-کێشی بەهاکان.. ڕەنگە سامان کەڵەکە بێت، بەڵام هەرگیز هاوتای قورسایی بەهای ئەخلاقی نابێت - کاری ئەنگل بۆلیغان
نەوزاد بەندی
نا ..نا ..
پێویست بە ڕۆمان ناکا .. ژیانی تێکڕای خەڵکی ئێرە ئەتوانیت بە لاپەڕەیەک باس بکەیت ..ژیانیان شوێنی تێدا نییە ، چونکە شوێن بە خۆیان ناگرن .. پاڵەوان و ڕوداویشی تێدا نییە ، تەنها ڕوداوێکی تیایە ئەویش کەناڵێکی سەتەلایتە .. ئێ ڕۆمان ئەبێ شوێن و کات و ڕوداو و پاڵەوانی تێدا بێ ..واتا لێرە تەنها کات هەیە ، مانەوەی کاتیش لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتیان بەسەر خولانەوەی زەوی و خۆردا نییە ، ئەگینا ڕۆژیان ئەکرد بە دوو سەعات یان بە چل سەعات ..هەرچەندە لە ڕووی خزمەتگوزاری و شتەکانی ترەوە ، دەستکاری کاتیشیان کردووە ، بۆ نمونە فەرمانبەران پەنجا ڕۆژ جارێک موچە وەردەگرن .. هەندێ جار نەوەد ڕۆژ جارێک ، وەک مژدە و دەسکەوتێک موچەیان بەسەردا دابەش ئەکەن ، یان هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لە جیاتی چوار ساڵ جارێک ، ئەبێتە شەش ساڵ یان هەشت ساڵ و زیاتریش .. ئەو کاتە درێژ ئەکەنەوە ، لەمسەر و لەوسەرەوە ڕایئەکێشن .. کەواتە ئەتوانیت بڵێیت لێرە کاتیش بوونێکی ئاسایی نییە .. ئیتر ڕۆمانی چی ؟ .. نەوەڵا ، ئەتوانیت بە کەمتر لە لاپەڕەیەک چیرۆکی ژیانی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بنوسیتەوە .. یان ڕاستتر ئەتوانین بڵێین چیرۆک نییە ، ناساندنی پارچەیەکی دابڕاو لە مرۆڤایەتییە .. یاخود مرۆڤگەلێکی ناوچاڵێک ، کە سەدان ساڵ پێش ئێستا باپیرە هەرە گەورەکانیان ، لە کاتی شەڕە تێڵای نێوانیاندا ، کەوتونەتە ناوچاڵەکەوە .. لەگەڵ ئەوەی شوێنەواری تێڵایەکی زۆر بە سەر و گوێلاکیانەوە دیار بووە ، بەڵام نەمردوون و .. لەناو چاڵەکەدا زاوزێیان کردووە و زۆر بوون .. ئیتر وەرە پێناسەی ئەمە بکە ، شەش ملیۆن کەس لەناو چاڵێکدا ، ئەژین و زاوزێ ئەکەن و .. هەندێکیشیان جار و بار لە چاڵەکە دێنە دەرەوە ، ئەڕۆن بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە و دوایی دێنەوە ، فڵق بۆ ناو چاڵەکە .. دیسان دێنەوە دەرەوە و .. ئەڕۆنەوە بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە ..بە جۆرێک تیایاندایه دوانزە جار چووە بۆ تورکیا ..بیست و یەک جار چووە بۆ ئێران .. هەژدە عەمرەی کردووە .. هێشتا تێریان لە تورکیا و ئێران و عەمرە نەخواردووە .. بە جۆرێکیش لە جۆرەکان ئەوانەی لە تورکیا تێریان نەخواردووە ، ڕقیان لەوانەیە کە له ئێران تێریان نەخواردووە ، هەردووکیشیان پێکەوە یان جیا بە جیا ڕقیان لەوانەیە کە تێر لە عەمرە ناخۆن .. عەمرەکارەکانیش گاڵتەیان بە عەقڵی ئەوانە دێت کە له گەشتی تورکیا و ئێران تێر ناخۆن .. بەڵام ئەم ڕقە ، تەنها ڕقە ، واتا گەشە ناکات بۆ شەڕی دەستە و یەخە ، چونکە فێربوونی شەڕ بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە .. بەو جۆرە هەر سێکیان وەک یەک وان ، واتا حەزیان به کۆشک و ڤێلا و باخ و مارسیدسی مایباخە .. هەرسێکیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە بەرامبەر نەوتێکی زۆردا ، مانگانە نۆ کیلۆ ئارد وەرئەگرن ..حەزیشیان لەوەیە مناڵەکانیان ، هەر لە قۆناغی دایەنگاوە فێری زمانی بێگانە بن و قەت نەمرن ..لە ژیانی خۆیان زۆر ڕازین و زەڕەیەک لە خاکی ناو ئەو چاڵە ناگۆڕنەوە بە قەسری قەیسەریی ..
