کتێبێک بۆ ناساندنی جوگرافیای ژن‌و پیاو
  2024-05-24       842       

هاوڕێ جەمال


کتێبی (پیاوان لە مەریخەوە ھاتوون ژنانیش لە ڤینۆسەوە)، لە نووسینی نوسەری ئەمریکی جۆن گرەی، لەلایەن بەڕێز دڵشاد شارباژێڕیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کتێبێکە ئاسۆی ئەو پەیوەندیانەمان بۆ شیتەڵ ئەکا کە دەکرێ لە داھاتوودا لە نێوان ژن و مێردەکاندا دروستبن، لە ھەمانکاتدا ئەو جۆرە پەیوەندیانەش کە لە ئێستادا بوونیان ھەیە.


کتێبەکە باس لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو ئەکا جا ئەو پەیوەندیە پەیوەندیەکی فەرمی بێ لەژێر سەقفی ماڵێکدا یاخود پەیوەندیەکی ھاوڕێیانە یاخود خۆشەویستی بێ لەنێوان ھەردوو رەگەزەکە.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کەکار لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی مرۆڤەکان ئەکا بۆ یەکدی بەتایبەت تێڕوانینی باوی ئافرەت بۆ پیاو کە گوێ ناگرن و تێڕوانینی پیاو بۆ ئافرەت کە کاردانەوەی زیاد لە پێویست دەنوێنن.ل٢٠
ھەروەھا نووسەری کتێبەکە، ھەروەک لە پێشەکیەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەھیچ جۆرێک لەگەیاندنی پەیامی راستەقینەی بۆچوونەکانی، داوای ئەوە لە ژنان و پیاوان ناکا خۆیان بگۆڕن، بەڵکو کتێبەکە ھانیان ئەدا تێڕوانینی خۆیان بگۆڕن لەبەرامبەر ھەموو ئەو بابەتانەی دەبنە ھۆی سەرھەڵدانی ئاریشە لە نێوان ژن و پیاودا.
نەک ھەر ئەمە بەڵکو کتێبەکە بەروونی دان دەنێت بەجیاوازی نێوان ژن و پیاو ھەر ئەمەش وەک مانای راستەقینەی جێندەر دەناسێنێ.ل١٥
تەنانەت ناونانی کتێبەکەش بەوەی ژن و پیاو ھەریەکەیان لە دووشوێنی جیاوازەوە ھاتوون کە مەریخ و ڤینۆسن، جەختکردنەوەیە لەسەر جیاوازی جیھانی ھەردوو رەگەزەکە.
نووسەر بەیەکگەیشتنی ژنان و پیاوان لەسەر زەوی لەچوارچێوەی چیرۆکێکی خەیاڵی بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە، کە کورتەی چیرۆکەکە ئەوەیە، پیاوان لەسەر مەریخ بەتەلسکۆب سەیری ژنانیان کردووە لەسەر ڤینۆس، و ھەر پیاوان بۆ گەیشتن بە ژنان کەشتی ئاسمانیان داھێناوە، کاتێک گەیشتوونەتە سەر ھەسارەی ڤینۆس ژنان باوەشی خۆشەویستیان بۆ کردوونەوە، پاشان بڕیاریاندا پێکەوە گەشت بکەن بۆ ھەسارەی زەوی، بەڵام کاریگەریەکانی کەشی ھەسارەی زەوی وایکرد کە بەیانیەک کاتێک لەخەوھەستان، تووشی لەبیرچوونەوەیەکی سەیرھاتن، بەوەی لەیادیان کرد ھەریەکەیان لە ھەسارەیەکی جیاوازەوە ھاتوون، ئیدی لەو رۆژەوە ژنان و پیاوان لە ناکۆکی و دووبەرەکیەکی بەردەوامدان،ل٣٦
یەکێک لەو جیاوازیانەی نووسەر ئاماژەی پێداوە ئەوەیە، پیاوان خۆیان سەروکاری خۆیان ئەکەن، لە کوێشدا پێویستیان بە ھاوکاری بوو ھەر پەنا بۆ ھاوڕێیەکی پیاو ئەبەن تاوەکو ھاوکاری بکا، بەم شێوەیە ئەم نەریتە لای پیاوان دەبێتە خوویەکی زگماک، بۆیە ھەرکاتێ ژنان باسی کێشەکانیان ئەکەن لای پیاوەکانیان، ھەرزوو پیاوەکان قۆڵی چاکسازی و ھاوکاری لێ ھەڵدەکەن و ئامادەیی دەرئەبڕن، بۆ ئەوەی سوودێکی ھەبێ بۆ ژنەکەی، بەوھۆیەشەوە شایانی خۆشەویستی ژنەکەی ئەبێ.ل٤٨و٤٩
