2019-09-06   2931     
کامەران قازی
کوردەواری و کوردایەتی
بەدەر لە
سیاسەتی حیزبەکانی کوردستان، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد ( ئەدیبانیش هەر
هونەرمەندن) ڕوونتر، فراونتر و بەماناتر، توانیویانە ئەم تێگەیشتن و دەلالەتە دەرببڕن و خزمەتی بکەن، بە جۆرێک ئەگەر
هونەرمەندان فریای زمان، بەتایبەتی و کلتوری کوردی بە گشتی نەکەوتبان، ئەوا
چارەنووسی کلتورەکە بەدەست حیزبەکانەوە، دەبووە دەوارە شڕی دەم ڕەشەبای ناکۆکیە
بەکۆتایی نەهاتووەکەی ئەوان.
کوردایەتی
وشەیەکە داهێنراوی ئەو سیاسەتە ناکۆکیخوازەی حیزبەکانە کە هەر لە یەکەم ڕۆژی
دروستبوونیانەوە، ئەم وشەیەیان لە لاشەی ئەسڵەکە کە (کوردەواری) یە، دابڕی و
بەبەرخۆیاندا بڕی و کردیانە وێردی سەر زمانیان و پاساوی هەموو تێکشکانەکانیان، لەو
ڕۆژەوە ئێدی ئەم وشەیە کرایە موڵکی ئەوان و تا هات ناشرینتر و بڵحتر پیشاندرا،
چونکە شەڕی نێوان سەرکردەی حیزبەکان کە ناویان نابوو( شەڕی برا کوژی، وەک پاکانەیەک
بۆ خۆیان)، هەر بەناوی کوردایەتیەوە ئەنجام دەدرا، کوشتنی براو خوشکانی کوردی
پارچەکانی تر، هەر بەناوی کوردایەتییەوە ئەنجام دەدرا و....هتد، بۆیە ئەم وشەیە
ڕۆژبەڕۆژ دەبووە هۆی لێکدابڕان و درز خستنە ناو جەستەی نەتەوەکەوە، لەبەر ئەو
هۆیانەی لەسەرەوە باسم کردن، مانای کارکردێکی پێچەوانەی بووە، چونکە خۆی دەبوو
زەمینەی فکریی بێت بۆ یەکخستنەوەی نەتەوەکە.
بەڵام بیری
یەکخستنی نەتەوەکە لای ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد، دروستر و فروانتر کاری
لەسەرکراوە و شوبهاندن و خزمەت پێکردنەکەش دڵسۆزانەتر و بێخەوشتر بوون، ئەوەتا
مامۆستا هێمنی شاعیر ئاوا فراوان و قوڵ و گشتگیر باس لەم فکر و وشەیەدەکات و
دەڵێت:
"
کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم........"، دەبینین هێمن لێرەدا کوردەواری بە
وڵات چوواندووە، کە ئێمەیش دەزانین، وڵات میللەت یا نەتەوەیەک لە خۆ دەگرێ کە
زمانی تایبەت و داب و نەرێتی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەو وڵاتەش سروشتی تایبەتی خۆی
هەیە، کە لەهیچ جێگایەتی تری ئەم دنیایە ناچێت. کەواتە تێگەیشتنەکەی هێمن کە
شاعیرێکی دڵناسکیی هەڵوەدای ئازادیی نەتەوەکەی بوو، لە تێگەیشتنی هەموو حیزبەکان
فراوانتر و قوڵترە و کوردەواری شیرینتر و گشتگرترە لە
( کوردایەتی)،
کوردەواری گشتە و کوردایەتی بەشێکی ناقۆڵای دروستکراو، کوردەواری نوێنەری
نەتەوەیەکە و کوردایەتی نوێنەری سیاسەتی چەوتی حزبگەلێک.