ئیتر ئەمە کەی ئەوە ئەهێنێ ڕۆمانی تیا خەرج بکەیت ؟
لەوەیش سەیرتر بەردەوام تەنی نەناسراو دێت و ناوچاڵەکە بۆردومان ئەکا ، ئەم بۆردومانکردنە ڕوداو نییە ، چونکە ڕوداو یەکجاره ، بەڵام ئەم بۆردومانە وەک باران و بەفر وان ، واتا دیاردەیەکی سروشتیی زۆر ئاسایین و هیچ کەسێک بێزار ناکا ..چەند کەسێک ئەمرن و بریندار ئەبن ، ئەوانەیش بێ گومان ئەجەلیان هاتووە و کەس ناتوانێ دەستکاریی مەسەلەی تەمەن بکات ، کە تەواو بوو ، ئەبێ تەواو بێ .. هەر بۆیه ئەو تەنە نەناسراوانەی ئاسمان وەک قەزا و قەدەر و ..تەنانەت وەک ڕزق و ڕۆزیش تەماشا ئەکرێن ، وەک چۆن بارانەکەی قبوڵ ئەکرێ ، ئەبێ بارووتەکەیشی قبوڵ بکرێ ..
ئیتر بەبێ ڕوداو ، ڕۆمانی چی بنوسرێ ؟ خۆ هەرچەندە تیایشیاندایە دەیان ڕۆمانی نوسیوە ..ڕۆمانی وا کە نزیکەی هێندەی بلۆکێکی دەیی ئەبێ ، خەڵکێکی زۆریش خوێندویاننەتەوە و لە هیچیشیان تێنەگەیشتوون و .. جارێکی تریش خوێندویاننەتەوە .. لەگەڵ ئەوەی دیسان هیچیان لێ حاڵی نەبووە ، بەڵام چێژێکی زۆریان پێگەیشتووە و .. کۆمەڵێکی تریان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و بۆ زمانە زیندووەکانی جیهانیان وەرگێڕراون ..بۆ ئەوەی ئەوروپیەکانیش بیانخوێننەوە و هیچیشیان لێ تێنەگەن و چێژێکی زۆری لێ ببینن ..بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو ڕۆمانانەیان وەرنەگێڕراوەتە سەر زاری تورکی و فارسی و عەرەبی ، هەرچەندە زۆرینەیان یان هەموویان لە گەشتی تورکیا و ئێران و سعودیه تێر ناخۆن ..ئەمەیش بۆ خۆی پرسیارێکی لای یەکێکیان دروست کرد کە پاشان گرتیان و شوێن بزریان کرد .. پرسیارەکەی ئەوەبوو ، ئایا ئێوە کە تێر لە تورکیا و ئێران و سعودییە ناخۆن ، بۆچی ڕێگا نادەن ڕۆمانەکانمان بکرێنە فارسی و تورکی و عەرەبی تاکو ئەوانیش تێر لە ڕۆمانەکانمان نەخۆن ؟
پرسیارێکی جوان بوو ، بەڵام وەک بڵێی زۆر جوان نەبوو .. به واتایەکی تر ئەبوو ئەو خاوەن پرسیارەیان نەگرتایە و شوێن بزریان نەکردایە ، وەڵامێکی سادەیان بدایەتەوە ، چونکە ئاشکرایه تورکیا و ئێران و سعودیە ، وڵاتانێک نین کە بە ڕۆمانەکانی ناو چاڵێک هەڵبخڵەتێن ..ئەوان خۆیشیان گاڵتەیان بە ڕۆمان دێت .. ڕۆماننووسەکانیان یان لە زینداندان یان لە ئەوروپا پەناهاندەن ..ئیتر ڕۆمانی ئێمەی چی ؟ ئەوان خەریکی بازرگانی و ئاڵ و وێڵن ..واتا ئەوان هێشتا لە نەوت و غاز و ڕابواردن تێریان نەخواردووە ، ئیتر ڕۆمانەکانی ناو چاڵی چی ؟! وەڵا برا من خانەی بڵاو کردنەوە ئەزانم ، پڕ دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆکیان کردووە بەو دیوا و ..وەک زەماوەندی کوڕە کەچەڵە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ گێڕاویانە ، کەس نەیوتووە کەرتان به چەند .. ئینجا وەرە دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆک بکەرەوە بەمدیوا ..