ھەروەھا نووسەر تیشک ئەخاتە سەرخاڵێکی گرنگ لە شێوازی مامەڵەکردنی پیاو لەگەڵ ژن، لەوشوێنەدا کە ژن بەھەر ھۆکارێک بێ زۆر پەست و بێزارە، نووسەر پێی باشە لەجیاتی ئەوەی پیاوەکە رێگە چارەکانی بۆ دیاریبکا گرنگە پێشوەخت گرنگی بەقسەکانی ژنەکە بداو گوێی بۆ بگرێ، تاوەکو ئەو شوێنەی ھەستدەکات ژنەکە وردە وردە دێتەوە سەرخۆو حاڵی باش ئەبێ.ل٦٠و٧٩
پەیوەست بەتەمەنی ژن و پیاوەوە نووسەر خاڵێکی گرنگ دوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە کە ژنان لەتەمەنی لاوێتیاندا زیاتر دەبەخشن لەوەێ وەریدەگرن، بە پێچەوانەی پیاوانەوە کەلەو تەمەنەدا زیاتر خەمی خۆیانەو بێ ئاگایە لە پێداویستی ئەوانی دی. بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئەمە پێچەوانەدەبێتەوە، بەوەی ژنان لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەنیان درک بەوە دەکەن چۆن لەپێناو ھاوبەشەکانیاندا دەستیان لەخۆیان بەرداوە، پیاوانیش لەم کاتەدا درک بەوەدەکەن چۆن دەتوانن باشتر خزمەتی کەسانی دیکە بکەن.ل١٠٠
نووسەر کەمێک لەسەر شێوازی مامەڵەی ژنەکان لەگەڵ پیاوەکانیان دەوەستێ و پێی وایە، ناکرێ وەک مامۆستایەک لەگەڵ پیاوەکەیدا مامەڵە بکا، چونکە ھەرزوو پیاوەکەی داواکاری، و رەخنەو ئامۆژگاریەکانی رەتدەکاتەوە، لەجیاتی ئەمە نووسەر پێی وایە پێویستە ژن رەزامەندی ئاشتیانەی پێبدا، ھەرکاتێک ژن رەزامەندی خۆی بۆ پیاو نیشاندا، ئیدی پیاو دەستدەکات بە پرسیارکردن لەوەی رای ژنەکەی چیە.ل١٤٨
جۆن گرەی خاڵێکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان خۆشەویستی ژن و پیاو، ئاشکرادەکات و لە بەرامبەر ھەر پێویستیەکی ژن بۆ خۆشەویستی پێویستیەکی پیاویش رووندەکاتەوە بەم شێوەیە:
ژن پێویستی بە پیاو پێویستی بە
بایەخپێدانە متمانەیە
تێگەیشتنە قبوڵکرانە
رێزگرتنە پێزانینە
دڵسۆزیە سەرسامیە
دانپیادانانە رەزامەندیە
دڵنیاکردنەوەیە ھاندانە
لێرەوە وەڵامی ئەو پرسیارەمان ئەداتەوە، کە بۆچی پیاوان بەرھەڵستی گۆڕانکاری ئەکەن؟ نووسەر پێی وایە، کاتێک پیاو گوێ لە ژنەکەی ناگرێ بۆ گۆڕانکاری، بابەتەکە ئەوە نیە کە ژنەکەی خۆشناوێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێی وایە خۆی لای ژنەکەی خۆشویستراو نیە.ھەر لەبەرئەوە کاتێک پیاو ھەست بەھەموو ئەو شتانە ئەکا کە لە خانەی پیاودا ھاتوون لە خشتەکەی سەرەوە وەک: متمانە پێکردن، قبوڵکران، پێزانین و ھتد...خۆکردانە دەستدەکات بە گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێشچوون.ل٢٥٤ و٢٥٥
لێکدانەوەی نووسەر بۆ مشت و مڕی نێوان ژن و پیاو ، بەوشێوەیەیە کە ھەردوو رەگەزەکە کاتێک لە پەیوەندیە سۆزداریەکانیان لەسەر بابەتەکان ھاوڕانابن، گفتوگۆکانیان بادەدەنەوە بۆ مشتومڕ کردن و لەمەش خراپتر، بێ ئاگاداربوونەوە بۆ شەڕو دەمەقاڵێ.