ئەو حیزبانەی
کە بیری نەتەوییان بووە لە کوردستاندا هەوڵیانداوە ئەم هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و ئەو
بەشە تێکەڵ بە گشتەکە بکەنەوە، وەلێ زۆر بە توندی بەڕەنگاریان بوونەتەوە، چونکە
کوردایەتی ببووە کۆمپانیایەکی پشکداریی کە
خەڵکانێکی زۆری دەوڵەمەند کردن، ئەو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییانە، هەرگیز بەوە
ڕازی نەبوون کە کوردایەتی لە خانەی خۆیدا دابنرێتەوە و شەڕەزۆرەکان بنەماکانیان
ئەم بەرژەوەندیانە بوون کە ڕەگیان سنووری پارچەکانی کوردستانی بڕی بوو، لە ڕەگ و
ڕیشاڵی بەرژەوەندی هەرێمیی و تەنانەت لەگەڵ بەرژەوەندی دوژمنی کوردیشدا تێکەڵ
بوون.
دوو هۆی بنەڕەتی بۆ دروست نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد
بیرمەند و
ڕابەریی فکریمان مامۆستا مەسعوود، لە ڕامانە قولەکانیدا بۆ مێژووی نەتەوەکەی و لە
خوێندنەوەی دەفتەری هەزاران ساڵەی نەتەوەکەیدا، بە ئەنجام گەل و ڕاستی گەلێک دەگات
کە بوونەتە ( فەرمان و ڕاسپاردە) و تێگەیشتن لێیان و بەجێهێنانیان ئەرکە.
مامۆستا
لەمەڕ نەتوانینی کورد بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک ئاماژە بە دوو هۆی بنەڕەتی و سەرەکی
دەکات کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانیدا، دەتوانین دەستوور گەلێکی لێ هەڵهێنجین وەک
هێڵ و بەرنامەی بیرکردنەوە و کارکردنمان:
نەبوونی ئابوورییەکی یەکگرتووی بەهێزلە ناو کوردا.
هەڵکەوتەی سەرزەمینی کوردان.
ئابووری
بنەمای گەشەکردن و خۆڕانان و دامەزراندنی وڵاتێکی بەهێزە، کە دەوڵەتان و وڵاتانی
تر ناچار دەکات، لە داڕشتنی سیاسەتیاندا، بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو ئابوورییە بەهێزە
ڕەچاو بکەن و هەڵویستی ئەرێنیان هەبێت و هەوڵ بدەن بۆ مامەڵەی بەرانبەر لەگەڵیدا.
نەتەوەیەک کە
ئابووریەکی دابەشکراوی هەبێت، حاڵی شپرزە و هەوڵەکانی بۆ هەر دامەزراندنێک، سست و
بێ ئاکام دەبێت و هیچ دەسەڵات و ولاتێکیش، خۆی بە گێژاوی( زیان زۆر و قازانج کەم)
ەوە کە لە پلەی نەبووندایە، خەریک ناکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی نابەستێتەوە بە
ئابوورییەکی پاشکەوتووی نەخۆشەوە، کە تەنانەت خۆی پێبەخێو ناکرێت چ جای ئەوەی
چاوەڕێی قازانجی لێ بکەن.
مامۆستا
یەکەم گرفت لەبەردەم دروست نەبوونی سنوورێکی ڕەسمی دانپیانرا و کە نەتەوەی کوردی
لە خۆ گرتبا، بە نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز لەدەستی کوردا کە خۆی خاوەنی سەرمایەکە
بوایە، دەزانێت.
بیرمەندی
گەورەمان ئابووری کوردستان لە هەزاران ساڵەوە تا ئیستا: " بە کانییەک کە سێ
جۆگەی لەبەر دەڕوات " دەشوبهێنێ و دیارە کانی ئاواش هەرگیز چاوڕوانی پڕ بوونی
لێ ناکرێت.
ئەو وڵاتانەی
کە بەشێک لە کوردستانیان داگیر کردووە، هەرگیز ڕێگەیان نەداوە، کە بنەما
ئابوورییەکان لە سەرزەمینی کوردستاندا دامەزراو و بەهێز بێت، کانزای فراوانی ئەم
خاکەیان وەک ماددەی خاو گواستۆتەوە بۆ کارخانە زەبەلاحەکانی شارەکانی خۆیان و
توانا فکریی و تەنانەت جەستەییەکانیان ناچار بە کۆچ کردووە بۆ پایتەخت و شارە
گەورەکانی خۆیان، تا سود لە داهێنانە فکریی و زانستی و جەستەییەکانیان بکەن بۆ
گەشە پێدانی ئابووریەکەی خۆیان و خزمەتکردن بە خەڵکی خۆیان، تەنانەت ئەو ئابوورییە
دزراوەیان داوە بە تفاقی شەڕ و جەنگی قەڵاچۆکردن و ڕەشەکوژیی کوردشیان پێ ئەنجام
داوە/ ئەنجام دەدەن.
