وێناکردن لەبۆشایی، ھونەرمەند سەردار سنجاوی خەیاڵی بۆشاییەکان دەگرێ
  2024-05-13     
سەردار سنجاوی

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

مارسیل دۆشامپ دەڵێ ھیچ شتێک خاوەندارێتی ناکرێ و رەسەن نییە، ھیچ شتێکیش ناکرێ بدزرێ.

(١)

پڕ کێشەترین چەمک، چەمکی بۆشاییە! چونکە لە بۆشاییدا چییەتی دیار نییە، لە بۆشاییدا جیھان ھیچ بوونێکی تایبەت بەخۆوە نابینێ، جگە لە ئاژاوە و سپێتی و شوێنی ماتەوزەی خەیاڵی و بیرکردنەوەی نەدیتراو.

ھونەری پڕکردنەوەی بۆشاییەکان چارەنووسی نێوانەکانە، نە ڕابردووی ھەیە و نە داھاتوو، چارەنووسی بێ یادەوەرییە. بەو مانایەش خەیاڵکردنی ھونەری بۆشاییەکان و بینین لەو تێگەیشتنەوە دێ، کە بۆشایی شوێنێکە بۆ ھەڵبژاردنی تاقیکردنەوەکان.

لە ھونەری خەیاڵکردنی بۆشایی گۆشەیەکی بەتاڵ ھەیە، پاشان بە فیزیکیکردنی خەیاڵ، بینینی خەیاڵکراو! بێ ئەوەی پەیوەندییەکی دیاریکراو لەنێوانیاندا درووست بێت.

(٢)

لە ھونەری وێنەکردن لە بۆشایی، مرۆڤ نقومی سەیرکردنی بابەت نییە. بە دوای ئەوەدا ناگەڕێ، کە جیھانی پێوەسف بکاتەوە! بەڵکو خەیاڵی خۆی لە سەیرورە و بەرھەمھێنانەوەی بینراودا تاقی دەکاتەوە. ھونەرمەند سەردار سنجاوی ھەوڵدەدات لە رێگای کردەی رووخێنەرانەوە لە وەسفکردنی بابەت، لە باوەڕی ھاوبەش رابکات! نایەوێ قبوڵکراو بێ، شانازی بە خودێکەوە ناکات، کە سیستم تەواو بە خواستی خۆی لە قالبی داوە، ھەمیشە لە ھەوڵی بەرھەمھێنانەوەی بۆشاییە!

گۆرٍینی سیستم لە گۆڕینی پەیوەندی مرۆڤ بە خۆیەوە دەستپێدەکات، خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود، لەسەر ئەو بنەمایەوە ھونەرمەند سەردار سنجاوی ماتەوزەکانی خەیاڵی بینراو بە فیزیکی دەکات، نەک نەخشەی لەبەرگیراو، جوگرافیا دەکێشێ نەک مێژوو، گەشت و کۆچ، نەک مانەوە و نیشتەجێبوون.

لە ھونەری خەیاڵکردن لە بۆشایی و بەرھەمھێنانەوەی بینراو وامان لێدەکات لەنێوان شتەکاندا بیر لە شتەکان بکەینەوە. وەرگر لە ھونەری خەیاڵکردن لە بۆشاییەکاندا لە ھەر پنتێکەوە تەماشا بکات و بە ھەر ئاڕاستەیەکدا بڕوات دەڕژێتە سنووری بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی جوانی و تێگەیشتنەوە. بە کورتی ھونەری خەیاڵکردن لە بۆشایی، مێژووی بێدەنگیی (ھونەری تابلۆکێشان) دەخاتە ئەرشیفەوە و بەرەو نواندنی رووداوی دیتراوی جوولاو ھەنگاو دەنێت.

پرسیار ئەوەیە، چ شتێک بۆشاییەکان لە مەودای بینراودا پێکەوە دەبەستێتەوە، کە ھیچ پەیوەندییەکی دیاریکراویان لەنێواندا نییە؟

لە ڕاستیدا پێویستی جوانکاری و خەیاڵی ھونەری بۆشایی و تێگەیشتن لە خەیاڵی بینراو، بیرکردنەوەیە لە مەودا وردەکان، پارچە بچووک و لێکدابڕاوەکان، کە پەیوەندییەکی دیاریکراویان بە یەکترەوە نییە، کەچی بەیەکتریشەوە بەندن، ئەوە پێویستی ژیانە، مەودایەکە بۆ ھەناسەدان، بۆ زیندوو مانەوە لە ژیاندا.

(٣)

وەکچۆن بۆدلێری شاعیر بە زیندووکەرەوەی چەمکی خەیاڵ دادەنرێ. ھونەری بۆشایی زیندووکەرەوەی بینینی خەیاڵ و تێگەیشتن و بەرھەمھێنانەوەیە. ئیتر جیھان ملکەچی دەلالەت و مانا نابێت، ملکەچی ڕێکخستن و پۆلێنکردن نابێت. ھونەری خەیاڵکردن لە بۆشاییدا دەستبەرداری ھەموو سیستەمێکە، کە تێیدا بە گوێرەی "یەک" و "فرە" تەماشای بوونەوەرەکان دەکات! چونکە نە فرەیە نە تاک، نە سەرەتای ھەیە و نە کۆتایی، نە ئەسڵی ھەیە و نە ئامانج، دژ بە دامەزراندن و ڕەگدانانە، دژ بە جوولەی گەشەسەندن و ئامانجەکەیەتی!. سنووری خۆی لە پڕکردنەوەی خەیاڵی بۆشایی، بەرھەمھێنانەوەی خەیاڵکردن لە بۆشاییدا دەکێشێ و جیھانێک دیاری دەکات، تێێدا حەقیقەتی ھونەر دەخرێتە نێو پەیوەندی بۆشاییەکانەوە، حەقیقەتی ھونەر دەخرێتە نێوانەکانەوە، کە سەر بە پێکھێنەرەکانی نین. لێرەوە داھێنەر بۆ چێژ و خۆشی کار لە (مەودای جووڵە) و (خەیاڵکردن لە بۆشایی) ناکات، بەڵکو بەرھەمھێنانەوەی بۆشایی پێداویستییەکی زیندەگییە.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×