ئافاقی شیعری نالی
  2024-05-13       893       

رەوا هەژار

 

لە تەمەنمدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرسامە جددییەکانی نالیدا هاوڕێیەتی و گفتوگۆم کردووە، کە هەریەکەیان بە جۆری خۆی، بە هۆی لێهاتووییی خەیاڵاتەکان و لێوردبوونەوەی بەرهەمەکانی ئەم شاعیرە فامیدەیەی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی، سوێندێکی ڕێزدارانەیان لەگەڵ خۆیاندا خواردووە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، بە هێزوەرگرتن لەو هەموو کۆدە داهێنەرانەی جیهانی شاعیر، کتێبی خۆیان لەسەر ئەم بیرکەرەوە گەورەیە بنووسن. بەڵام لەنێو ئەم باخچە سەوزە پڕ لە شەتڵەدا، تەنیا چەند دانەیەکی کەمیان پێگەیشتوون و گوڵیان کردووە و گەیشتوونەتە ئەنجام. ئەم کەمیی بەڵێنبەدیهاتنە لە نەبوونی سۆز یان بێبەڵێنییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە سرووشتی سەخت و گرانی ئەو ماندووبوونە مەعریفییانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بۆ بەدیهێنانی ئەو جۆرە ئاواتە، پێویستن. ئەو ڕێز و خۆشەویستییە فراوانەی کە زۆرێک لە خوێندەواری کورد بۆ نالی هەیەتی، داوا دەکات کە نووسین دەربارەی، نەک تەنها پێویستە ڕێزگرتنێکی شایانی ئەدەبی نالی بێت، بەڵکوو درێژکراوەی میراتە داهێنەرانەکەی و هەڵگری جۆرێک لە زیندوویەتی و بازدانی ئەدەبی بێت، کە تاموبۆی کاریگەرییە قووڵەکانی نالی لەسەر وێنەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی بە جۆریەتییەکی باشەوە، بکشێنێت.

 

کتێبی "ئافاقی شیعری نالی" کە لە لایەن ڕەهبەر مەحموودزادە نووسراوە- هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە خۆسەپێنراوە. کتێبەکە بە شێوەیەکی جێگەستایش بەو فیلتەرە توندانەی نووسەرەکەیدا ڕۆیشتووە، کە تا ئەندازەیەکی باش لە ئاست ستانداردەکانی نالیناسیدایە و وەک یەکەیەکی پێوانەیی شاهیدی لەسەر خوێندەواری و نالیناسیی نووسەرەکەی دەدات. لێ کارەکە "بێبەڵام" نییە و جێگە هەیە کە تەنانەت تیژترین تیغەکانی نووسەری تێدا کول بووە.

کتێبەکە بەسەر دە بەشدا دابەش کراوە و هەر بەشێک ڕەهەندێکی جیهانی فرەلایەنی نالی ڕووناک دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەکە بە تێکڕا خۆ دەخاتە ناو مەیدانە ئاڵۆزەکانی گەشەسەندنی شێوەنووسیی نالی و هێزی داهێنەرانە و جیاوازی و تاقانەییی نالی، لە هەمان کاتدا لێگەڕانە بە دوای دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و هاوتەریبی نێوان نالی و هاوچەرخەکانی و هەروەها هەندێک لەو شاعیرانەی بە دوایدا هاتوون. جگە لەمانە، دەقەکە بە هەندێک لێکدانەوەی نوێ و داهێنەرانەوە کۆمەڵێک بیرۆکەی باش دەخاتە سەر شارای ئەدەبیاتی نالی و چەند دەرگایەکی نوێ بۆ گفتوگۆکردن دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ڕێژەیی، کنەی کاریگەریی نەریتە ئەدەبییە جیهانییەکان- بە تایبەتی فارسی و عەرەبی، لەسەر دنیای نالی بکات و ناوبەناو چەند تێز و تیۆرییەکی کایەکانی فەلسەفە و زانست و تەنانەت بیرکارییش تێکەڵی خوێندنەوەکانی بکات. ئەم هەمەچەشنییەش هەوایەکی ئینسایکلۆپیدی بە بەرهەمەکە بەخشیوە، کە وەکوو نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، ڕەنگدانەوەی لێوردبوونەوەیەکە کە بە شانزە ساڵ لێکۆڵینەوە و سەرنجدان لە کارەکانی نالی ڕسکاوە و لەم کتێبەدا لە دەسڕەنجی خۆیان دەخۆن.