لەم لاشەوە
لەبەر نزمیی ئاستی وشیاریی و وشیاریی نەتەوەیی خاوەن سەرمایەکانی کورد کە بە
پەنجەی دەست ئەژمار کراون، ئەو سەرمایە کەمەش کە لە گیرفانی کوردا بووە،
سەرمایەداری جاوچنۆکی کورد، یا گوستویانەتەوە بۆ پایتەختی وڵاتانی داگیرکەری
کوردستان، یا مامەڵەیان لەگەڵ سەرمایەدارانی پایتەختدا بووە و قازانجی گەورەیان بە
ئابووری دەوڵەتی داگیرکەر گەیاندووە و ئەگەر پێویستیان بە دەستی کاریش بووبێت،
ئەوا لە دەستی کاری نەتەوەی سەردەست سوودیان وەرگرتووە و کاریان بە بێانی و تاکی
غەوارە داوە نەک بە لاوانی بێکاری شارەکانی کوردستان.
هەم کاری
زاڵمانەی دەوڵەتانی ناوەند و هەم چاوچنۆکیی کەمە سەرمایەداری کورد، بوونەتە هۆی
وێرانکردنی بەرهەمی خۆماڵی کوردەواری و کوشتنی فەڕ و پیتی خاکی کوردستان. خاک وەک
منداڵیکی ساوایە بە ئاگا لێ بوون و خزمەتکردنی دەگەشیتەوە و بەرهەم دەدات و
ئاوادان دەبێتەوە، لە سایەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتانی ناوەند و چاوچنۆکی
کەمە سەرمایەدارانی کوردا، خاکی ئەو نیشتمانە بە قەوڵی جوانی ئەدیبانی کورد "
ئاوی کەوسەر و خاکی گەوهەرە" وەک هەتیوێکی بیناز تا هاتووە و لاوازتر و بێ
توانتر و شڕتر بووە. لە چاوی هەموو تاکێکی کوردا تەمی خەمێکی قوڵ دەبینیت و لەسەر
ڕوخساری نێشانە گەلی بێ پەنایی دەخوێنییەوە.
کورد دەبوو
بە ئەندازەی ئەو بەرگرییەی کە بۆتە هۆی مانەوەی هەتا ئیستا لەناو زۆر لە میللەتانی
ناوچەکەدا کە لە ناو میللەتی سەردەستدا توانەوە و زمان و کلتوریان بووە بەشێک لە
زمان و کلتوری ئەو میللەتە سەردەستانە، بەئەندازەی ئەوە، دەبوو فکری دامەزراندنی
ئابوورییەکی کوردستانی مێشک و دەست و بیرکردنەوەی مژوڵ بکردبایە و دانووسانی
ئابووری لە سنووری شارەکانی کوردستان تێنەپەڕاندایە و سەرمایەکەی لە گیرفانی
کوردەکەدا بهێشتباوە، خۆ میللەتان لە ئاسمان بۆیان دانەبەزی و لە زەوییەوە بۆیان
هەڵنەقوڵا، لە بەرگریدا تاوەی ئاسنی ماڵەکانیان تواندەوە و کردیان بە چەک و لە
سەرکەوتنیاندا وەک شانە هەنگ و میللەتی مێروولە، کاریان کرد و لە زۆر خۆشی و
ئاسوودەیی نەوەیەک و دوو نەوەیان بواردن و وڵاتی سەهۆڵبەندانیان کردە بەهەشت و
خوای گەورەش پشتیوانیان بوو، چونکە شایان بەو پشتیوانە ئاسمانی و پیرۆزیانە بوون،
ئاوادانکردنەوە کارێکی یەزدانی و فەرمانێکی ئاسمانی و ئینسانییە کە شایان بە ڕێز
لێگرتن و سەروەر بوونە.
