شیعری بڵاو نەکراوەی هێمن
  2024-04-19     

ناسری حسامی

 

دوێنێ چەند دێر شیعری بڵاو نەکراوەی مام هێمنم بڵاو کردەوە. ژمارەیەک لە دۆستان گومانیان لەوە هەبوو ئەوانە شیعری هێمن بن. هەوڵ دەدەم بۆچوونی خۆم شی بکەمەوە. یەکیان ئەوەیە:

دژمنی جوان

لەنێو گوڵان دانیشت و ون بوو لە من

ئەو گوڵانەم لێ بوونە دێو و دژمن

.

لێقەومانت گەیشتۆتە ئەوپەڕی

شتی جوانیش بوونە دژمنت هێمن

یارەکەی لە نێو گوڵان دانیشتووە و لە چاوی شاعیر ون بووە. لەو کاتەوە شاعیرگوڵی لێ دەبێتە دێو و دژمن، چونکە یارەکەی لە چاوی ئەو شاردووەتەوە. گوڵ لێی دەبێتە دڕووی مەم و زینان. ئیدی لێقەومان لەوە زیاتر نابێ کە شتێکی جوانی وەک گوڵیش لێت ببێتە دژمن.

بولبولی چی، پەروانەی چی، ئینسانم

منم مــــانای خۆشەویستی دەزانم

ئەم دەناڵێ، ئەو دەسووتێ بڕاوە

من دەمێنم، من تووشی دەرد و ژانم

دەزانین لە ئەدەبی کلاسیکدا زۆر باسی شەیدایی پەروانە دەکرێ کە هەتا دەسووتێ لە دەوری دڵداری خۆی، واتە لە دەوری مۆم دەگەڕێ و بولبولیش هەمیشە ناڵەی دێ و بۆ گوڵ دەخوێنێ. شاعیر دەڵێ، ئەوە منم، منی ئینسان کە مانای خۆشەویستی دەزانم. پەروانە دەسووتێ و ئیدی ڕەنج و ئازاری کۆتایی پێ دێ. بولبول دەناڵێنێ و هیچی دیکە، لە سەر دڵدارییەکەی ئازاری دیکە نابینێ. ئەوە تەنیا منم، تەنیا مرۆڤە کە بە عیشقەوە دەژی و دەمێنێ و هەتا زیندوو بێ هەر لەسەر عیشق و دڵداری ئازار و ڕەنج دەبینێ. ئەوە هەر ئەو شتەیە کە هێمن لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا پێی دەڵێ "شیوەنی ئینسانی".

ئەوە تایبەتمەندیی هێمنە کە بە زمانی سادە وێنەی شیعری دەخوڵقێنێ. زمانی ئەو شیعرەی تازە بڵاوکراوەتەوە، بەراورد بکەن لە گەڵ ئەو دوو نموونەیە کە لە دیوانەکانی مام هێمندا چاپ کراون:

...

وەڵامی دامەوە بولبول

بە شێنەیی، بە کاوەخۆ

گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ

کە سیس بووە. دەزانی بۆ؟

ئەو عومرێکی رابواردووە

پشکووتووە جا سیس بووە.

.

چوومە لای دوکتۆر و گوتی

نەخۆشی دەردەکەت سەختە

گوتم: تۆ پێت وایە دەمرم؟

بەداخەوە، گوتی: وەختە.

.

زمان و وێنەی شیعری و دەربڕین، لەو شیعرە تازەیەدا، ئەگەر پتەوتر، پوختەتر و پێگەیشتووتر لەو دوو نموونەیەی سەرەوە نەبێ، لاوازتر نییە. بە بڕوای من دوو نموونە تازەکە، لە شیعرە جوانەکانی مام هێمنن. هەر شاعیرێکی دیکە توانیبای شیعری ئاوا بنووسێ، گومناو نەدەمایەوە. کەسێک توانایی ئەوەی هەبێ شیعری وا بنووسێ، تا ئێستا نەدەناسرا؟

.

ئەم بەیانییە دیتم کاک مەلا سمایل نوورەدینی، کە شیعرەکەم لە لاپەڕەی ئەو وەرگرتبوو، وێنەی دەسخەتی مام هێمنی داناوە و ئەو ڕوونکردنەوەیەشی لە بابەت دەسخەتەکە نووسیوە:

"بەڕێز عەبدوڵڵا ساڵح، ناسراو بە "مامۆستا عەبدەی قەڵادزێ" کە ئێستا لە وڵاتی بەڕیتانیا نیشتەجێیە نامیلکەیەکی بە ناوونیشانی "شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە- کۆمەڵێ شێعری مامۆستا هێمن" بەدەستوخەتی خۆی بەچاپ گەیاندووە کە ئەو شێعرەشی تێدایە.

چیرۆکی ئەوەش کە چۆن ئەو شێعرانە لەکن مامۆستا عەبدوڵڵا ساڵح بوون بەمجۆرە یە:

ساڵی ١٩٧٩ دووای لەنێوچونی ڕژێمی شا لە ئێران و سەرکەوتنی شۆڕشەکە وابوو مامۆستا هێمن کە لە بەغدا ژیانی بەسەر دەبرد گەڕایەوە ڕۆژهەڵات، بە ئۆردووگای بەستەستێنی پشتدەر دا و لەگەڵ کاروانچی، جا مامۆستا عبداڵڵە ساڵح کە پێشتر دۆستایەتیی لەگەڵ مامۆستا هێمن هەبووە دەچێتە لای و {هێمن} ئەو کۆمەڵە شێعرەی وەک ئەمانەت دەداتە دەست."

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×