سەرۆکی لیستی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی یەکێتیی ئاشکرایکرد، حزبەکەیان بەپێشنیازی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆماوەی دوو ساڵ لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە ڕازیی بوە، دهشڵێت:"چاوەڕێی وادەی دانیشتنی تایبەت لەگەڵ سەرۆکی حکومەت دەکەن بۆ تاووتوێکردنی ئەو بابەتە".
ئاوێنە: ڕێبوار تەها، سەرۆکی کوتلەی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، "یەکێتی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆماوەی دوو ساڵ لەنێوان پێکهاتەکانی کوردو عەرەبو تورکمانو بەشدارییکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لەئیدارەدانی پارێزگاکە".
ڕونیشیکردۆتەوە، چاوەڕێی وادەی سێیەم کۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکان، کە ماوەی دوو ههفتە مۆڵەتی بەلایەنەکان داوە کە دوای جەژنی قوربان کۆتایی دێت.
سەبارەت بەو پێشنیازەی کە هەندێک لایەن پێشکەشیانکردوە بەوەی پۆستەکان لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکان لەماوەی شەش مانگ یان زیاتر دەستاودەستیان پێبکرێت، لەناویاندا پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕێبوار تەها باسی لەوەکردوە، ئەو پێشنیازە لەسەر ئەرزی واقیع ناتوانرێت جێبەجێبکرێتو ئەوان ڕەتیانکردۆتەوە، بەوپێیەی پۆستەکەو کەرکوک پێیوستیان بەسەقامگیریی ئیداریی هەیە بۆئەوەی پڕۆژەو خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە بکرێت.