مامۆستای
ڕابەری فکریمان لە هۆی دووەمی دروست نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کوردا:
باس لە هەڵکەوتەی سەرزەمینی کوردستان دەکات، کە ئەم خاڵەیان بە ڕای من ڕێنمایمانە بۆ دوو ئاڕاستە:
1-فەرهەنگییە، واتە پەیوەندی هەیە بە کلتوری ئەو گەلانەوە کە بەشێک لە نیشتمانی کوردیان داگیر کردووە.
2-سروشتییە، کە باس لە هەڵکەوتنی جوفرافیایی کوردستان دەکات و کاریگەرییە سیاسییەکەی، ئەگەر هەڵکەوتەیەکی تری هەبایە.
من لە خاڵی
دووەمەوە دەست پێ دەکەم:
نموویەک
دێنمەوە سادە: پارچە زەوییەک، هەڵکەوتەکەی و شوێنەکەی، جیاوازی نرخەکەی دیاری
دەکات، بەر لەوەی کە ئاوەدانیش کرابێتەوە، ئەڵبەتە پاش ئاوەدانکردنەوەشی بناغەی
دیاری کردنی نرخەکەی هەر شوێنەکەی ڕۆڵی گرنگی تێدا دەبێت. چونکە ئەوەی لەسەری
دروستکراوە دەشێ بگوڕدرێت، بەڵام شوێنەکەی ناتوارێت دەسکاری بکرێت.
نیشتمانیش
بەوجۆرەیە شوێنەکەی بە تایبەتی نزیکی لە ئاواوەوە ڕۆڵێکی جیهانی بۆ دروست دەکات و
ئەیکاتە ژمارەیەکی حساب بۆکراو لە ناو بزوتنەوەی بازرگانی جیهاندا. مامۆستا باس
لەو سنوورە سیاسییەی ئێستای کوردستان دەکات، کە بە زۆرەملێ و ناچارکردن و بە تۆپزی
و لەبەر بەرژەوەندی زلهێزەکان بەسەر کوردا سەپێنراوە، دەنا لە مێژوودا، وەک
مامۆستا ئاماژەی پێ دەکات، نیشتمان و سەرزەوی کورد بەلایەنی کەمەوە لە دوو لایەوە
لەسەر ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداو بووە لە باشورییەوە.
ڕانەگەیشتنی
دەستی نەتەوەی کورد، بە ئاوی دەریاکان، توانایەکی زۆری مانۆڕکردن و بڕیاردانی لێ
سەندۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە بواری ئاویی، مەودای گەشەی ئابووری و کلتوری و
سیاسیشی زۆر زۆر فراوانتر دەکرد لەوەی کە تاکو ئێستا هەوڵی بۆداوە و ئاکامێکی
ئەوتۆی لێ بەدی نەهاتووە.
مامۆستا
دەڵێت: ئەگەر یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشێک لە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە،
تەنانەت بیابان بایە، ئەوا دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد ئاسانتر و لەبارتر دەبوو.
