ئەمڕۆ سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێم و عێراق ئەنجام دەدرێت
  2024-05-26       300       

بڕیارە ئەمڕۆ سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێم و عێراق ئەنجامبدرێت و دوو مانگ دەخایەنێت.

بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە دانراوە، ئەمڕۆ سەرژمێریی ئەزموونی لە پارێزگا جیاجیاكانی عێراق، لە نێویشیاندا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دەستپێدەكات.

سەرژمێرییەكە ئەزموونییە و دواتر لەسەر ناوەرۆكەكەی پلانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دادەنرێت كە بڕیارە لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەمی داهاتوو لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت.

پێشتر محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، سەرژمێریی ئەزموونی و راهێنانی کارمەندان لەسەر شێوازی ژماردنەکان ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

دواین سەرژمێری کە عێراق، بەبێ بوونی هەرێمی كوردستان، ئەنجامیداوە لە ساڵی 1997 بووە و ئەوكات ئاشكرایكرد ژمارەی دانیشتووان 22.33 ملیۆن كەسە. پێشتر هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێرییەکی گشتیی دانیشتووان ئەنجامدەدرا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2022دا 42 ملیۆن و 248 هەزار و 883 کەس بووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×