ئاخر بۆیه من پێشتان کەوتم و ..وتم پێویست بە ڕۆمان نوسین ناکا .. تۆ کات و شوێن و ڕوداو و پاڵەوانت نییە ، ئیتر ڕۆمانی چی ؟ بەڵام ئەوروپییەکان حەزیان لە شتی سەیرە ، بۆ نمونە نەک هەر ڕۆمان ، سەلکە ترخێنەیەک ببەرە ئەوێ ، هەموو لە دەوری کۆئەبنەوە وا ئەزانن چەناگەی دیناسۆرێکە و .. دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن .. یان سمێڵی عەزیز وەیسی .. شمشاڵەکەی قالە مەڕە ..یان گۆرانییەک وەک لورە لور ، تۆمار بکە ، هەموو ئەوروپا لەچوار دەوری کۆ ئەبنەوە .. چونکە ئەوان لە نەوت و گاز تێر بوون .. لە قۆناغی دوای قڕقێنە و خۆکێشانەوەدان ، بۆ نمونە حەز ئەکەن بزانن سمێڵی عەزیز وەیسی لە چەند داو پێکهاتووە ..هەر بەو جۆرەیش ڕۆمانەکانمان کە خۆمان نازانین باسی چی دەکەن ، لای ئەوروپییەکان ئەبنە جێی بایەخ ..ئەوان وەک ڕۆمان تەماشای ناکەن ، بەڵکو وەک پارچەیەکی پێش ملیۆنێک ساڵ تەماشای ئەکەن و چێژی لێ ئەبینن .. تیایدا بۆ دەسخەت و بەردە دەسکەلاکانی دەستی نیاندەرتاڵ و کڕۆمانیۆم ئەگەڕێن .. واتا ئەوان وەک شتێکی سەیر ئەیخوێننەوە ، ڕۆمانێک لەناو چاڵدا نووسرا بێ ، شتێکە جێی بایەخە .. وەک ئەوە وایه بڵێی مردوویەک لەناو گۆڕدا پڕ یەک تاوە هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ، لێرەدا ئەوروپیەکان حەزیان لە هێلکە و ڕۆنەکە نییە ، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو لە چواردەوری کۆ دەبنەوە ..وەک چۆن لە دەوری فیلمی ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان کۆبوونەوە ، ئەوان وەک ڕووداوێکی هات و چۆ ، یان بومەلەرزەیەک تەماشایان ئەکرد ، کە چۆن مناڵگەلێک ئەو هەموو کۆڵە له خۆیان دەنێن و بەناو بەفرا ، شاخەکان ئەبڕن ..شتی وا لە ئەلیادە و ئۆدیسەیشدا ڕووی نەداوە ، بەڵام ئێمە واماندەزانی ئەوان بۆ هونەری ئێمە دەڕوانن ، لە کاتێکدا هەر زوو ئەو فیلمە له یاد چوو ، چونکە بومەلەرزە و لافاو تەنها له کاتی ڕوودانیدا خەڵک لە دەوری کۆ ئەبنەوە ، دوای ئەوە هەر کەسێک ئەڕوا به لای ئیشی خۆیەوە ..ئەمە دووبارە کردنەوەی ئەوێ ، واتا ئەوروپییەک کە بە دیار فیلمێکی یەڵماز گیونایەوە دادەنیشێ وەک ئەوە نییە بە دیار فیلمێکی تۆم هانکسەوە دانیشێ ، لەوەی یەکەمدا تەماشای شتێکی سەرسوڕهێنەر ئەکا وەک کەوتنە خوارەوەی نەیزەکێک ..بەڵام لەوەی دووەمدا ، هونەری سینەما و ڕوناکی و فلاشباک و شتەکانی تری فیلم تەماشا ئەکا ..
واتا ئەو مناڵەی تەشتە گوڵە بەڕۆژەکەی ڕژاوە و خەڵک له دەوری کۆبوونەتەوە ، وەک کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە نین لە تەماشاکردنی فیلمی کچە شقارتە فرۆشەکەی ئەندەرسندا ، هەردووکیشیان خەڵکێکی ئەوروپیی دەورەی داون ، بەڵام یەکەمیان نەگبەتییە و هونەر نییە ..لە کاتێکدا ئەوەی دووەمیان چیرۆکێکی هونەریی پڕ له فەنتازیایە ..
