شارێک بێ ناوەندی شار، سەنتەری شاری سلێمانی بەنمونە ...
  2024-04-14       281       

زامۆئا داراغا

 

هیچ کاتێک وەک ئێستا ناوەندی شاری سلێمانی کە بە ( بەردەرکی سەرا ) ناسراوە، ئەوەندە وێران و ناشرین و بێ نەزم نەبووە .

 

لە سەرەتای دروستکردنی شاری سلێمانی لە لایەن میرنیشینی بابان و حوکمکردنی عوسمانیەکان و داگیرکردنی بەریتانییەکان و دروست بوونی دەوڵەتی مەلیکی عێراق و هاتنی سیستمی کۆماری تا حوکمی ڕژێمی بەعسی فاشی، ناوەندی شاری سلێمانی فەرامۆش و پشتگوێ نەخراوە، هەمیشە لە گۆڕانکاریدا بووە بە پێی سەردەمەکە و گەورەبوونی شارەکە .

ناوەندی شاری سلێمانی ( بەردەرکی سەرا ) هەمیشە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ خەڵکی شارەکە، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە چالاکیە کولتوری و سیاسی و ئابورییەکانی شارەکەدا، زۆربەی ڕووداوە گرنگەکانی شار لەوێوە ڕوویان داوە، هەمیشە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کەوای کردوە ( بیرەوەری هاوبەشی ) لە نێوان خەڵکەکەدا دروست بکات و ببێت بە بەشێکی گرنگ لە نێو مێژووی شارەکە، لە هەمان کاتدا بەردەرکی سەرا فەزایەکی گشتی بووە بۆ کۆبوونەوە و یەکتربینین و بەسەربردنی کات و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان خەڵکی شارەکەدا .

ناوەندی شار گرنگترین ڕەگەزی پێکهاتەی شارە ، کە هەموو شەقامەکانی شار دەبەستێتەوە بە خۆیەوە، واتە دەبێتە چەقی بەستنەوەی هەموو گەرەکەکان و شوێنەکانی تری نێو شارەکە، لە هەمان کاتدا زۆرترین خزمەتگوزاری لە خۆدەگرێت بەو پێیەی کە ناوەندی شار شوێنێکە بۆ هەموو خەڵکی شارەکە، بەبێ جیاوازی لە چینایەتی و بیر و باوەڕ، کە ئەبێت بە شوناسێک بۆ شار بە گشتی لە ڕێگەی ئەو چالاکیانەوە کە ڕۆژانە ئەنجامدەدرێت .

ماستەرپلانی شار وە بە تایبەتی ناوەندی شار ( سەنتەری شار ) پڕۆژە نییە، خاڵی دەستپێک و خاڵی کۆتای هەبێ، بەڵکو ( پڕۆسەیە ) وە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی هەیە کە کاریگەری ڕستەوخۆی هەیە بە سیاسەت و ئابووری و کولتور و کۆمەڵایەتی خەڵکەوە، واتە ئەم پرۆسەیە ( ماستەرپلانی شار ) هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە بۆ گەورەکردن و پێشەوە چوونی شار بە پێی زیاد بوونی دانیشتوان و گەورە بوونی شارەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابووری و پێشکەوتنی ئاستی زانستی خەڵکەکەوە .

نەخشەسازی شار تێکەڵەیەکە لە هونەر و زانست و ژینگە کە لە ڕێگەیەوە ئەتوانرێت شار ڕێکبخرێت لە ڕووی، شوێن، چڕی دانیشتوان، ژینگەی دەستکرد، ژینگەی سروشتی، شەقام، باڵەخانە و مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو فەزا گشتیانە ( بۆشایی ) کە دروستئەکڕێت لە ناو شاردا، وەک ناوەندی شار ( سەنتەری شار ) بە نموونە کە گەورەترین فەزای گشتیە خەڵکی شار لێی کۆدەبێتەوە، لە ئەنجامدا شارێکی زیندوو و ئارام بەخش و دادپەروەدانە دروست دەبێت کە هەمیشە لە پێشکەوتن و نوێ بوونەوەدا ئەبێت .

