ئایا ئه‌حمه‌دى خانى فه‌یله‌سوف‌و بیریار بووه‌؟
  2024-08-01       711       

نووسینی/ عەتا قەرەداخی

 

( پێداچوونه‌وه‌ى بۆچوونه‌كانى دكتۆر عیزه‌دین)

له‌ نێوه‌ندى ڕۆشنبیرى ئێمه‌دا له‌به‌ر لاوازى عه‌قڵى ڕه‌خنه‌یى و نه‌بوونى ڕه‌خنه‌گرى خاوه‌ن ئامڕازى ڕه‌خنه‌یى و ڕۆشنبیرى ڕه‌خنه‌یى به‌رفراوان و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌وێران بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر زۆر ڕاو بۆچوون له‌ ڕابردوودا چه‌ندین به‌رهه‌م و نووسینى ئێمه‌ كه‌ شایانى قسه‌ له‌سه‌ر كردن بوون به‌بێئه‌وه‌ى شتێكى ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر گوترابێت تێپه‌ڕبوون، یان ئه‌گه‌ر قسه‌شیان له‌سه‌ر كرابێت له‌ دوو بۆچوونى ساده‌ زیاتر نه‌بووه‌، ئه‌ویش یان په‌سه‌ند كردن و پیاهه‌ڵدانێكى ته‌واو بووه‌ یان ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كى بێ بنه‌ما. هه‌ردوو هه‌ڵوێسته‌كه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ى بنه‌ماكانى ڕه‌خنه‌ بوون، به‌ڵكو یان له‌سه‌ر بنه‌ماى هاو ئایدیۆلۆژیایى نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان په‌سه‌ندكردنى لێكه‌وتۆته‌وه‌، یان له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازى ئایدیۆلۆژى نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌كه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌.

هه‌ندێ پایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیش وایان كردووه‌ كه‌ هه‌ندێ نووسه‌ر له‌ سه‌رووى ڕه‌خنه‌وه‌ دابنرێن و كه‌س بۆى نه‌بێت لێیان بدوێت ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ (ته‌وته‌میه‌تى) له‌ ڕۆشنبیرى كوردیدا دروستكردووه‌، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ڕووه‌ لاوازه‌كانى ڕۆشنبیرى كوردى و هاوشێوه‌ى عه‌قڵى خێڵایه‌تیه‌ كه‌ چۆن له‌ پێكهاته‌ى خێڵدا سه‌رخێڵ یان ئاغاو به‌گ و شێخ پیرۆزن و كه‌س بۆى نیه‌ ڕه‌خنه‌یان لێبگرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ندێ له‌ نووسه‌رانى كوردیش له‌ ڕابردوودا ئه‌و پله‌وپایه‌یان وه‌رگرتووه‌ و قسه‌كردن له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ و حه‌رام دانراوه‌. دیاره‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ قازانجى ڕۆشنبیرى كوردى نیه‌ چونكه‌ له‌ لایه‌ك كوشتنى عه‌قڵى ڕه‌خنه‌ییه‌، له‌ لایه‌كى تر سه‌پاندنى چه‌ندین ڕاوبۆچوونه‌ كه‌ ده‌شێ بنه‌ماى زانستیان لاوازبێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كو تێكستى پیرۆز وه‌ربگیرێن.

لێره‌دا من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئاخاوتن كردن له‌سه‌ر دوو بۆچوون له‌ كتێبى (ئه‌حمه‌دى خانى.. شاعیر و بیریار و فه‌یله‌سوف و مته‌سه‌وف) له‌ نووسینى به‌ڕێز دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا كه‌ له‌ ساڵى 1979دا له‌ چاپخانه‌ى الحوادث له‌ به‌غدا چاپكراوه‌. دیاره‌ هیچ كام له‌ ئێمه‌ نكوڵى شوێنى دكتۆر عیزه‌دین ناكات له‌ ڕۆشنبیرى كوردیدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كانى سه‌د ده‌رسه‌د دروستن و شایانى هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك نین، به‌ تایبه‌تى ئه‌و بۆچوونانه‌ى له‌م كتێبه‌و له‌ كتێبى "ڕیالیزم له‌ ئه‌ده‌بى كوردى"دا خستونیه‌تیه‌ ڕوو. ئامانجى من لێره‌دا دروستكردنى جۆرێك له‌ ئاخاوتنه‌ به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا ده‌شێ كورد له‌ نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌دا خاوه‌نى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ بووبێت؟ ئایا نه‌ك له‌و مێژووه‌دا به‌ڵكو تاكو ئێستاش ئێمه‌ بیریارو فه‌یله‌سوفمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌مانه‌ كوانێ فیكر و فه‌لسه‌فه‌كه‌مان؟ كوانێ به‌رهه‌مى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌و بیریار و فه‌یله‌سوفانه‌؟ ئایا كاتێ نووسه‌رێكى ئێمه‌ كۆمه‌ڵێ شتى پێشتر گوتراو له‌ شیعر یان چیرۆك یان وتاره‌كانیدا دووباره‌ بكاته‌وه‌ ده‌بێت به‌ بیریار یان فه‌یله‌سوف؟

ئه‌و دوو بۆچوونه‌ى ده‌مه‌وێت لێره‌دا لێى بدوێم ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئه‌حمه‌دى خانى بیریار بووه‌؟ ئایا ئه‌حمه‌دى خانى فه‌یله‌سوف بووه‌؟ له‌ په‌راوێزى گه‌ڕان له‌ دواى وه‌ڵامى ئه‌م دوو پرسیاره‌ هه‌وڵده‌ده‌م قسه‌ له‌سه‌ر شوێنى ئه‌حمه‌د خانى له‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تیشدا بكه‌م، به‌ڵام له‌ وتارێكى تردا.