ژنان و پیاوان کە بەم شێوەیە مشت و مڕ دەکەن، نەک تەنیا زیان بەھەستەکانی یەکدی، بەڵکو زیان بە پەیوەندیەکەشیان دەگەیەنن.ل٢٦٠
نووسەر جیاکاریەک دەکا لەنێوان ئەو ژن و پیاوانەی مشت و مڕ ئەکەن، و لەرووی سۆزداری و جنسیەوە وابەستەی یەکدی نین لەوانەی لە رووی جنسیەوە وابەستەی یەکدین، جیاوازیەکەش ئەوەیە کە ئەوانەی لە رووی جنسیەوە وابەستەن، زۆر بە ئاسانی شتەکان بەشەخسی وەردەگرن، بەڵام نووسەر ھۆکاری ئەمەمان بۆ روونناکاتەوە.ل٢٦١
جۆن گرەی لەم پەڕتووکەدا، باشترین رێگە بۆ خۆ دوورخستنەوەی ھاوسەران لە مشت و مڕ بەوە دیاریدەکا، وەبیرخۆیانی بھێننەوە کە ھەریەکەیان لە ھەسارەیەکی جیاوازەوە ھاتوون.ل٢٦١
پەیوەست بە تێڕوانینی ژن و پیاو بۆ ئەو دیاریانەی پێشکەش بەیەکدی ئەکەن و گرنگی ئەم کارە لە پتەوکردنی خۆشەویستیدا، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، پیاوان درک بەوە ناکەن کە شتە بچوکەکانیش بەلای ژنانەوە ھەمان گرنگیان ھەیە ھاوشێوەی شتە گەورەکان، ئەمەش وەک ھۆکارێک ئەبینێ، بۆ نائومێدبوونی پیاوان لە پەیوەندیەکانیاندا.ل٣٠٧
ھەر سەبارەت بەخۆشەویستی، لەشوێنێکی تردا نووسەر، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرچاوەی خۆشەویستی پیاو ھەستی ژنەکەیەتی بۆ ئەو، ھەروەھا ئەو کاردانەوە خۆشەویستیەیە کە ژن ھەیەتی بەرامبەر رەفتاری پیاو.ل٣٤١
لەشوێنێکی تردا نووسەر ئەو پەیوەندیەمان بۆ رووندەکاتەوە کە لە نێوان خۆشەویستی و بێتوانایی لە ئاخاوتن بەشێوەیەکی جوان و سەرکەوتوو ھەیە، پێی وایە ئەمە مانای ئەوە نیە کە ھاوژینەکان وەک پێویست یەکتریان خۆشناوێ، بەڵکو ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرجار ھاوژینەکان شارەزایی پێویستیان نیە لە پەیوەندیگرتن و شێوازی ئاخاوتنی جوان و گەیاندنی بەیەکدی.ل٣٨٦و٣٨٧
ھەروەھا نووسەر ھانی ژن و پیاو ئەدا کە لەرێگەی نامەوە خۆشەویستی بۆ یەکدی دەربڕن، چونکە وەک نووسەر ئەڵێ نووسینی نامەی خۆشەویستی لە ئارامیدا شتێکی تەندروستە ،چونکە کاتێک فەراھەم دەکات بۆ تۆ تا بەخۆت ببەخشیت بێ ئەوەی پشت بەھیچ کەسێکی دیکە ببەستیت.ل٤٠٤