بۆ من لایەنی بەهێزی ئەم کتێبە پەیوەندیی بە چەسپاویی ئارگیومێنتەکانییەوە نەبوو- هەرچەندە هەندێک بابەتی وەک بەشی شەشەم و نۆیەم ئارگیومێنتی ورد و بێچەواشەکارییان تێدا خەرج کرابوو- بەڵکوو زیاتر زمانزانی و کوردیزانیی نووسەرکەی بوو. توانای نوسەر بۆ ڕستەسازی و پێکەوەلکاندنی ئاوەڵناوەکان، ڕەوتی خوێندنەوەیەک درووست دەکات، کە بە تامەزرۆیییەوە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دیکە ملەبەملە تا کۆتاییی کتێبەکە دەتبەن. ئەم شێوازی نووسینە، کە لە هەموو جێگەیەکیدا تواشاچی دڵخۆش دەکات، منی گەڕاندەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە بە تینوویەتییەکی زۆرەوە شانزە کاتژمێر زیاتر لەسەریەک دەمخوێندەوە، چونکە ئارەزووم بۆ بینینی زۆرترین جوانییەکانی زمان و سیحری ئەزموونکردنی گوزارشتە هەمەجۆرەکان وای کردبوو بە کەمتر لە جوانییەکانی زمان هەدا نەدەم. لەم کتێبەدا هەدایەکی هاوشێوەم دۆزییەوە، کاتێک پەیڤ لە دوای پەیڤ بەبێ ئەوەی هەرگیز بیری نووسەر یان خوێنەر ماندوو بکەن دەروویان لە گوزارشتی نوێ دەکردەوە. ئەمەش دڵنیای کردمەوە کە خۆشەویستیی نووسەر بۆ زمان، خۆشەویستییەکە ئەوەندەی هەست پێدەکرێت، هۆشیارانەیە و خوێنەر ڕادەکێشێتە ناو قەدرزانییەکی قووڵ بۆ تێفکرینە ئەدەبییەکانی، لەوێشەوە سەدبارە عاشقبوونەوەی نالی.

ئەمە دەڵێم و دەبێت ئەوەش بڵیم، کتێبەکە ناوبەناو تووشی کڵێشەوێژی بووە، بە تایبەتی کاتێک نووسەر خۆی دەخاتە ناو ئەو بیرۆکە لاپرسە و نەناسراوە ئەبستراکتانەوە بۆ ئەوەی ئارگیومێنتەکانی بسەلمێنێت، کە سەرەڕای ئاکرۆباتە مەعریفییەکانی نووسەر، بە نەسەلمێنراوی دەمێننەوە، وەک لە بەشی سێیەمدا دەبینرێت. بەڵام تەنانەت لە لاوازترین ئارگیومێنتەکانیشدا جوانیی زمانی نووسەر ژەنگاوی نەبووە. لایەنێکی دیکەی ئەم کتێبە کە دەکرێت بە ئاسانی چاک بکرێت، دەستبەرداربوونی ئەو گریمانەیەی نووسەرە کە هەموو خوێنەرانی کتێبەکە بە زمانی فارسی شارەزان.

زۆرێک لەو شیعرە فارسییانەی کە بۆ بەروارد خراونەتە ناوەوە، وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، بەو هۆیەوە ئەو بەشانە بۆ خوێنەرانێک کە زمانی فارسی نازانن لێڵ و دەستپێنەگەیشتوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×