بیریار به‌ كه‌سێك ده‌وترێت كه‌ فیكرى به‌رهه‌م هێنابێت، یان به‌شدارییه‌كى ئاشكراى هه‌بێت له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكردا. گرنگ نیه‌ ئه‌و فیكره‌ چىیه‌ و تا چه‌ندێ له‌ خزمه‌تى مرۆڤایه‌تیدایه‌. هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆ وه‌كو دوو بیریار و دوو فه‌یله‌سوف شوێنى دیاریان هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانىدا كه‌ ئه‌و فیكره‌یه‌ به‌ پایه‌یه‌كى به‌هێزى فیكرى ڕۆژئاوا داده‌نرێت نه‌ك ته‌نیا له‌ مێژووى كۆندا به‌ڵكو بۆ ئێستاش. هه‌ریه‌كه‌ له‌ بیریاران و فه‌یله‌سوفانى دنیا ڕوانینى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌ بۆ گه‌ردوون و بوون و ژیان و په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤ و سروشت و پێداویستییه‌كانى ژیانى مرۆڤ له‌ غه‌ریزه‌ و حه‌ز و ئاره‌زوو، ویسته‌ مادى و مه‌عنه‌وییه‌كان.. هه‌روه‌ك ڕوانین بۆ كۆمه‌ڵایه‌تى بوونى مرۆڤ و پێكهاته‌ى خێزان و به‌رهه‌م هێنانى ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پێداویستى ئازادى و دیموكراتى و دیوالیزمه‌كان له‌ گه‌ردوونداو هێزه‌ جوڵێنه‌ره‌كانى ژیانى تاك و كۆمه‌ڵ و.. جێگاى دیاریان گرتووه‌ له‌ پانتایى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا. هه‌ر فه‌یله‌سوف و بیریارێكیش له‌ ڕوانگه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رنجى ئه‌و لایه‌نانه‌ى داوه‌و به‌شدارى كردووه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكردا سه‌باره‌ت به‌ بوار یان دیارده‌یه‌كى تایبه‌تى و ڕسته‌ى فیكرى خۆیى ناساندووه‌ كه‌ به‌ ناوى ئه‌وه‌وه‌ جێگیر بووه‌.

گرفتى توێژه‌رى كورد تا ئاستێكى دیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ى پێناسه‌ى هه‌بێت بۆ دیارده‌یه‌ك یان ته‌نانه‌ت زاراوه‌یه‌ك قسه‌ى له‌ باره‌وه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ش به‌ره‌و كارى سه‌رپێیى و هه‌ڵه‌ى ده‌بات. دكتۆر عیزه‌دین له‌ ئه‌حمه‌دى خانیدا تووشى هه‌مان حاڵه‌ت بووه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ى پێناسه‌ى زاراوه‌كانى كردبێت خانى كردووه‌ به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف. ئه‌مه‌ش ئه‌و پرسیاره‌مان لادروست ده‌كات ده‌بێ دكتۆر چ پێناسه‌یه‌كى بۆ بیریار یان فه‌یله‌سوف هه‌بێت؟ بێگومان ده‌شێ داڕشتنى جیاواز هه‌بێت له‌ ناساندنى ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌دا. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستىیه‌ بزانین كه‌ به‌بێ بوونى هه‌ندێ بنه‌ماى تایبه‌ت ناكرێت كه‌سێ به‌ بیریار یان فه‌یله‌سوف دابنرێت.

له‌ فه‌رهه‌نگى زاراوه‌كانى فه‌لسه‌فه‌و فه‌رهه‌نگى (Longman)دا وشه‌ى فه‌یله‌سوف به‌م جۆره‌ پێناسه‌كراوه‌: فه‌یله‌سوف ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕێك ده‌كات و په‌ره‌ى پێده‌دات كه‌ ئه‌و بیروڕایه‌ ده‌رباره‌ى سروشت و ماناى بوون و حه‌قیقه‌ته‌ بۆ نموونه‌ باش و خراپ و.. تاد. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوف كه‌سێكه‌ به‌ قوڵى بیر له‌ دنیا و ژیان و شته‌كانى تر ده‌كاته‌وه‌(1) له‌ هه‌مان شوێندا هاتووه‌: بیریار كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ ناوبانگه‌ بۆ كارى گرنگى له‌سه‌ر بابه‌تى زانست یان فه‌لسه‌فه‌(2) فه‌لسه‌فه‌ش بریتىیه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ى سروشت و ماناى بوون و حه‌قیقه‌ت و یه‌كێكه‌ له‌ سیسته‌مه‌كانى فیكر(3).

ئه‌فلاتۆنیش ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه‌ بریتىە له‌ زانینى حه‌قیقه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى ڕه‌ها(4). فه‌لسه‌فه‌ مه‌عریفه‌یه‌كى وردى تایبه‌ته‌ له‌ باره‌ى شتێكى دیاریكراوه‌وه‌(5). ده‌توانین چه‌ندین وته‌ى تر بهێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان پێناسه‌ى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ ده‌كه‌ن. به‌ گوێره‌ى مرۆڤ بۆچوونى له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ خۆڕسكى ئه‌فریده‌یه‌كى بیركه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام سنوورى ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ دیاریكراوه‌و ته‌نیا تاكه‌ كه‌سه‌ ده‌گمه‌نه‌كان له‌و سنووره‌ ئاساییه‌ى بیركردنه‌وه‌ ده‌رچوون و توانیویانه‌ به‌شدارییان هه‌بێت له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا.

