زامەكانی شۆڕش، سێبەری ژنێک
  2024-06-22       711       

نەجات نوری

 

هەرچەندە بڕیارم دابوو كە ئیتر لەسەر هیچ كتێب نەنووسم، بەڵام دوای تەواوكردنی وشەكانی (مەلەكەی مستەفا سوڵتانی) نەمتوانی چەند دێڕێك بۆ یادی ژنێكی سەنگین و شۆڕشێگێڕ و خاوەنی پێنج برا و هاوسەرە شەهیدەكەی نەنوسم، كتێبەكەم داناو لێم دەڕوانی و بە خۆم دەوت: مەلەكە لەم یادەوەریانەی دا، دادگایی سەرانی كۆمۆنیستی ئێران و بیری هاوسەنگەرانی خۆشی دەكات، دەموت: ئاوا یادەوەری دەنووسرێتەوە، ئاوا دەبێت ببیتە وڵاتپارێز و دوای هەموو ساڵە سەختەكان و خوێنی گیانی براكانت بەردەوام بیت و بەرەنگاری دەیان كۆنەپەرست و هەڵوێستی هاوڕێ خراپەكانت ببیتەوە و بتەوێت دووژمن ببەزێنیت، دەموت: ئەمە بە تەنیا كتێبی ژنێكی ڕەنجدەرنییە بەڵكو تاڵی ڕۆژگارێكە كە زۆری خەڵك چەشتوویانە و بە هەموو دەردەسەریەكانی خۆیانەوە نەیانتوانیوە پشت بكەنە باوەڕ و ئەخلاق و وڵاتی خۆیان و لە پێناوی دا مردوون. ئەمە كتێبێكە كە دەتباتەوە بۆ ناتەواویەكانی بیری كۆمۆنیستەكان و ئەو شۆڕشگێڕانەی كە بەناهەق هاتن و هەمووخەباتی خۆیان كردە قوربانی ململانیە هیچ و داڕزاوەكان، ئەم كتێبە بۆ خۆی دەبێتە دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە شەرم لە خەبات و تێكۆشانی ژنێكی وەكو مەلەكە ناكەن و لە پێناو هەندێك پۆست و دەستكەوت دا ڕەنجی هەزاران شۆڕشگێڕیان بە فەوتان سپارد و خۆیشیان چوونە ناو كایەیی مێژوویەكەوە كە خراپ تەمەنیان تێیدا دەنوسرێتەوە، شەرمە بۆ تاكی كورد كاتێك كە مەرگەساتەكانی ناو ئەم كتێبە و ژیانی مەلەكە دەخوێنێتەوە بە هەڵەو ناعەقڵانیەت و بۆچوونە چەوتەكانی خۆی دا لە بەرامبەر میللەتەكەیدا نەچێتەوە، ئاخر ئەم كتێبە بۆ ئەوە نوسراوە تا دوای خوێندنەوەی یەك یەك بە گەورە و بچوكمانەوە دادگای خۆمان بكەین و بیر لەو هەموو جەنگە نەگریسانەی كە دژ بە خۆمان كردوومانە بكەینەوە بپرسین لە پێناو چیدا گیانی دەیان تێكۆشەری مەزنی خۆمان خەڵتانی خوێن كرد؟ ئەم یادەوەریانە زیاتر بۆ خۆدادگایی كردنە نەك داخ و گریان، مەلەكە لەم كتێبەدا لە قووڵایی تاریكیەكانەوە دەرمان دەهێنێت و بەرەوسەرەوە ئەو وێنانەمان نیشان دەدات كە كوردبوون یەكبوون و یەك دەستی و یەك گیانی دەوێت نەك پەراوێزخستنی ئەم و ئەو و دووژمنایەتی كردنی باوەڕی یەكتری، مەلەكە ئەوەمان وەبیردەهێنێتەوە كە تاكی كوردە ئەوەندەی خۆی مەرگەساتی بۆ گەلەكەی هێناوە ئەوەندە دوژمن و نەیارەكانی كاریگەریان نەبووە، ئاوا ئەم كتێبە بە تەنیا یادەوەریەكانی (مەلەكە مستەفا سوڵتانی) نیە، بەڵكو ئەلبوومی شۆڕشێكی وەكو كۆمەڵەیە كە پڕە لە قوربانی و ناتەواوی و ململانییەی ڕابەرە بێ ئاگاكان، كە لەم شۆڕشەدا بنەماڵەكەی خۆی خۆیان دەكەنە قوربانی بۆ ڕزگاری و ئازادی، كەچی ڕابەرەكانی كۆمەڵە دوای ئەم هەموو قوربانیانە لە دژایەتی یەكتری ناكەون و مەرگی شۆڕشەكەیان ڕادەگەیەنن نەك بەرەو سەركەوتنی بەرن و دێن پارچە پارچەی دەكەن، پرسی مەلەكە وەكو ژنێكی زامدار دوای پێنج برایی شەهید و مەرگی هاوسەرەكەی و كیژەكەی و مەرگی دایك و باوكی بە تەنیا لەم كتێبەدا وەڵام نیە بۆ خۆ دەرخستن و بە پاڵەوانبوونی خۆی، بەڵكو وەڵامە بۆ دوژمنی میللەتەكەی و سەرهەڵدانی شۆڕش و ئەو هەموو ڕێگا سەختانەی كە وڵات پارێزان بەبێ هیچ پشتیوانیەكی ئەملاولا بۆ ئازادی گەلەكەیان بۆی تێكۆشاون، لە هەموو بەشێكی ئەم كتێبەدا لەئاست ئەو وێنە ڕاستەقینانەدا ڕادەمێنین كە زۆرینەی مرۆڤی كورد گیانێكە هەمیشە خۆی بۆ قوربانیدان ئامادەكردووە و دەتوانێت زۆرقۆناغی سەخت ببڕێت و بەسەر دووژمنەكەیشیدا سەربكەوێت ئەگەر بیری خیانەت و خۆ پەسێنی وەلاوەبنێت... لەم كتێبەدا بەوە دەگەین كە مەلەكە بەڕاستی بەرگەی ئەو هەموو سەختی و ئازارانەی گرتووە كە كەم ژن دەتوانن بەرگەی بگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×