رێباز حەملان: هەفتەی داهاتو لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكان رادەگەیەنرێت
  2024-03-28       227       

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هەفتەی داهاتو لیستی تەواوكاریی موچە بڵاودەكرێتەوەو هێزە ئەمنییەكان و هەمو ئەوانەی لە لیستەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی داراییدا ناویان نەهاتوە، موچەكانیان وەردەگرن.

ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی وەزیرانی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، دڵنیایی دا لەبارەی دابەشكردنی موچەی هێزە ئەمنییەكان و ئەو شوێنانەی لە لیستی دابەشكردنی موچەدا ناویان نەهاتوە، وتی، هەفتەی داهاتو تەواوكاریی ئەو لیستەی موچە بڵاودەكرێتەوە كە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاوكرایەوە.

رێباز حەملان وتی، هەفتەی داهاتو هێزە ئەمنییەكان و ئەو شوێنانەی ناویان نەهاتوە موچەكانیان وەردەگرن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیستی دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی بڵاوكردەوە بەڵام لیستەكە وادەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و سەرۆكایەتییەكانی تێدا نەبو.

بەگوێرەی لیستەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕۆژی شەممە 30/3/2024 بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی شوبات دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×