هەرچەندە ئێمە وا دەزانین لەبەر تامی هێلکە و ڕۆنەکە ، ئەوروپییەکان کۆ بوونەتەوە .. چونکە گەر ئەو مردووەی لەناو گۆڕەکەیدا هێلکە و ڕۆنەکەی ساز کردووە ، نیشانی تورک و فارس و سعودییەکان بدەین ، هەر تەماشایشی ناکەن .. ئێ ئەوان هێشتا تێریان لە نەوت و گاز نەخواردووە ، ئیتر هێلکە و ڕۆنی چی بخۆن ؟ خۆیشمان بە هەمان شێوە کاتێ تێرمان لە گەشتی عەمرە و تورکیا و ئێران نەخواردووە ، ئامادە نین بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن مردوویەک پڕ تاوەیەک هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ..
هەر بەو شێوەیە ئەوروپیەکە کاتێ بە زاری هەڵپچڕاوەوە ڕۆمانەکانمان ئەخوێنێتەوە ، هی ئەوە نییە کە هونەرێکی بەرزی ڕۆماننوسین ئەخوێنێتەوە ، بەڵکو هی ئەوەیە کە چۆن لەناو چاڵدا خەڵک فێری خوێندەواریی بوون و ئەتوانن شت بنووسن ..
بەڵام ئەوانەی لای ئێمە لەوە تێ ناگەن .. ئەیانەوێ بڵێن ئێمەیش ڕۆمانمان هەیه ..ئێمەیش شتین .. کەچی له پڕ ڕوماننوس مەعنا لەناو چاڵەکەدا نامێنێ ، ئەڕۆن بۆ ووڵاتە ئەوروپییەکان ، داوای مافی پەناهاندەیی ئەکەن ، ئیتر کابرای ئەوروپیی نازانێ بڵێ چی ..یان ڕاستتر ناتوانێ تێی بگەیەنێ کە ئەو ڕۆماننوس نییە ، بەڵکو ئەو کەلەپورناسه و ..شتی زۆر کۆن و سەرسوڕهێنەری نیشان داون ..ئا لێرەدا ئیتر کۆبوونەوە ڕوودەدات .. کۆبوونەوەی لاپەڕەیەکی زۆر ، کە چەندەها جار ئەخوێنرێنەوە ، بێ ئەوەی هیچی لێ حاڵی ببن ، بەڵام چێژی لێ ئەبینن .. واتا شتی وا لە مێژوودا ڕووی نەداوە تۆ له پاریس دانیشی و ..ڕۆمان لەسەر سابونکەران بنوسیت ..یان لە بەرلین ، سۆشیاڵ و ڕۆمان و داهێنان پێکەوە بکەیت بە کۆکتێل ، لە چاڵەکەیشدا دوور بە دوور ، موچەی لیوا ڕوکنت بۆ ببەستن ..بۆ ئەوەی نهێنییەکان نەبەیتە دەرەوە ، یان هیچ نەبێ به شکۆدارییەوە باس لە چاڵەکە بکەیت .. لە کاتێکدا ئەوروپییەکانیش بەرە بەرە بێزار ئەبن .. واتا گەڕان به ناو مۆزەخانەدا ، چەند خولەکێک خۆشە و ئەبێ ئیتر بە جێی بێڵیت ...
ئیتر ڕۆمانی چی ؟
ویستم بە خێرایی باسی دووان بکەم ، کە سەرەتا ویستیان کۆمپانیایەکی گەورەی شیرەمەنیی دامەزرێنن ، کە ئاستەنگی کارەبا و باج و پشک پشکێنە یەخەی گرتن ، بڕیاریان دا جارێ دەرهەق بە زروف و زەمانە ، پاشەکشە بکەن و لەماڵی یەکێکیان پەنیری مەڕ بەرهەم بهێنن ، دوای ئەوە کە بۆیان دەرکەوت ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا بکەن ، بڕیاریان دا ڕۆژانی هەینی لە سەڕقەبران بازاڕی بۆ پەیدا بکەن ، چونکە بە ڕۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر دێنە سەردانی گۆڕستان .. لەوێدا پۆلیس ڕێگرییان لێ دەکا و ..ئەمانیش مکوڕن لەسەر فرۆشتنی سەلکە پەنیرەکان ، ئیتر یەکێکیان ئەکوژرێ و ئەوەی تریشیان بە یاسای خراپ ساغکردنەوەی پەنیر دەست بەسەر ئەکرێ ..