بەڵام ئەوەی ئێستا بوونی هەیە لە شاری سلێمانی لە ڕاستیدا ( واقعدا ) پێی ناوترێت ناوەندی شار ( سەنتەری شار ) بەڵکو بەردەرکی سەرا بریتیە لە شوێنێکی وێران و ناشرینی پشتگوێخراو تێکەڵەیەکە لە ناڕێکی وبێ زەوقی وە هیچ یاسا و ڕێسا و دیمەنێکی شاربوون و شارستانێتی لە خۆناگرێت بەو پێیەی شاری سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و سیاسی و کولتوریە . لێرەدا ئەتوانم بە چەند خاڵێک ڕوونی بکەمەوە کە لە ئێستادا شاری سلێمانی شارێکە بێ ناوەندی شارە.

1/ باڵەخانەکانی بەردەرکی سەرا .

* باڵەخانەی سەرا کە چەندین ساڵە چۆڵ و هۆڵە بەرەو داڕمان ئەڕوات، داخراوە بە ڕووی خەڵکەوە وە هیچ سیمایەکی زیندووی پێوە دیارنییە .

* باڵەخانەی ڕەشە مۆڵ وەک دیزاینی تەلارسازی هیچ بنەمایەکی هونەری وجوانکاری پێوە دیار نییە، هەروەها بە کەرەستەی ( ئەلیکۆبۆن و شووشە ) ڕووپۆش کراوە، کە هیچ شوناسێکی تەلارسازی شارەکەی پێوە دیار نییە، وەک فۆرمێکی نەگونجاو ( نەشاز ) دەرکەوتووە .

* باڵەخانەی بازاری عەسری لە دوو نهۆم پێکهاتووە، وەک قەبارە و فۆڕم هیچ کاریگەرییەکی نییە  بە هەمان شێوە لە ڕووی تەلارسازیشەوە هیچ گرنگییەکی  هونەری نییە، باڵەخانەکانی پشتەوەی باڵەخانەی بازاری عەسری بە هۆی بەرزی و گەورەیی و ناڕێکیەوە ئەم باڵەخانەیەیان قوتداوە، بە هەمان شێوە دووکانەکانی هەریەکەو شێوازێک ئەنوێنێت لە ڕووی جوانکاری و دیزاینەوە .

* باڵەخانەی هۆتێل مەولەوی بە هەمان شێوە وەک تەنێکی ( نامۆ ) دەردەکەوێت، لە ڕووی تەلارسازیەوە هیچ جوانکارییەکی پێوە دیار نییە، لە هەمان کاتدا  باڵەخانەکە ڕووەکەی ئەکەوێتە سەر شەقامی گۆران، بە تەنیشت و پشتا  ئەڕوانێتە سەر بەردەرکی سەرا، کە ئەمە وایکردوە ئەوەندەی تر فەزای گشتی بەردەرکی سەرا ناشرین تربکات .   

* باڵەخانەی سەر سوچی بەردەرکی سەرا بۆ سەرەتای شەقامی سابوونکەران، لە دوو نهۆم پێکهاتووە ، نهۆمی یەکەم لە چەند دووکانێک پێکهاتووە، نهۆمی دووهەم بەشێکی هۆتێلە و بەشێکی تری گەنجینەیە . 

حکومەتی عێراقی ئەو کاتە لە نێوان ساڵانی ( 1986-1987 ) هەستا بە دروستکردن و نوێ کردنەوەی بەردەرکی سەرا، وەک جوانکاری ڕووپۆشێکیان ( کەڤەرێک ) بۆ پێش ئەم باڵەخانەیە دروستکرد بە ئاسن و کۆنکرێت، بە مەبەستی شاردنەوەی ئەو باڵەخانەیە و پێدانی سیمایەکی جوان بۆ بەردەرکی سەرا بە گشتی .

لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ( 1991 ) ئەم ڕووپۆشە بە شێوەیەکی ناڕێک و ناشرین بە کارئەهێنرێت بۆ هەڵواسینی وێنەی کەسایەتی و وێنەی کۆنی شاری سلێمانی ( ئەم ڕووپۆشە یەکێکە لە هەرە ناشرینییەکانی بەردەرکی سەرا کە لە خوارەوە بە وردتر باسی لێوە ئەکەم ).

 

2/ فولکەی بەردەرکی سەرا.

بە هۆی گۆڕانکاری لەو شەقامانەی کە بە ناو بەردەرکی سەرادا تێدەپەڕیت لە ئێستادا فولکەکە لە کار کەوتووە و کاری پێناکرێت وەک فولکە بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ بەکار ناهێنرێت ، تەنها وەک دیکۆر ماوە فەزای گشتی شوێنەکەی زیاتر ناشرین کردوە، ئەم فەلکەیە ( پێشتر و کەمێ لەولاتر ) لە سەردەمی ئینگلیزەکاندا دروستکراوە .