له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى جیهانیدا له‌سه‌ر بنه‌ماى جیهانبینى فیكرى و فه‌لسه‌فى له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیاندا هیچ كه‌س نه‌بووه‌ به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف بۆ نموونه‌ هیچ كه‌س به‌ شكسپیر ناڵێت بیریار یان فه‌یله‌سوف له‌ كاتێكدا ده‌یان ڕوانینى فه‌لسه‌فى كردۆته‌ جیهانبینى ده‌قه‌كانى بۆ نموونه‌ له‌ ده‌قى هاملێت دا ڕسته‌ى ( ببیت یان نه‌بیت ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌كه‌(6)). ئه‌م ڕسته‌یه‌ ڕوانینێكى قوڵى فه‌لسه‌فى له‌ پشتییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌بۆته‌ ڕسته‌یه‌كى فه‌لسه‌فى بۆ شكسپیر، یان له‌ پاى ئه‌م ڕسته‌یه‌ شكسپیر به‌ فه‌یله‌سوف یان بیریار ناونابرێت، هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌شێ هه‌ندێ ڕسته‌ى ئه‌وتۆ له‌ مه‌م و زینى ئه‌حمه‌د خانىدا بدۆزینه‌وه‌ كه‌ جۆرێك له‌ فیكر یان تێڕامانى فیكرى یان فه‌لسه‌فى هه‌ڵبگرن به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ ڕستانه‌ هه‌رچۆن شكسپیر و دانتى و موته‌نه‌بى.. یان نه‌كردووه‌ به‌ بیریارو فه‌یله‌سوف. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌حمه‌دى خانیش ناكه‌ن به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف.

بیریاران و فه‌یله‌سوفان ڕسته‌ى دیاریكراوى خۆیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕستانه‌ش له‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكانه‌دا و له‌ ئه‌نجامى گه‌ڕان به‌ دواى حه‌قیقه‌تى ڕه‌هاو ماناكانى بوون دا به‌رجه‌سته‌ كراون. كاتێ ده‌ربڕینى "من بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ هه‌م" ده‌بیسین. تێده‌گه‌ین چ مانایه‌كى قوڵ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ینوونه‌ى منى بیركه‌ره‌وه‌ پێویسته‌ هه‌تا بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستى بوون. فه‌لسه‌فه‌ى نیتشه‌ له‌سه‌ر چه‌مكى هێز و سوپه‌رمان بنیادنراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش چه‌مكێكى هێنده‌ مه‌ودا فراوان و قوڵه‌ ده‌یان گفتوگۆى جدى له‌ فیكرى هاوچه‌رخدا دروستكردووه‌ و هه‌ندێ پێیان وایه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فیه‌ به‌رهه‌م هێنانى فاشیزمى ئه‌ڵمانى و سیسته‌مى پیاوى باڵا یان سه‌ركرده‌ى ته‌نیایه‌. گه‌وهه‌رى فیكرى ماركس بریتىیه‌ له‌ ڕۆڵى ئابوورى و ململانێى چینایه‌تى وه‌كو بزوێنه‌رى مێژوو. ئه‌بیقۆر وه‌كو یه‌كه‌م بیریارى وجودیه‌ت ڕسته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: باشتر وابوو هه‌ر نه‌بووینایه‌. ئیبن ڕوشدى بیریارى عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: گه‌ردوون نه‌مره‌ و خواوه‌ند په‌یوه‌ندى به‌ ڕێكخستنى یاساكانى گه‌ردوونه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌توانین بۆ هه‌ر بیریار و فه‌یله‌سوفێكى ئه‌م دنیایه‌ به‌ ڕسته‌یه‌ك یان چه‌ند ڕسته‌یه‌ك فیكرى ئه‌و یان به‌شدارى ئه‌و له‌ به‌رهه‌مهێنانى فیكردا باس بكه‌ین. به‌ڵام ئایا ئه‌و ڕسته‌ فیكرییه‌ى كه‌ ئه‌حمه‌دى خانى به‌رهه‌مى هێناوه‌ چىیه‌و كامه‌یه‌؟

مه‌به‌ستمان له‌م پرسیاره‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى دیارى خانى نیه‌ له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى كوردىدا، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت بڵێین كارێكى دروست نیه‌ به‌بێ بنه‌ماى زانستى و به‌بێ به‌ڵگه‌ و لێكدانه‌وه‌ى وردو سه‌لمێنه‌ر شاعیران و نووسه‌ران و كه‌سانى دیارى نه‌ته‌وه‌كه‌مان باربكه‌ین له‌ كۆمه‌ڵه‌ شتێكى ئه‌وتۆ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ خۆیان په‌یوه‌ندییان به‌و شتانه‌وه‌ نه‌بووه‌ و نیه‌. دكتۆر عیزه‌دین خانى ده‌كات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار. یه‌كێكى تر ده‌یكات به‌ ڕابه‌رى فیكرى نه‌ته‌وه‌یى كوردى، یه‌كێ دێت مه‌ولانا خالید ده‌كات به‌ ڕابه‌رى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى، یه‌كێكى تر دێت مه‌وله‌وى ده‌كات به‌ داهێنه‌رى ڕۆمانسیه‌ت و ده‌یخاته‌ پێش قۆناغى ڕۆمانسیه‌تى ئه‌ده‌بى ئینگلیزییه‌وه‌.. ئه‌م به‌ زۆر داتاشین و دروستكردنانه‌ نه‌ك هیچ خزمه‌تێكى كه‌لتوورى كوردى ناكات به‌ڵكو له‌ بارێكى تردا زیانێكى گه‌وره‌شى لێده‌دات، چونكه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ ئه‌و ڕاوبۆچوونه‌ بێ بنه‌مایانه‌ كوێرانه‌ وه‌رده‌گرن و ده‌یڵێنه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا بوونیان نیه‌.

