکەن و موزەکەرەیەک ئەدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان ..مامۆستای ناڕازی هەڕەشە لە دار و بەرد ئەکەن ، سێ چوار دارلاستیک بەدەست ، حەوت هەشتێکیان لێ ئەپێچنەوە ..لوقمە قازی فرۆشێک سوێند و قورعان ئەخوا لە بەیانییەوە کیلۆیەک لوقمەقازی فرۆشتوە ئەویش بە نیوەقیمەت و  بە نەخۆشێکی شەکرە .. لفکە فرۆشێک لە کەناڵێکی فەرمییەوە ئەڵێ نازانم من ڕزقم نەماوە ، یان خەڵک گەڕ بوون ..

پەڕەمێز فرۆشێک بە قەتار و ئەڵڵاوەسییەوە ، تێکچوونی خۆی ڕائەگەیەنێ ..کۆمەڵێ تەلەبە هەر لە خۆیانەوە مەکتەبێ ئەسووتێنن ..جومله فرۆشێک سەروحەج جڕتێ بۆ کابینەی حکومیی ئەکێشێ .. کۆمەڵێک ژن داوای تەڵاق ئەکەن .. ڕەباعێکی دەولیی هەرچی ئاسن و ئیسپرینگ و دۆمبەڵانسی هەیە ، هەڕاجیان ئەکا و کەسیش لێی ناکڕێ ..مەلایەکی 12 عیلم بە سەرخۆشیی ، لە مینبەرا ئەگیرێ .. کۆمۆنیستێکی دایک و باوک کۆمۆنیستی و پور و نەنک مولحید ، ئەچێ بۆ عەمرە و بە سیواکێکی بە قەدەر شمشێرەکەی حەزرەتی عەلییەوە دێتەوە .. دوو کافێ ، نێرگەلەکانیان ئەکەن بە خێری مەولوی پێغەمبەر ،بەغا بینێرێ .. نانەقەیسی فرۆشێک یەک دنیا جنێو به کوردو کوردستان ئەدا .. بانگخوازێ بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە باس لە خێزانێ ئەکا یەک مەقەڵی خەڵوزیان گەشاندۆتەوە ، کەچی گۆشتیان نەبووە بیخەنە بانی .. خاوەنی سەمونخانەیەک لەناو عەجانەکەدا ، به ڕووتیی لێی پاڵ ئەکەوێ ، ئەڵێ تا بەغا نەینێرێ موجازەفە بە هەویری  ماڵ و مناڵمەوە ناکەم .. کۆمەڵێ خوێندکاری زانکۆ ، مەنجەڵێ نیسکێنەی خەست بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەکوڵێنن .. وەزیری دارایی بە بیجامەیەکی بازەوە لەحزەیەک دەرئەکەوێ و دوای ئەوە کەس نازانێ چووە بۆ کوێ .. قوڵەفڕە فرۆشەکان هەڕەشەی ئەوە ئەکەن ژێر پردەکە گڕ تێ بەردەدەن .. 

 

وەلحاسڵ مانگی 7  ، دوای مەڕاسیمێکی وزاری و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێ میوانی ئیقلیمی و هەنێ ڕەئیس وزەرای خانەنشین بووی ئەفەریقا و نێردەری یو ئێن و برازایەکی جیڤارا ، بە بێ تەرفیع  موچەکە دێت ، نیوەی مۆزەفینی ئەقلیم شێت بوون  و نیوەکەی تریشیان سوێن و قورعان ئەخۆن به قاقەزی بیست و پێنجیی نەبێ وەری نەگرن .

 

ـــ وێنەکە  ، هی دوو سێ حوتن کە لە چاوەڕوانی موچەی مانگی مارتا ، مانگی تەموز بوون بە ماسی زینە ــــ

ئیتر بۆ پێشەوە ..

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×