هیچ گرنگی مێژوویی یان هونەری تەلارسازی نییە و ئایا ناتوانرێت ئەم فولکەیە دەستکاری بکرێت یان هەر لە بنەڕەتدا لاببرێت ؟

3/ ئاڵاکەی کوردستان لە بەردەرکی سەرا .

بەردەرکی سەرا ئەبێ چ پێویستی بە ئاڵای کوردستان هەبێ بە تایبەتی بەو شێوەیە، شوێنی ئاڵاکە زۆر نەگونجاوە وە کەس نایبینێ بە هۆی بەرزیەکەیەوە، ستوونی ( عەمود )ی ئاڵاکە وەک ستوونی ( عەمود )ی ڕووناکی وایە هیچ سەرنچ ڕاکێش نییە .

لە بەردەم باڵەخانەی بازاڕی عەسری لە سەر سوچی شەقامی مەولەوی و شەقامی کاوە، لە بنکەیەکی بەردی مەڵکەنی و ستوونێکی ( عەمودێکی ) دڕیژ پێکهاتووە، لە ڕووی دیزاین و هونەریەوە هیچ  شتێکی تایبەتی لە خۆ نەگرتووە، لە ڕووی فەزای گشتی شوێنەکەوە نەگونجاوە، تەنها شوێنەکەی زیادتر ناشرین کردوە .

 

4/ باخچە و ڕێژەی سەوزاییەکانی بەردەرکی سەرا  .

سێ سەوزایی بوونی هەیە لە ناو بەردەرکی سەرادا .

یەکەم:- حەوشەی بەردەم باڵەخانەی سەرا ، کە زۆر ناشرین و بێ خزمەتە وە لە هەمان کاتدا بە شورایەک تەنراوە کە کەس ناتوانێت بچێتە ناو باخچەکەوە، وە لەدەرەوی ئەو شورایە ئەم باخچەیە دیار نییە واتە بەشێک نییە لە فەزای گشتی بەردەرکی سەرا.

دووهەم:- باخچەی بەردەم ڕەشە مۆل، باخچەیەکی بچکۆلە چەند درەختێکی جۆراوجۆری لێیە بە بەرزی جیاواز کە بە هیچ شێوەیەک نایەتەوە لەگەڵ کۆی دیزاینی بەردەرکی سەرا بە گشتی و باڵەخانەی ڕەشە مۆڵ بە تایبەتی . 

سێ هەم :- چەند سەوزاییەکی کەرت کەرت لە ناو مەیدانی سەرادا کە هیچ سودێکی لێوەرنەگیراوە وە درەختەکان بە شێوەیەک گەورەبوون چیتر ناگونجێت لەگەڵ فەزای گشتی بەردەرکی سەرادا .

بە کۆی گشتی ڕێژەی سەوزایی لە ناو بەردەکی سەرادا کەمە و زۆر بێ نەزم و ناشرینە وە لە هەمان کاتدا خەڵک ناتوانێت سودی لێوەرگرێ، نە وەک سروشتی دەستکرد نە وەک گوڵ و گوڵزار و سێبەر .

 

5/ ستوونی ڕوناکی و ستوونی کێبڵی کارەبا و تاوەری تەلەفۆنی بەردەرکی سەرا.

لە زۆربەی شوێنەکانی بەردەرکی سەرا بەبێ پلان و نەخشەسازی، ستوون و کێبڵی کارەبا و تاوەری تەلەفۆن بوونی هەیە، کە وایکردوە سیمایەکی زۆر ناشرین بدات بە شوێنەکە، بە بێ پلان دانراون لە هەندێ شوێنی بەردەرکی سەرا بووە بە تەنافی جاڵجاڵۆکە، بە هەمان شێوە تاوەری تەلەفۆنەکان بە دەوری بەردەرکی سەرادا تەنراون، سیمایەکی ناشرینی پێبەخشیوە .

ڕووناکی لە بەردەرکی سەرا بوونی نییە وە هیچ ئەژمارێکی زانستی و هونەری  بۆ نەکراوە، بە شەوان زۆر تاریکە کە بووەتە هۆی چۆڵبوونی بەردەرکی سەرا  کە ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە هەڵە گەورەکانی دیزاینکردن .