ئه‌گه‌ر خانى فه‌یله‌سوف و بیریار بووایه‌، ده‌بوا ئێستا ده‌قه‌ فه‌لسه‌فى و فیكرییه‌كانى ئه‌ومان له‌به‌رده‌ستدا بووایه‌ و به‌ناوى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى خانىیه‌وه‌ یان كوردییه‌وه‌ ناو ببرایه‌، هه‌رچۆن ده‌گوترێت فه‌لسه‌فه‌ى هیگڵ یان فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌ڵمانى، یان فیكرى فه‌ڕه‌نسى یان فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى فۆكۆ، دوره‌یدا، هابرماس، گادامێر و.. تاد.

دكتۆر عیزه‌دین جه‌خت له‌سه‌ر فه‌یله‌سوفى و بیریارى ئه‌حمه‌دى خانى ده‌كات و به‌ ڕسته‌یه‌كیش له‌وه‌ نادوێت كه‌ فیكرى ئه‌حمه‌دى خانى یان فه‌لسه‌فه‌كه‌ى چىیه‌؟ له‌ توێژینه‌وه‌ى زانستیدا ناكرێت به‌بێ به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنه‌ر ناو یان خاسێت بدرێته‌ پاڵ كه‌سێك یان دیارده‌یه‌ك. دكتۆر ده‌ڵێت: خانى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ به‌ ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى لاى خانى ناوببرێت(7). با بپرسین ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ ته‌واوه‌ چیه‌؟ ئه‌نجا ناكۆكیه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى و فه‌لسه‌فه‌ى ته‌واودا. ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى به‌ واتا هێشتا له‌ سنوورى ته‌سه‌وردا ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تى ئه‌بستراكت یان ته‌واو یان ڕه‌ها، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خانى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش بكات ئیتر ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى هیچ مانایه‌كى نیه‌، ئه‌گه‌ر خانى ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى هه‌بێت مه‌رج نیه‌ بتوانێت فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش بكات و به‌ فه‌یله‌سوف ناوببرێت.

ئه‌گه‌ر دكتۆر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ململانێیه‌ى كه‌ له‌ گرێچنى مه‌م و زیندا هه‌یه‌ پێى وابێت ئه‌وه‌ ململانێى نێوان دژه‌كانه‌و بزوێنه‌ر و دروستكه‌رى جوڵه‌یه‌و ئه‌وه‌ش به‌ گه‌وهه‌رى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى خانى بزانێت، ئه‌وا ئه‌و بۆچوونه‌ زۆر كۆنتره‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ داهێنانى خانى بێت. ئه‌فلاتۆن پێى وایه‌ په‌یوه‌ندى و ناكۆكى نێوان دژه‌كان هۆكارى جوڵه‌ن له‌ گه‌ردوون دا، ئه‌رستۆ كاردانه‌وه‌ به‌ دژى كار داده‌نێت و په‌یوه‌ندى و ناكۆكى نێوانیشیان ئه‌و جوڵه‌یه‌ به‌رهه‌م دێنێت كه‌ بنه‌ماى بنیادنانى گرێچنى ئه‌رستۆیىیه‌ كه‌ هه‌مان ڕوانین لاى ئه‌رستۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ نێو جوڵه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌ركه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنى شارستانێته‌كان و گه‌یشتنیان به‌ لوتكه‌ و له‌ ئه‌نجامى ناكۆكى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى خودى ئه‌و شارستانێتانه‌دا، قۆناغى به‌ره‌و پیربوون و داڕمان ده‌ست پێده‌كات و له‌ ئاكامدا ئه‌و شارستانێته‌ى له‌ قۆناغێكدا له‌ به‌رزترین لوتكه‌ى په‌ره‌سه‌ندندایه‌، له‌ قۆناغێكى تردا دیار نامێنێت، ئه‌رستۆ ئه‌مه‌ له‌گه‌ل سووڕى ژیانى زینده‌وه‌ران دا هاوشێوه‌ ده‌كات و سه‌رجه‌م هۆیه‌كانى په‌ره‌سه‌ندن و گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ و پاشان به‌ره‌و پیرى چوون و له‌ناوچوونیشى ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكى و په‌یوه‌ندى ناوكۆیى توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى ئه‌و پێكهاتانه‌ خۆیان.

شانۆگه‌رییه‌ تراژیدییه‌كانى شكسپیر له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆرێك له‌ گرێچن بنیادنراون كه‌ دژایه‌تى و ناكۆكى نێوان كه‌سێته‌كان ده‌یانبات به‌ڕێوه‌و جوڵه‌یان پێده‌دات. به‌ چه‌ندین نموونه‌ى تر ده‌توانین باسى ململانێ و دژایه‌تى و په‌یوه‌ندى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بكه‌ین له‌م گه‌ردوونه‌دا كه‌ ئه‌و دژایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌ دروستكه‌رى جوڵه‌ن و له‌ پێش ئه‌حمه‌دى خانیش دا باسكراون. هارمۆنیاى گه‌ردوون له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر ناكۆكى و په‌یوه‌ندى ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى دروستبووه‌. لە رەخنەی هاوچەرخدا پەیوەندی نێوان دژەکان کە بە دووانەی دژ یان دووانەی بەرامبەر دادەنرێت مانا بەرهەم دەهێنێت، واتە مانای ژیان لە بوونی مردندا پێکدێت و ئەگەر مردن نەبێت، ژیان مانایەکی نابێت. 

