قەرزە دەرەكییەكانی عێراق بۆ نزیكەی نۆ ملیار دۆلار كەم دەبێتەوە
  2024-04-09       297       

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە ١٩ ملیار و  ٧٢٩ ملیۆن دۆلار، لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ١٥ ملیار و ٩٧٦ ملیۆن دۆلار، ئەمساڵ گەیشتووەتە هەشت ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی ژمارەی قەرزە دەرەكییەكانی سەر عێراق و كەم بوونەوەی بڕەکەى لە ئەمساڵدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەمجۆرە زانیارى خستەڕوو.

باسم عەوادی ڕایگەیاند، لە ژێر ڕۆشنایی پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەست بە ڕێكخستنی قەرزی دەرەكی و داڕشتنی قەرزی دەرەكی گشتی عێراق، حكومەتى وڵاتەکەمان زنجیرەیەك ڕێكاری جێبەجێكاری گرتەبەر و پرۆژە بڕیاری دارایی پەسەند كرد، كە لە ئەنجامدا بووە هۆی كەمكردنەوەی قەرزی گشتی دەرەكی بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٠٪.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ساڵی ٢٠٢٢ قەرەزەکانى سەر وڵاتەکەمان گەیشتووەتە ١٩ ملیار و  ٧٢٩ ملیۆن دۆلار، لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ١٥ ملیار و ٩٧٦ ملیۆن دۆلار، ئەمساڵ گەیشتووەتە هەشت ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار.

 وتیشى، ئەو هەنگاوە داراییانە، بریتیبوون لە وەستاندنی ژمارەیەك پرۆژەی قەرز كردن بەهۆی بێ بەرهەم بوونیانەوە، هەروەها داڕشتنەوەی هەندێك قەرز و ئاڕاستەكردنیان بە مەبەستى درووست كردنی پڕۆژەی ستراتیژی.

ئەوەشى خستەڕوو، حكومەتى وڵاتەکەمان پرۆسەی دارایی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێكخست، لەوانە قەرزی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆی پێشكەش كرد.

باسى لەوەشکردووە، ئەم هەنگاوانە ڕێگە خۆش دەكەن بۆ زیاتر تێكەڵ بوونی وڵاتەكەمان بە ئابووری نێودەوڵەتی، هەروەها حكومەت ڕێكاری قەرزكردنی بەرهەمدار دەگرێتەبەر، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و پارەداركردنی خزمەتگوزاریی نیشتمانی.

 جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی شەڕەكانی ڕژێمی بەعسەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و زیان گەیاندن بەو وڵاتانە، عێراق تا ئێستاش قەرزی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەداتەوە، قەرزی هەندێك لەو وڵاتانە لە تەواو بوون نزیك بووەتەوە، ئەمەش داهاتێكی زۆر بۆ حكومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×