ڕووناکی بەشێکی گرنگی نەخشەسازی شارە، ڕووناکی زانستە وە بە تایبەتی لە زانکۆکاندا ئەخوێندرێت، هەم وەک ڕووناکردنەوەی شەقامەکان و سەنتەرەکان وە هەم بۆ ڕووناکردنەوەی باڵەخانەکان کە بەپێی گرنگی مێژووی باڵەخانەکان و ژینگەی بەکار هێنانی شوێنەکە .

 

6/ پەیکەرەکانی بەردەرکی سەرا .

یەکێک لە هۆکارەکانی ناشرین بوونی بەردەرکی سەرا لەم ساڵانەی دوایدا، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ( پەیکەرە ) بەبێ گوێدان بە فەزای گشتی و گونجاندنی پەیکەرەکان لەگەڵ شوێنەکاندا، واتە پەیوەندی پەیکەرەکە بە فەزای گشتی بەردەرکی سەرا، هەروەها لە ڕووی کوالیتی و هونەری و بیرۆکەوە پەیکەرەکان هەر زۆر کیچ و بازاڕین، هەندێ لەو پەیکەرانە وەک مەتریاڵ ( ئێکسپایەر ) بوون یان لە ڕووی کوالیتیەوە زۆر خراپبوون، کە شایەنی ئەوەنین لە ناوەندی شاری سلێمانی دابنرێن .

7/ کتێب فرۆشەکانی بەردەرکی سەرا ...

بە پێی ئەوەی ناوەندی شار موڵکی هەموو خەڵکە بەبێ جیاوازی، کەواتە ناکرێت زیادەڕۆیی بکرێتە سەری و بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی، بوونی ئەو کتێب فرۆشانە لە ناوەڕاستی بەردەرکی سەرادا وە بەم شێوە ناشرین بێ نەزمە وای کردوە کە مەیدانەکە بکات بە دووکەرتەوە هەڵدانی چادر و نایلۆن و ڕەفەی ناشرین کاری کردووەتە سەر سیمای بەردەرکی سەرا وە لە هەمانکاتدابەشی پشتەوەی بەردەرکی سەرای شاردووەتەوە، کە بۆ دانیشتن و کات بەسەربردن بەکار دەهێنرێت، فەزای گشتی بەردەرکی سەرای بچوک کردووەتەوە وە کردوویەتی بە بازاڕی دەستگێڕان .

8/ وێنەی فلێکس و ریکلامی فلێکسی بەردەرکی سەرا .

پێشتر لە بەشی باڵەخانەکاندا باسی ئەو باڵەخانەیەمان کرد کە ڕووپۆش کراوە و وێنەیان پیا هەڵواسیووە .

بەباوەڕی من یەکێکە لە هەرە ناشرینەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی، هەم لە ڕووی هونەری، جوانکاری، کوالیتی، بیرۆکە، فۆرم و قەبارەوە . پێکهاتووە لە دە وێنە لەسەر فلێکس چاپ کراوە .

وێنەی یەکەم :-  ریکلام بۆ ئەو کەسەی دیزاین و چاپی وێنەکانی لەسەر ڕووپۆشەکە کردووە، واتە لە پای چاپکردن و هەڵواسینی ئەو وێنانە ئەتوانێت لە ناو بەردەرکی سەرادا ریکلام بۆ خۆی بکات بە بێ بەرامبەر ،

 

وێنەی دووهەم :- وێنەی بەردەمی مزگەوتی گەورەیە ! کە ئەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین بۆ ئەم وێنەیە دانراوە ؟ دووری مزگەوتی گەورە لە بەردەرکی سەراوە 500 مەترە نابێ وە بە دیزاین و ڕەنگی جیاواز لە وێنەی یەکەم  چاپ کراوە .

 

وێنەی سێ هەم :- پاک و خاوێنی شارەکەت بپارێزە ! وەک ئامۆژگاری بۆ خەڵکی شارەکە، ئەم وێنەیە نەهونەرە نە ئامۆژگاریە نە جوانکارییە، بەڵکو ئەمە تەنها نەشارەزای و بێ سەلیقەییە لە بواری ریکلام و دیکۆر و جوانکارییە تەنانەت لە شێوازی هێماکانی ئامۆژگاری و ئاگاداری بۆ هاوڵاتی لە شەقام و شوێنەداخراوەکانێش ناشرین ترە .  