لێرەوە
دەرگای ڕێنمایمان بۆ دەکاتەوە و ئاڕاستەمان دەکات بۆ خاڵی یەکەم :
ئەو بۆچوون و
شیکارییە قوڵ و گرنگەی مامۆستای ڕابەری
فکریمان ، پێمان دەڵێت کە بیابانێکی کاکی بەکاکی، پڕ لە لم و ماری کوبرا و سەرابی
ئاو و باهۆزی گەرما و هەموو ئاستەنگ و نەهامەتییەکانی بیابان چاتر بوو لە بوونی
خەڵکانێک کە پلەی ئینسان بوونیان، ڕێگەی بە ڕەفتاریان نەداوە بەدرێژایی هەزاران
ساڵ ( راستییەکی وەک خۆری گەش) ببینن و لێی تێ بگەن و ڕێیزی لێ بگرن، بەڵکو ئینکار- ، و حاشا-، کردنیان ڕەفتارکردووە، هەموو ناڕەواییەکییان بەرامبەر
بەم گەلە، بۆ خۆیان بە ڕەوا زانییوە و زۆر جارانیش ئەگەر نەڵێم هەموو جاران، تەنانەتە ئاینی یەزدانیان کردۆتە پشتیوانی بانگەشە
ڕەگەزپەرستانەکەیان و فەرمانی کورد قڕانیان داوە، ئەمە پەیوەندی هەیە بە پلەی
ئینسان بوون، پلەی شارستانەتی، ڕاسگۆیی
لەگەڵ خۆدا و لەگەڵ خواشدا. ئێمە ڕۆژانە لە میدیاکانەوە دەیبینین، تەنانەت
خوێندنەوەی بەهەڵەش بۆ یەک وشە لە فەرمایشتەکانی خوا، چ کاردانەوەیەکی توندی ڕابەرانی ئاینی لێ دەکەوێتەوە و چۆن توڕەیان
دەکات و چ فەتوایەک دەدەن و چ بێڕیزییەک بەو کەسەی ئەم هەڵە زمانییەوانەی کردووە،
ناڵێن و ناکەن؟!!
بەڵام،
بەکارهێنانی ئایەتەکانی کتێبی یەزدان بەدرێژایی مێژوویەکی شێوێنراو، لەلایەن ئەو
دەسەڵاتانەوە کە لە نەتەوەی سەردەست بوون/ هەن لە کوردستاندا، بۆ ڕەوایەتی دان بە
قڕکردنی کورد و ئەتکردنی ژنی کورد و سووتاندنی منداڵەکانیان و بە سووتماککردنی
خاکەکەیان، نەبووە هۆی جوڵاندنی ویژدانی ڕابەرێکی دینی ئەو نەتەوانە و توڕەبوونیان
بۆ سەربڕینی نەتەوەیەک بەناوی ئاینی خواوە، ئەگەر چی ئەو نەتەوەیە لە نەتەوە پێشەنگەکانی،
گەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ئاینەش بووبێت!!!
مرۆڤ دەیتوانی
لەگەڵ لم و گیانەوەری دڕندە و باهۆزی خنکێنەریی بیاباندا ڕابێت و هەڵ بکات و چارەی
ئەو دیاردە بیابانییانە فرە زەحمەت نییە و نەبووە، وەلێ هەڵکردن و ڕاهاتن و
پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئینسان گەلێکدا، کە بناغەی بیرکردنەوەیان، حاشاکردن بێت لە
ڕاستییەکان و چەواشەکاریی کلتوریان بێت و درۆ ڕێڕەوی مامەڵەیان، ژیان لەگەڵ مرۆڤ
گەلی ئاوا هەر ڕۆژەی مەرگێکە.
( یۆستا
ڤێستلیوند) فەیلەسوف و یەکێک لە بناغەدانەرانی قوتابخانە گەلییەکانی سوید دەڕبڕینێکی
فرە بەرزی هەیە دەڵێت: " مرۆڤێکی روناکبیر، هەرگیز لە زانییەوە و بە ئەنقەست،
مرۆڤێکی تر ناشکێنێ". *
ئێمە زۆرمان ژنەفتووە
سەبارەت بە بانگەشەی شارستانەت و بەرزی ئەدبیات و هونەری تاقانەی ئەو نەتەوە
سەردەستانە لە کوردستاندا، وەلێ لە ڕەفتاریاندا بەرامبەر ئێمە، ئەوەی بینیومانە و
چەشتوومانە، شکاندن و گاڵتەکردن بە زمانەکەمان و قەدەکردنی ئازادیی بیرمان و کێوی
بوونمان بووە و ئەگەریش هاوڕا و هاو ئاوازیی ئەوان نەبووبیین، ئەوا کوشتنمان ڕەوایی
پێدراوە.