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە زۆر ورد کاری لەسەر ئەو دەستەواژەو وشانە کردووە کە بەلای ھەردوو رەگەزەکەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی گەرم و گوڕ، پێویستە بەکاربھێنرێن، بۆ نموونە نووسەر پێی وایە کاتێک ژنان داوای ھاوکاری لە پیاوان ئەکەن واباشە وشەی (دەکەیت) لەجیاتی وشەی ( دەتوانی ) بەکاربھێنن، بۆ نموونە کاتێک ژن لە ھاوسەرەکەی دەپرسێت «دەتوانی حەوشەی دواوە پاک بکەیتەوە» پیاو ئەو پرسیارە بەمانای پرسیار وەردەگرێ و دەقاودەق ئەڵێ«دەتوانم بیکەم،کارێکی ئەستەم نییە» ناڵێ «ئەو کارە ئەکەم»، بەڵام کاتێک ژنەکە ئەڵێ«حەوشەکەی دواوە پاک دەکەیتەوە؟» لەم کاتەدا پیاوەکە دەستدەکات بە بڕیاردان و ئامادەیی دەردەبڕێ بۆ پاک کردنەوەی.ل٤٢٢
چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخێرەکانی پیاو بکرێت؟
نووسەر لەم کتێبەدا ھەوڵەدا لایەنە نێگەتیڤەکانی پیاو لە پەیوەندیدا ھەڵگێڕێتەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی پتەوو گەرم و گوڕ، ئەوەتا لە شوێنێکدا ئەڵێ گەر داواکاریەکت لە پیاوەکەت ھەبوو، ئەویش بە نەخێر وەڵامی دایتەوە، تۆ (واتە ژنەکە) بڵێ باشە یاخود کێشە نیە، دیارە نووسەر پێش خوێنەر ئەکەوێ لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا ئاساییە بۆ ھەموو حاڵەتێک ئەم تەکنیکە بەکاربێنێ؟ نووسەر لەوەڵامدا ئەڵێ ، تەنیا بۆ ئەو حاڵەتانەی کە ھەر بە راستی ئاساییە بڵێت نەخێر، نووسەر ئەوە بە نموونە ئەھێنێتەوە، پیاوێک لەکاتێکدا تەواوی بیرو ھۆشی لەسەر تەماشاکردنی ھەواڵەکانی تەلەفزیۆنە، ژنەکەی داوا دەکات کە بچێت بۆ دوکانی ماسی فرۆشەکەو ماسیەک بۆ نانی ئێوارە بھێنێ، ئەبێ بەلایەوە ئاسایی بێ پیاوەکە بڵێ نەخێر ناچم، داوا دەکات پێش ئەوە ژنەکە خۆی ئامادەبکا بۆ ئەم نەخێرەو وەڵامێکی ئامادەی وەک «باشە»ت پێ بێت.ل ٤٣٧
نووسەر پێی وایە ھەرجارێک ژن داوای پاڵپشتی لە پیاوەکەی ئەکاو لە ھەمانکاتدا بەھەڵەی دانانێ لەپای وتنی نەخێرەکەی، ئەوکات پیاوەکە لە نێوان پێنج بۆ دە خاڵ بۆ ژنەکەی دائەنێ،و جاری داھاتوو کە داوای پاڵپشتی لێکرد زیاتر وەڵامدەرەوەی ئەبێ بۆ داواکاریەکەی.ل٤٤١
ئایا ھەستەکانی رابردوو ، ھەستە نەرێنیەکان، لە توانایاندا ھەیە سەرھەڵبدەنەوەو ژیانی ھاوسەرەکان تێکبدەن؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەیە کە جۆن گرەی لەم کتێبەدا وەڵاممان ئەداتەوە.