دكتۆر ده‌ڵێت: خانى وه‌كو بیریارێك گرنگترین شتێ كه‌ ده‌یبینێ بوونى دژه‌كان و یه‌كێتى ئه‌م دژانه‌یه‌(8). ئێمه‌ له‌وه‌ دواین كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ داهێنانى خانى نیه‌، دكتۆر ڕاسته‌وخۆ ویستوویه‌تى ئه‌وه‌ى له‌ ماركسیزم و لینینیزمه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌ به‌سه‌ر ئه‌حمه‌دى خانیدا بیسه‌پێنێت و ئه‌مه‌ زیاتر دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و قسه‌یه‌ى لینینه‌ كه‌ ده‌ڵێت: گه‌شه‌كردن بریتىیه‌ له‌ ململانێى دژه‌كان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دكتۆر پێوه‌رێكى ئاماده‌ى هێناوه‌ و ده‌یه‌وێت ده‌قێكى كوردى پێ بپێوێت كه‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ى له‌ پێوه‌ره‌ ئاماده‌كه‌دا هه‌ن له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا بوونیان هه‌بێت، ئه‌م كاره‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بیه‌وه‌یه‌، چونكه‌ كارى ڕه‌خنه‌گر ئیشكردنه‌ له‌ناو ده‌قدا، نه‌ك هێنانى پێوانه‌ ئاماده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌ق بۆ ئه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌ به‌ وان بپێورێت. بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ى دكتۆر عیزه‌دین و زۆرێك له‌ ئه‌كادیمیه‌كانى كورد كه‌ خه‌ریكى ئه‌ده‌بن ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ئه‌و ڕاستىیه‌ جێگیر بكرێت كه‌ خوێندنه‌وه‌ى ده‌ق له‌ناو خودى ده‌قه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك ده‌قێكى نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ به‌ پێوه‌رێكى ئایدیۆلۆژى نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیست بخوێندرێته‌وه‌. ئه‌و پێوه‌ره‌ى دكتۆر بۆ خوێندنه‌وه‌ى مه‌م و زینى خانى به‌كارى هێناوه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ ستراتیژى ڕازیكردنى هه‌ڵگرانى ئایدیۆلۆژیاى ماركسیزم- لینینیزم وه‌ستاوه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ هه‌رچۆن له‌ ئه‌نجامى به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگرتنى و كارپێكردنى زیانى گه‌وره‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كوردى داوه‌، چه‌ندین ڕاى بێ بنه‌ماى به‌ زۆر به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریى كوردیدا سه‌پاندووه‌ و زۆربه‌ى كات ڕۆڵى پۆلیسى ڕۆشنبیریى بینووه‌ بۆ ڕێگاگرتن له‌ بیركردنه‌وه‌ى ئازاد لاى ئه‌دیب و ڕۆشنبیرى كورد و هه‌ركه‌س به‌پێى ئه‌و پێوه‌ره‌ نه‌ینووسیبێت و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بیرى نه‌كردبێته‌وه‌ به‌ كۆنه‌په‌رست و دژى پێشكه‌وتن دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م. هەڵبەت مەبەست ئەوە نیە نووسەرانی چەپ داهێنانی گەورەیان نەکردووە، نەخێر مەبەستمان پێوانی باڵای داهێنانە بە پێوەری ئایدیۆلۆجیا. ئەم قسەیە بۆ ئەوانەشی خۆیان بە هەڵگری بیری کوردایەتی زانیووەو داهێنانیان بەو پێیە پێواوە هەمان بۆچوون راستە. ئاشکرایشە ئایدیۆلۆجیا دەستی بە باڵای بەرزی داهێنانی گۆرانی چەپ نەگەیشتووە، کەواتە داهێنەرو داهێنان لە سەروی ئایدیۆلۆجیاوەن.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كێشه‌ ڕاسته‌قینه‌كانى مرۆڤى كورد چ وه‌كو تاك و چ وه‌كو كۆمه‌ڵ، چ كێشه‌ تایبه‌تیه‌كان بووبێت چ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.. به‌رپرسى یه‌كه‌میش له‌م شێواندنه‌ى نه‌خشه‌ى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردى ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌ى سه‌پاندنى هەر میتۆدو پێوانەیەکی ئامادەیان به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردیدا كردووه‌ و هەوڵیانداوە‌ لە رێگای بەوانی تر چواندنەوە ئەدەبی کوردی بخوێننەوە، زیانیان لە رووی راستی ئەدەبی کوردی داوە. به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر ئێستاش خۆیان هه‌وڵى ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و كارانه‌یان بده‌ن ئه‌وه‌ كارێكى په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.

له‌ ئه‌نجامى سه‌پاندنى هه‌ندێ له‌و چه‌مكانه‌ى له‌ ماركسیزمدا هاتوون به‌ تایبه‌تى دیالكتیك، دكتۆر عیزه‌دین پێى وایه‌ خانى فه‌یله‌سوفى دیالكتیكه‌، كه‌ دكتۆر ئه‌و چه‌مكانه‌ى وه‌كو پێوانه‌یه‌كى ئاماده‌ هێناوه‌و هه‌وڵیداوه‌ له‌لاى خانى ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌كى له‌و جۆره‌ هه‌بێت ئه‌وا بیكات به‌ داهێنه‌رى ئه‌و چه‌مكه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ دیالكتیك وه‌كو زاراوه‌یه‌كى پێناسه‌كراو له‌ سه‌رده‌مى هیراقلیتس دا ئاخاوتنى له‌سه‌ر كراوه‌ و لە سەردەمی ئەفلاتون و ئەرستۆدا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى به‌كاربراوه‌ و له‌ سه‌رده‌مى هیگڵ دا چه‌مكه‌كانى دیالكتیكى سروشت و دیالكتیكى مێژوو ئاخاوتن كراون و ماركس و ئه‌نجلسیش به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌و چه‌مكانه‌ دوواون و ماتریالیزمى دیالكتیك له‌ سه‌رده‌مى ئه‌واندا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى جێگاى گرت.