ئەوان، بەناو
ڕوناکبیرەکانیان، ئەم کارەیان بە ئەنقەست و لە زانینەوە کردووە، کەواتە بە پێی
قسەی ئەو فەیلەسوفە سویدییە بێت، ئەوان بەدوور بوون / هەن لە خەسڵەتی ڕوناکبیریی و
پلەکانی شارستانەت. ئەدەب و هونەرێکی ئاوا کە حاشا لە بوونی نەتەوەیەکی وا بکات،
بە دڵنیاییەوە هونەر و ئەدەبێکی نەخۆشە، پێویستی بە چارەسەرهەیە، چ جای بە ئەدەبی
بەرز و هونەری دەگمەن ناوزەد بکرێن. ئەگەر چی ، لەبەر خاتری خاتران، خەڵاتی نوبێل
و خەڵاتی تریشی پێدرابێ.
گومانی تێدا
نییە کە لە شیکارییەکەی مامۆستا مەسعوودەوە بە وئاکامە دەگەین، کە ئەگەر کورد
هاوسێی هەر یەکێک لەو میللەتانەی سکەندناڤیا بایە، ئێستا بێ کێشە و خوێن ڕشتن،
میللەتەکانی وەک نەتەوەی سوید، هاوکار و پشتیوانێکی گەورە دەبوون بۆ دروستکردنی
دەوڵەتێک بۆ کورد، ئاخر لە بیرکردنەوەی میللەتانی ڕاقی، هەر چاوەڕوانی ئەو جۆرە
پشتیوانییە دەکرێت، بەڵام ئەفسووس ئێمە هەزاران ساڵە، داوێن گیری، بیرکردنەوە و
ئەدەب و شارستانەتێکی نەخۆشین، کە جگە لە زمانی زۆر و حاشاکردن لە ڕاستییەکان،
زمانێکی دیان نەزانیوە.
ئێستا بە
ناچاریی و لەو ڕێنماییەی مامۆستامانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەبێت بە دوای
چارەسەرێکی تردا بۆ گرفتی هەڵکەوتنی نیشتمانەکەمان بگەڕێین، کە هەڵدەگەڕیتەوە بۆ
ناو خۆمان، بۆ نەتەوەکە، لە هەر چوار پارچەکەیدا، کە بریتییە لە دروستکردنی ئابوورییەکی
کوردستانی و کارکردن بۆ گەشەپێدانی فەرهەنگێکی کوردستانی، ئەگەر ئیستای خۆمان بە
ئەوسای ڕۆناکبیرەکانمان بەراورد بکەین، بێگومان لە ڕووی فەرهەنگییەوە بۆ پاشەوە
چووین.
ئەوان بناغە
و سەرەتای فەرهەنگێکی کوردستانیان داڕشت و ئیمە هێدی هێدی لەو کوردستانی بوونە
دوورکەوتینەوە تاڕادەیەک کە زۆرجاران، زمان و هونەرەکەی خۆمان ناناسینەوە، کە
ئەوانە کوردی بن. لێرەدا دەزگا میدیاییەکان ڕۆڵی بنچینەیی دەبینن، هەم بۆ شیواندنی
و هەم بۆ ڕاسکردنەوەی، کە شێواندی بەتایبەت زمانەکە زیاتر و بە گوڕترە.
یەکێک لە
خاڵە هەرە لاوازەکانی ئێستای نەتەوەکە، پاش ئەو سیاسەتە سەقەتەی کە پەیڕەوی
دەکرێت، میدیای کوردییە، کە بێ گومان وەک ئەوەی بەڵێنی وێرانکردنی زمانی کوردی
دابێت، بەهەموو توانایەوە قۆڵی هەڵوەشاندنەوە و ناشرین کردنی زمانەکەی لێ
هەڵماڵییوە و لەبەر نەبوونی دەزگایەکی چاودێری زمان و فەرهەنگیش، هەر کەناڵی
تەلەفزیۆنییەک، چۆنی بووێت و چۆنی لێ تێبگات، ئاوا ئەو کوردییە سەقەتە بە بینەرانی
دەگەێنێت، نەتەوەی وشیار چاوەڕوانی حزبەکانی ناکات ( ئەویش ئەو حیزبانە)، کە
فریادڕەسی زمانەکە بن، نە نووسەرانی ڕێگە بەوە دەدەن و نە ڕوناکبیرانی شانی بێدەربەستی
هەڵ دەتەکێنن و نەیش کەناڵە میدیاییەکانی تاوانی ڕەخساندنی زەمینەی وێرانکردنی
گرنگترین خەسڵەتی دیاری کلتورەکەیان کە زمانەکەیەتی، لە ئەستۆ دەگرن.