گرەی پێی وایە ھەستەکانی رابردوومان لەناکاو پەیدا دەبنەوە، نەک تەنیا ئەو کاتەی عاشق دەبین، بەڵکو کاتەکانی دیکەش کە بە راستی ھەست بە باشی و دڵخۆشی و خۆشەویستی دەکەین.ل٤٥٨
نووسەر بۆ ئەم حاڵەتە داوا لە ھاوژینەکان دەست بە بنەمایەکەوە بگرن، ئەویش بنەمای ١٠/٩٠ ە،بەپێی ئەم بنەمایە، کاتێک بێزارین لەسەدا نەوەدی بێزاریەکەمان پەیوەستە بە رابردوومانەوە و ھیچ پەیوەندی بەو شتەوە نییە کە پێمان وایە لە ئێستایا بێزارمان ئەکا. تەنا لەسەدا دەی بێزارییەکەمان پەیوەستە بە ئەزموونی ئێستامانەوە.ل٤٥٩
ھەموو ئەمانەی باسکران کورتەی ئەو بیرۆکانە بوون کە نووسەر لە دوو توێی ئەم کتێبەدا ویستوویەتی بیخاتە بەرچاوی خوێنەران بەگشتی و ھاوژینەکان بەتایبەتی، وەک خۆشی ئەڵێ ؛ بیردۆزی پەروەردە ئەڵێ بۆ فێربوونی شتێکی نوێ پێوستە دووسەد جار گوێمان لێی بێت، ناتوانین چاوەڕێی ئەوە لەخۆمان بکەین، تەنانەت لە ھاوبەشەکەشمان، تا گشت زانیاری و بەرچاوروونییەکانی نێو ئەم پەرتووکەمان لە یادبێت، پێویستە ئارام و دان بەخۆداگربین، سوپاسگوزاربین بۆ گشت ھەنگاوێکی بچکۆلە. کاتی دەوێت تا کار بەم بیرۆکانە بکەین و بیانگونجێنین لەگەڵ ژیانماندا. ئێمە منداڵی پاک و بێگەردنین کە فێربین چۆن پەیوەندی سەرکەوتوومان ھەبێت. ئێمە لەلایەن دایک و باوکمانەوە بەرنامە رێژکراوین، لەلایەن ئەو کلتورو داب و نەریتەوە کە تێیدا گەورە بووین، لەلایەن ھەستە بە ئازارەکانی رابردوومانەوە.
پێکەوە بەستن و گونجاندنی ئەم حیکمەتە نوێیەی ھەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستانە ئاڵنگارییەکی نوێیە. تۆ پێشەنگیت. تۆ لە ناوچەیەکی نوێدا گەشت دەکەیت. کەواتە پێشبینی بکە ھەندێک جار ون ببیت. پێشبینی بکە ھاوبەشەکەشت ونببێت.
ئەم پەرتووکە رێ نیشاندەرە وەک نەخشەیەک بەکاری بھێنە، تا بەردەوام رێنوێنیت بکات بە نێو ئەو زەویانەدا کە نەخشەکێش نەکراون.
نووسەر لە کۆتا دێڕەکانی ئەم پەڕتووکەدا، داوادەکات گەر ھیچ شتێکی ئەم پەرتووکەشت لە یادنەما، تەنھا ئەوەندەت بیربێ، پیاوان لە مەریخەوە ھاتوون و ژنانیش لە ڤینۆسەوە، کە بیرت بوو ئێمە لە دوو جیھانی جیاوازەوە ھاتووین ئیدی ئەم تێگەیشتنە یارمەتیمان ئەدا کە زیاتر خۆشەویست بین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×