دیالكتیك له‌لاى هیراقلیتس گوزارشت له‌ بوونى شته‌كان و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌بوونیان ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو شتێ به‌ به‌رده‌وامى ده‌جوڵێ و ده‌گۆڕێ، واته‌ له‌ حاڵه‌تى په‌ره‌سه‌ندن و له‌ناوچوونى هه‌میشه‌یدایه‌(9). ئه‌فلاتۆن ڕاى وایه‌ كه‌ دیالكتیك جوڵه‌ى فیكره‌ له‌ چه‌مكه‌ ساده‌كانه‌وه‌ بۆ چه‌مكه‌ ئاڵۆزه‌كان(10). له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا دیالكتیك هه‌ندێ ماناى جۆراوجۆرى وه‌رگرت وه‌كو لۆژیك و هونه‌رى جیاكارى نێوان ڕاست و درۆ.. (11). فه‌لسه‌فه‌ى دیكارت و سپینۆزاو دیدرۆ پایه‌ى خۆیان له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى چه‌مكى دیالكتیك به‌هێزكردووه‌. كانت له‌ تیۆره‌كه‌ى خۆیداو لۆمانوسوف له‌باره‌ى دۆزینه‌وه‌ى یاساى پاراستنى وزه‌و جوڵه‌وه‌ پایه‌كانى دیالكتیكیان به‌هێزكرد. هیگڵ ته‌سه‌ورى گه‌ردوونى كرد به‌وه‌ى له‌ جوڵه‌یه‌كى به‌رده‌وامدایه‌و له‌ حاڵه‌تى گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندندایه‌و(12) سه‌رچاوه‌ى ئه‌و گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ش ناكۆكى ناوخۆییه‌ به‌ڵام ماركس و ئه‌نجلس دیالكتیكیان كرد به‌ زانستى یاسا گشتىیه‌كانى په‌ره‌سه‌ندنى سروشت و كۆمه‌ڵگاو فیكر. ئه‌مان دیالكتیكیان له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆزینه‌وه‌ى خانه‌ى زیندوو و یاساى پاراستن و گۆڕانى وزه‌ و تیۆرى په‌ره‌سه‌ندنى داریون بنیادنا.

جگه‌ له‌ هیگڵ و ماركس و ئه‌نجلس ئه‌وانه‌ى تر كه‌ باسى دیالكتیكیان كردووه‌ له‌ پێش ئه‌حمه‌دى خانیدا ژیاون. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دى خانى له‌ مه‌م و زیندا به‌رجه‌سته‌ى حاڵه‌تى له‌و جۆره‌ى كردبێت كه‌ لێكدانه‌وه‌ى دیالكتیكانه‌ى بۆ بكرێت ئه‌وا به‌وه‌ ئه‌حمه‌دى خانى نابێت به‌ فه‌یله‌سوفى دیالكتیك، بێگومان ئه‌وه‌ى ماركس و ئه‌نجلس سه‌باره‌ت به‌ دیالكتیك كردوویانه‌ گۆڕانكارى گه‌وهه‌رییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌شێ ماركس و ئه‌نجلس وه‌كو دوو بیریارى ئه‌و بواره‌ دابنرێن چونكه‌ دیالكتیكیان له‌ شێوه‌یه‌كى تر و له‌ فۆرمێكى فه‌لسه‌فى تردا و به‌ بنه‌ماى جیاوازه‌وه‌ له‌چاو پێشتردا داڕشته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى خانى ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌كانیشیدا له‌ ئه‌نجامى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كاندا ده‌لاله‌تێكى له‌و جۆره‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌وا گومانى تێدانیه‌ كه‌ خانى هیچ ڕوانین یان جیهانبینىیه‌كى له‌وجۆره‌ى نه‌بووه‌ كه‌ دیالكتیك چىیه‌و ماناى چىیه‌، به‌ڵكو هه‌ر قسه‌كردنێكى له‌وجۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ خانى باركردنیه‌تى به‌ چه‌مكێك به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاگاى له‌و چه‌مكه‌ بووبێت. هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە خانی پیاوێکی ئایینی شارەزا بووەو لە خوێندنی زانستە ئایینیەکانیشدا بێگومان مەنتیق- لۆجیک-ی خوێندووە، بۆیە ئاساییە کە لە رێگای خوێندنی مەنتیقەوە هەندێ لەو بۆجوونانە لە ئاستی نەستدا گواسترابنەوە بۆ ناو شاکاری مەم و زین.    

دیاره‌ خانى مه‌مى ئالانى هێناوه‌و به‌ شیعر دایڕشتۆته‌وه‌، وه‌كو ئاشكرایه‌ مه‌مى ئالان به‌سه‌رهاتێكى فۆلكلۆرى یان ئه‌فسانه‌یه‌كه‌ كه‌ پێشتر له‌ناو كورددا و ڕه‌نگه‌ له‌ناو میلله‌تانى دراوسێى كوردیشدا ده‌ماوده‌م گێڕدرابێته‌وه‌و كه‌سێت و ململانێ و ناكۆكى و په‌یوه‌ندى و یه‌كێتى و جوڵه‌ى به‌رده‌وام له‌نێو به‌سه‌رهاته‌كه‌دا هه‌بووه‌و به‌وپێیه‌ش ئه‌حمه‌دى خانى گۆڕانكارى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ى له‌ گه‌وهه‌رى ئه‌فسانه‌كه‌دا نه‌كردووه‌، به‌ واتایه‌كى تر ده‌توانین بڵێین له‌ ده‌قه‌ فۆلكلۆرییه‌كه‌دا هه‌مان ئه‌و ململانێ و ناكۆكى و په‌یوه‌ندى و یه‌كێتىیه‌ى نێوان كه‌سێته‌كان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى خانى گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هێنابێت شتى بچوكه‌، نه‌ك هێڵى سه‌ره‌كى ئه‌فسانه‌كه‌. دیاره‌ ئه‌فسانه‌و فۆلكلۆریش به‌رهه‌مى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى قۆناغى دوورو درێژو هه‌ندێ جار نه‌زانراوى میلله‌تن، هه‌ر به‌وپێیه‌ش ده‌شێ به‌ جۆرێك شاهیدى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بن كه‌ تیایدا ده‌ركه‌وتوون. گرێچنى سه‌رجه‌م ئه‌فسانه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌ فۆلكلۆرییه‌كان بریتین له‌ ململانێ و خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى و ناپاكى، واته‌ دابه‌شبوون له‌ نێوان هێزى ئیرۆس و تاناتۆس دا. به‌ مانایه‌كى تر وێنه‌یه‌كى ئاشكراى ژیانن. ژیانیش به‌ سروشتى بنه‌مایه‌كى دیالكتیكیانه‌ى هه‌یه‌و دووانه‌ به‌رامبه‌ره‌كان پێكیان هێناوه‌.