زمان هێندە
فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەری ژیانی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و سیاسی نەتەوەیەکە،
کە بێ زمانێکی گەشەکردووی، خزمەتکراو، هیچ نەتەوەیەک تەنانەت ناتوانێ خەونی هێڵێک
لە دەوری خۆی ببینێ، چ بگات بە ئابووریەکی تۆکمە و سپایەکی نیشتمانی و دەسەڵاتێکی
خۆیی. زۆر بابەت هەن دەبێت سپاسی خوا بکەین کە دەستی سیاسەتی حیزبایەتی نەیگاتێ،
ئەو بابەتانە دەبێت تاکە هۆشیارەکانی نەتەوەکە بەرپرسیاری بن، چونکە هەروەک مامۆستای
ڕابەرمان دەفەرموێ:
" ئەگەر
کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێیە هەڵبژێرم، ئەوا پرسێک بەم حیزبە شێت و
وێتانە کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان نیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تریان
دەگرم و دڵنیام کە ڕاستم هەڵبژاردووە."
ژیانی کەمە
نەتەوەکان لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا کە دەسەڵات لەوان بووە، ژیانێکی ناچاریی و
زۆرەملێیی بووە، کورد لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا کە یەک چارەنووس پێکەوە گرێیداون، یا
هەموویان قوربانیی تێنەگەیشتن و پلەی نزمی شارستانەتی نەتەوەی سەردەست بوون، بە ویستی
خۆیان پێکەوە بە ئاشتی ژیاون و پشتیوان و خەمخۆری یەکدی بوون، بەڵام بێهومێدیی لە
نەتەوەی سەردەست، هەموو ڕیاگایەکی پێکەوە ژیانی وێران کردووە، ئەگەر چی نەتەوە بن
دەستەکان، هەوڵیان داوە کە ڕێگای پەیوەندی دروست بکەن و لە زۆر کێشەی چارەنووس
سازدا هاوبەشی نەتەوەی سەردەست بوون.
بەڵام ئەم هەموو جوانییانەی نەتەوە بندەستەکان،
بە شکاندن و گاڵتە پێکردن و ئاوەژووکردنەوەی مێژوویان و لە کۆتایدا بە ئەنفال کردن
و فەرمانەکان لەسەریان، وەڵام دراونەتەوە، ئێدی دەتوانرێ چی بکرێت؟!!، کاتێک لە
هەگبە و پاشخانی شارستانەتی دەسەڵاتی سەر بە نەتەوەی سەردەستدا، خوێنڕشتن پیرۆز
کرابێ و حاشاکردن لە ڕاستییەکان بووبێتە سیمای هەرە دیاریی نەتەوەیەک کە لەدەسەڵات
و بیری ڕۆشنفکرەکانیدا ڕەنگی دابێتەوە.
سەرنج/
*یۆستا
ڤێستلیوند، فەیلەسوف و بناغەدانەری قوتابخانە گەلییەکانە لە سوید، کە ئەم
قوتابخانانە، میللەتی سویدی کردە میللەتێکی ڕۆشنبیر و پەروەردەکراو بۆ گەشەکردن و
تواناکانی گەشاندنەوە و بووە هۆی ئەو ڕاپەڕینە سیاسی و ئابوورییە، کە ڕەنگە بێ
وێنە بێت لە جیهاندا، سیستەمی ڕێکخستنی ژیانی خەڵک و ژینگەکەی لەم سەهۆڵ بەندانەی
هەزاران ساڵەدا و بەو ماوە کەمە، ئەزمونێکی تاقانە و جێگای ڕێزە.
http://www.mamosta.net پێگەی ئەلیکترۆنی نزیکەی کۆی بەرهەمەکانی بیرمەندی
گەورە*
* “ En bildad människa kränker aldrig
en annan människa medvetet ”
Gösta
Vestlund