ئومێد خۆشناو: گرفتی سەرەكی كەمئاوی لە شاری هەولێر نەبونی كارەبای نیشتمانییە
  2024-06-11       177       

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، گرفتی سەرەكی کەمئاوی لە سەنتەری شاری هەولێر نەبونی كارەبای نیشتمانییە، سێ ساڵە چاوەڕوانین وەزارەتی کارەبا، کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکانی ئاو دابین بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارەبایەکی دابین نەکردوە."

ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، "%90ی گرفتی ئاوی گەڕەکەکانی سەنتەری شاری هەولێر، بەهۆی نەبونی کارەبای نیشتمانییە، بەداخەوە سێ ساڵ دەبێت بڕیاربو وەزارەتی کارەبا،  کارەبای نیشتمانی بۆ بیرەکان بۆ بیرەکان دابین بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."

وتیشی"هەر بۆ ئیدارەدانی قەیرانی کەمئاوی لە هەولێر لە دو ساڵی ڕابردودا تاوەکو ئێستاش دابینکردنی کارەبای بیرەکان لە ڕێگەی مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە بەردەوامە، ئەمەش کارەبایەکی زۆری پێویستە، هەربۆیە ئەم شێوازە پچڕپچڕەی کارەبا وایکردوە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو کاتێکی زۆریان بوێت بۆ ئەوەی پڕ ببن و ئاو بگاتە تەواوی شوێنەکان."

بەقسەی پارێزگاری هەولێر، لە دو ساڵی ڕابردودا نزیکەی 270 بیر بە مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە بەستراونەتەوەو بۆ ئەمساڵ سەروی 300 بیر لە پلاندایە لە ڕێگەی مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە کارەبایان بۆ دابین بکرێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند، پرۆسەی لێدانی بیری نوێ لە جێگە بیرە وشکبوەکان دەستی پێکردوەو جگە لەوەش، پلانێکی دیکەی حکومەت بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی سودوەرگرتنە لە ئاوی سەر زەویی بۆ ئەمەش هەوڵێک هەیە بەم نزیکانە لولەی زیاتری گەیاندنی ئاو بۆ ناوەندی هەولێر زیاد بکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×