ئه‌وه‌ى خانى كردوویه‌تى له‌ مه‌م زین دا زیاتر نیه‌ له‌و بنه‌ما دیالكتیكانه‌ى كه‌ له‌ خودى گه‌ردووندا ئاماده‌بوونیان هه‌یه‌. دكتۆر ده‌ڵێت: ڕوانینه‌كانى خانى بۆ گه‌ردوون وه‌ك فه‌یله‌سوف و بیریار ده‌ست پێده‌كات(13). وشه‌ى وه‌كو ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ دكتۆر له‌ لایه‌ك خانى ده‌كات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار، جارێكى تر لاى وایه‌ ڕوانینه‌كانى خانى وه‌كو ڕوانینى فه‌یله‌سوف و بیریار وایه‌ بۆ گه‌ردوون ئێمه‌ پێشتر له‌وه‌ دواین كه‌ فه‌یله‌سوف و بیریار كێن و به‌وپێیه‌ش خانى نابێته‌ هیچ كامیان، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ئه‌و ناونیشانه‌ى دكتۆر بۆ خانى هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌سێتى خانىیه‌و خانى شاعیرێكى دیارى قۆناغێكى مێژووى گه‌لى كورده‌و ده‌شێ توێژینه‌وه‌ى جۆراوجۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى بكرێت و جیهانبینى شیعرى و ئاستى هونه‌رى و شوێنى له‌ جوگرافیاى شیعرى كوردیدا ده‌ست نیشان بكرێت به‌ڵام ناشێت هه‌روا به‌ ئاسانى بكرێت به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار.

دكتۆر عیزه‌دین باسى دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام ده‌كات لاى خانى و پێى وایه‌ ئه‌م دووانه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ خانى ده‌كاته‌ بیریارو فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: خانى بڕواى وایه‌ بۆ هه‌ر ئه‌نجامێ هۆیه‌ك هه‌یه‌(14). دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام له‌ مێژووى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا شتێكى نوێ نیه‌. دیموقریت ده‌ڵێت: هه‌موو شتێك به‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكى ده‌رده‌كه‌وێ و له‌ ئه‌نجامى كارى هۆیه‌كى دیاریكراودا له‌ناوده‌چێت. ئه‌رستۆ دروستبوونى شارستانێت ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆیه‌ك و. داڕمانیشى ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كاریگه‌ریى و جوڵه‌ى چه‌ند هۆكارێكى ناوخۆییه‌وه‌. له‌ ئه‌ده‌بیشدا به‌ تایبه‌تى له‌ تراژیدیاداو دواتریش له‌ چیرۆكدا كه‌ گرێچن هه‌یه‌، جوڵه‌ى ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌یوه‌ندى هۆو ئه‌نجام ڕێكده‌خرێن و هه‌میشه‌ هۆ ده‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌نجامه‌وه‌. له‌ شانۆگه‌رى ئۆتێلۆدا هۆكارى غیره‌و دڵڕه‌قى ئیاگۆ ده‌بێته‌ هۆى دڵ پیسكردنى ئۆتێلۆ له‌ دێزده‌موناو له‌ ئه‌نجامدا ڕووداوه‌ تراژیدییه‌كان ده‌ست پێده‌كات. له‌ شانۆگه‌رى هاملێت دا ناپاكى دایك و مام ده‌بن به‌ هۆى كوشتنى باوكى هاملێت و هاملێتیش له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌دا دووچارى ئه‌و باره‌ ده‌روونى و ئازاره‌ ڕۆحیه‌ ده‌بێت كه‌ بگاته‌ ئاستى تێڕامانى قوڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى "ببیت یان نه‌بیت ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌" شكسپیر داهێنه‌رى ئه‌م ڕسته‌ گرنگه‌یه‌ كه‌چى هیچ ڕه‌خنه‌گر و توێژه‌رێكى ئینگلیز به‌ شكسپیر ناڵێت فه‌یله‌سوف یان بیریار. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام نابن به‌ بنه‌ما بۆ سه‌لماندنى بیریارى و فه‌یله‌سوفى خانى.