وێنەی چوارهەم :- وێنەی شاعیری گەورە ( پیرەمێرد ) بە خۆی و خەنجەرێکەوە لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای دروست کردنی بەردەرکی سەرا شوێنێک بۆ پەیکەری شاعیری گەورە پیرەمێرد دانراوە، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دیزاینی گشتی بەردەرکی سەرادا .

 

ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە بۆ دووبارە وێنەی شاعیری گەورە پیرەمێرد دادەنێنەوە ؟

 

وێنەی پینجەم :- کۆپلەیەک لە شیعری شاعیر شێخ ڕەزای تاڵەبانی ( لە بیرم دێ سلێمانی دارومولی بابان ............ ) ئەبێ لە خۆمان بپرسین بۆ لە بەردەرکی سەرا بەم گەورەییە ئەم کۆپلە شیعرە نووسراوە ئایا بەڕاستی ئەیەوێت بڵێ چی !! ئێ  سلێمانی لە ساڵی ( 1991 ) حوکمی خۆی ئەکات وە ئەمارەتی بابان لە ساڵی ( 1850 ) وە نەماوە، نەزانین و سەرلێ شێواوی وای کردوە کۆپلەی شیعرێکی شێخ ڕەزای تاڵەبانی شاعیر ببێت بە دیکۆر و جوانکاری بۆ ناوەندی شاری سڵێمانی .

 

وێنەی شەشەم :- وێنەی مەلیک مەحمود بە بڕنەوێک و خەنجەرێک و ڕاست وچەپی گولە بەندرەوە، بە دەستی ڕاستیەوە ( نێرگەلەی ) پێیە، لە تەنیشتی وێنەی پێنجەمەوە نووسراوە دارومولکی بابان کەواتە ئەبووایە وێنەی میرەکانی بابان دابنرایە نەک مەلیک مەحمود !!

لێرەدا ئەبێ دوو بارە بپرسم بۆچی دوو وێنەی مەلیک مەحمود لە بەردەرکی سەرادا هەبێ  وە هەردووکیان بە مادەی فلێکس کراون ئەبێ نهێنیەکەی لە چیا بێت ؟  

وێنەی حەوتەم :- وێنەی شاعیری گەورە ( نالی ) کە هونەرمەند ( بەدیع باباجان ) وەک هێڵکاری کێشاوێت لە بە خەیاڵی خۆی .

نالی شاعیر وێنەی فۆتۆگرافی نییە !! لە خوار وێنەکەوە نووسراوە ( شێرکۆ ) بۆ ریکلام  ژمارەی تەلەفۆن ........... 

ئەی بۆ وێنەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی نەبێ یان سالم، کوردی، قانع یان ..... هتد، لە سەر چ بنەمایەک وێنەی نالی شاعیر دانراوە، بە هەما کوالیتی و دیزاینێکی خراپ .

وێنەی هەشتەم :- وێنەی بەردەرکی سەرا لە ساڵەکانی شەستی سەدەی پێشوودا کە لەو باوەڕەدام ئێستاش خەڵکانێکی زۆر هەن ئەو کاتەیان لە بیرماوە، لە هەمان کاتدا مێژووەکەی دوور نییە وە زۆر گۆڕانکاری گەورەشی بەسەر بەردەرکی سەرادا نەهاتووە، ئێستا ی بەردەرکی سەرا زۆر خراپترە لەو کاتەی کە فۆتۆکەیان تیاچرکاندوە تا ئێمە بێین ئەم وێنەیە هەڵواسین لە ناوەندی شارەکەماندا .

وێنەی نۆهەم :- وێنەی مەیدانی دار و خەڵوزکە، دەبۆکە، بە هەمان شێوەی  وێنەکانی پێشوو، وێنەی بەشێکی تری شاری سلێمانیە بە کوالیتییەکی خراپ و چاپێکی خراپ .

ئەکرێت ئەم وێنانە لە دیواری چاخانەیەک یان  ڕێستۆرانتێک هەڵواسرێت ، بەڵام ناکرێت لە ناوەندی شاردا بەم قەبارە گەورانە هەڵبواسرێت و سیمای گرنگ ترین شوێنی شار ناشرین بکات .

وێنەی دەهەم :- سێبارە وێنەی شاعیری گەورە ( پیرەمێرد لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵەکانی چلەکانی سەدەی ڕابوردوو )  گەر بەدوواچوون بۆ ئەم وێنەیە بکەین ئەبینین کە وێنەکە زۆر جوانتر و کوالیتی ترە لەو چاپە کە دانراوە لە بەردەرکی سەرا . لە هەمان کاتدا هیچ ساڵێک لە بەردەرکی سەرا ئاهەنگی نەورۆز ساز ناکرێت وە ئاگری نەورۆزیش داناگیرسێت .

بەڵام وێنەکە هیچ سیمایەکی نەورۆزیشی پێوە دیار نییە، گەر یەکێک لە پێشتر ئەم وێنەیەی نەبینیبێت ئەوە نازانێت کە ئەو وێنەیە وێنەی ئاهەنگی نەورۆزە .  

بە دڵنیایەوە ئەم کارانە بە ڕەزامەندی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کراوە، دیارە بەڕێوەبەرانی شارەکە ئەم وێنانەیان بەدڵە، چونکە هەر چەند ساڵێک دووبارە چاپی ئەکەنەوە و هەڵی ئەواسنەوە .

بەم شێوەیە ئەم وێنانە کە لە سەر فلێکس چاپکراون دەرگای کردووەتەوە بۆ دانانی چەندین ریکلامی گەورە بە هەمان مادە، کە فەزای گشتی بەردەرکی سەرای داگیر کردوە بۆ نموونە ....

 

ریکلامی فلێکسی سەر هۆتێل مەولەوی .

 

ریکلامی فلێکسی سەر ڕەشە مۆڵ .

ریکلامی فلێکسی سەر باڵەخانەی بازاڕی عەسری .

ریکلامی فلێکسی سەر دیواری باڵەخانەی سەرا بەرامبەر بە ڕەشە مۆڵ .

ئەو ریکلامانی بە سەر سەربانەکانی ئەو باڵەخانانەی دەوروبەری بەردەرکی سەراوە هەڵواسراون .

ئەتوانم بڵێم ناوەندی شاری سلێمانی و هەموو شارەکە داگیر کراوە بە ریکلام لە سەر فلێکس، کە وایکردوە شار ئەوەندەی تر پیسبێت لە ڕووی ژینگەیی و لە ڕووی بینینەوە .

هاووڵاتی لە ماڵەکانیانەوە دێنە دەرەوە بە بەردەوام بەر شتی ناشرین و ژینگەی ناتەندروست دەکەون لە ڕەنگ و فۆڕم و قەبارەی نەشیاو و ناڕێکی و بێ نەزمی باڵەخانە و شەقام و گەڕەک و کۆڵانەکانی شار دەکەون، کە لە کۆتایدا کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر دەروونی هاوڵاتیان بە شێوەیەک لە شێوەکان تووشی ( خەمۆکی و توندوتیژی ئەبێت )  چاویان ڕائەهێنرێت لەسەر فۆڕم و شتی ناشرین و قبوڵ کردنی ناشرینی و ڕازی بوون بە ژیانێک دوور لە ژینگەی تەندروست، ئەمانە هەمووی بەو ئاڕاستەیە ئەڕوات کە خەڵکی شارەکە ( ئینتما و بەرپرسیارێتیان نەمێنێت بۆ شارەکەی خۆیان ) ڕازیبم بەو هەموو ناشرینی و ناڕێکیە کە بەریان ئەکەوێت .  

ناوەندی شاری سلێمانی ( سەنتەری شار ) بە تایبەتی  بەم شێوە ناشرین و ناڕێکی و پیسییە، ئاوێنەی بیرکردنەوە و ڕاو بۆچوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی شارەکەیە، کە خۆی ئەبینێتەوە لە دامودەزگا حکومیەکان و دەسەڵاتی حیزبی و دەوڵەمەند و بازرگانەکانی شارەکە ! ئەتوانین لە ڕێگەی شێوازی ئێستای بەردەرکی سەراوە شیکاری بۆ شێوازی بیرکردنەوەی بەڕێوەبەرانی شارەکە بکەین .

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و پارێزگا و دەسەڵاتی خۆجێیی شار، ناوەندی شاریان بیرچۆوەتەوە وە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، بە جۆرێک بەردەرکی سەرا ناسنامەی خۆی لەدەست داوە لە ڕووی کولتوری و مێژووییەوە، بە شێوەیەک پشتگوێ خراوە کە توانای ئەوەی نەماوە هەڵگری ئەو ناسنامەیەی خۆیبێت وەک شاری سلێمانی بە هۆی ئەو کەم تەرخەمیانەی کە کراوە لەم سی ساڵەی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیدا بەرامبەر بە ناوەندی شار بە تایبەتی و گشت شارەکە بە گشتی .  

کێشەکە تەنها لەوەدا نییە کە ناتوانن نوێی بکەنەوە یان نۆژەنی بکەنەوە بەڵکو توانا و دەسەڵاتیشیان نییە کە ڕێگری بکەن لەو ناشرینی و ناڕێکیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە . 

دەسەڵاتە حیزبیەکانیش لەسەر ڕاسپاردەی خۆیان چەندین پەیکەر و وێنەی کەسایەتی و کادرانی حیزبی داناوە و هاوکاربوون لە ناشرین کردنی شار و ناوەندی شار .      

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی حیزبی گەورەترین دەسەڵاتە لە ناو شارەکەدا، ئەوانیش بە هەمان شێوە ناوەندی شاریان لە بیر کردوە، ئەوەندەی خەریکی بازرگانی خۆیانن، ئەوەندە ئاگاداری شاریان نەماون، خەریکی ڕازاندنەوەی بارەگاکان و شوێنی نیشتەجێبوونەکانیانن لە باخ و ڤێلا و سیتیەکانیاندا، کە لەو باوەڕەدام بە دەگمەن بەرپرسێکی حیزبی بە پیادە ڕێی بکەوێتە بەردەرکی سەرا و ئاگاداری ئەو وێرانی و ناشرینیە بێت . 

دەوڵەمەند و بازرگانەکانیش، ناوەندی شاریان وازلێهێناوە و چوونەتە دەرەوی شار، بە دروست کردنی  شاری نیشتەجێبوونی ( سیتی ) مۆدێرن لە ڕووی تەلارسازی، سەوزایی، ڕووناکی، بازاڕ، ڕێستۆرانت، شوێنی حەوانەوە، خزمەتگوزاری و ئاسایش و ئارامی، خۆیان خەریک کردووە شاریان پشتگوێ خستووە .

بەم شێوەیە شار بووە بە دوو بەشەوە بەشی هەژارەکان و پەراوێزخراوەکان و بەشی دەوڵەمەندەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری ئابووری تێدانەماوە بەرەو لەتبوون ئەڕوات ناوەندی شار بەرەو داڕووخان و پیسبوون ئەڕوات لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگەی نێشتەجێبووەکان ( سیتیەکان ) بەرەو گەورەیی و زۆربوون ئەڕوات. 

        

تێبینی :- لە  نێوان ساڵانی (  1986-1987 ) بە سەرپەرشتی کارگێڕی خۆجێییی ( ئیدارەی محەلی ) ناوەندی شاری سلێمانی بەردەرکی سەرا فراوانکرا،  دیزاینەکەی ئەندازیار ( عومەر مەحوی ) کردوویەتی .

دیزاینی ڕووپۆشی ( کەڤەر ) باڵەخانەکە کۆچکردوو ئەندازیار ( حەمە جلال ) کردوویەتی .

ئەو دوو پەیکەرەی کە لەناو دیزاینەکەدا دانراون هونەرمەند ( دارا حەمە سەعی ) کردوویەتی .

کارەکان بە سەرپەرشتی ئەندازیار ( شیروان مەهدی ) کراون، لە ڕێکەوتی ( 03.11.1987 ) تەواوبووە کە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی پارێزگا ناسرابوو.

* ئامانج لە دیزاینی شار لە بنەڕەتدا دروست کردنی پەیوەندیە لە نێوان خەڵک و شوێندا، دیزاینی شار، پەنا ئەباتە بەر کۆمەڵناسی، کولتور، جوگرافیای شار، زانستی زیرەک، زانستی کۆمەڵایەتی، زانستە سروشتیەکان، دەروونناسی، یاسا، دادپەروەری، ڕامیاری، ئابووری، ئایینی، فەزای گشتی، خزمەتگوزاری، پەیوەندی و گەیاندن، بۆ دروستکردنی شارێکی جوان و تەندروست و ئارام .

* پەیکەرەکەی پیرەمێرد کە هونەرمەند دارا حەمە سەعی کردبووی بە فەرمانی ڕژێمی بەعسی فاشی بە دیوارێک شاردیانەوە، لە کاتی ڕاپەڕیندا دیوارەکەیان لابرد .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×