دكتۆر عیزه‌دین ده‌ڵێت: خانى واى ده‌بینێ ڕووكه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌وهه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌وهه‌ر نه‌بێت ڕووكه‌ش پوچ ده‌بێته‌وه‌(15). ئه‌م بۆچوونه‌ش گه‌لێك كۆنه‌، ئه‌فلاتۆن پێى وابوو له‌ كۆماره‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ى ئه‌ودا ده‌بێ هه‌موو شتێ گه‌وهه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیى هه‌بێت و گونجاندن له‌ نێوان گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌شدا هه‌بێت، ئه‌و هه‌موو دروستكردنێكى به‌لاسایى كردنه‌وه‌ ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م، له‌ لاسایى كردنه‌وه‌دا ده‌شێ ڕووكه‌ش وه‌كو خۆى بگوازرێته‌وه‌ به‌ڵام گه‌وهه‌ر هه‌رگیز وه‌كو بوونى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى ناگوازرێته‌وه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌فلاتۆن لاسایى كردنه‌وه‌ى پێ كارێكى نادروست و بێ به‌ها بوو. دیسان جگه‌ له‌ شیعرى ته‌علیمى، ئه‌فلاتۆن جۆره‌كانى ترى شیعرى پێ خراپ بوو چونكه‌ ده‌یگوت ئاودێرى سۆز و هه‌ڵچوون ده‌كه‌ن(16) سۆزو هه‌ڵچوونیش به‌شێك نین له‌ گه‌وهه‌رى مرۆڤ به‌لاى ئه‌فلاتۆنه‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ ڕووكه‌ش، كه‌واته‌ ئه‌فلاتۆن نه‌ك هه‌ر دووانه‌ى گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش یان ماهیه‌ت و ڕوخسارى ناسیووه‌ به‌ڵكو لایه‌نگرى گه‌وهه‌ر یان ماهیه‌تیشى كردووه‌.. ئیتر دۆزینه‌وه‌ى ده‌لاله‌تى گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش لاى خانى گرنگىیه‌كى ئه‌وتۆى نیه‌ كه‌ خانى بكات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌سانى تریش له‌ پێش خانیدا له‌و باسه‌ دوواون. ئایدیالیزم لێكدانه‌وه‌ى له‌و جۆره‌ى بۆ كه‌ون هه‌یه‌، نه‌زانراو كه‌ هێزى نادیارى خواوه‌نده‌ گه‌وهه‌ره‌.. هه‌موو جوڵه‌و ڕووداوێكى گه‌ردوون كه‌ به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ن، ڕووكه‌شن.

یه‌كێك له‌ چه‌مكه‌كانى دیالكتیك بریتىیه‌ له‌ گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش، كه‌ دواتر دووانه‌ى ناوه‌ڕۆك و شێوه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌و پاشان له‌ میتۆدى ماركسیزمدا بۆ لێكدانه‌وه‌ى دیارده‌كان كارى پێكراوه‌و له‌ژێر ناوى چۆنێتى و چه‌ندێتىدا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى به‌كارهاتووه‌. ئه‌و میتۆده‌ ته‌قلیدییه‌ى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كه‌ تاكو ئێستا ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگى نێوان شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك بكات به‌ بنه‌ماى سه‌ركه‌وتنى ده‌قه‌ ئه‌ده‌بى و هونه‌رییه‌كان له‌و چه‌مكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌.

دكتۆر عیزه‌دین له‌و كتێبه‌یدا هه‌وڵیداوه‌ سه‌رجه‌م زانیارى خۆى له‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كاندا له‌ ڕێگاى به‌ ئامڕازكردنى خانىیه‌وه‌ بخاته‌ ڕوو، هه‌رچۆن خانى مه‌م و زینى كردووه‌ به‌ ئامڕاز بۆ ده‌ربڕینى ده‌ردى دڵى خۆى، بێگومان بۆ ده‌قێكى شیعرى ئه‌وه‌ى خانى كارێكى په‌سه‌ندو گونجاوه‌.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دكتۆر عیزه‌دین كه‌ هه‌موو ڕوانینه‌كانى خۆى بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ده‌قێكى وه‌كو مه‌م و زین دا له‌ هیچ میتۆدێكى ڕه‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیدا جێگاى نابێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت میتۆدى ڕه‌خنه‌ى ماركسیزمیش.. بۆیه‌ جێگاى خۆیه‌تى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌م جۆره‌ كاركردنه‌ له‌سه‌ر ده‌قه‌كانى ئه‌ده‌بى كوردى ناتوانێت مافى ده‌قه‌كان و نووسه‌ره‌كانیشیان بدات، هه‌روه‌كو ده‌بێته‌ هۆى شێواندنى ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى ئێمه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ شته‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ى هه‌ن باس بكه‌ین نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێت یان پێویست ده‌كات.

كه‌س ناتوانێ نكوڵى ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌حمه‌دى خانى شاعیرێكى دیارى نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش شێواندنى نه‌خشه‌ى جوگرافیاى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردىیه‌ تۆ بێیت ئه‌م شاعیره‌ بكه‌یت به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار و ڕابه‌رى فیكرى نه‌ته‌وه‌یى، كه‌ له‌ڕاستیدا ده‌بێ بزانین ئێمه‌ى كورد تاكو ئێستاش نه‌ك بیریار و فه‌یله‌سوف و ڕابه‌رى فیكریمان نیه‌، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت خوێنه‌رى باشى ئه‌و بوارانه‌شمان زۆر کەمە‌.

 

سەرچاوەکان/

1-LONGMAN Dictionary of Contemporary English 1995- P. 1057

2-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 1502.

3-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 1507.

4-صدام الزیادى- المدخل الى الفلسفه‌- ص5.

5-نفس المصدر ص 6.

6-William Shakespear. The Complete works London- 1968. P. 995.

7-الدكتور عزالدین مصگفى رسول- احمدى خانى. شاعراً و مفكراً، فیلسوفاً و متصوفاً. بغداد- 1979، ص 251.

8-نفس المصدرـ ص 332.

9-الدكتور عبدالرزاق مسلم- مژاهب و مفاهیم فی الفلسفه‌ الاجتماع- ص 49.

10-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 49.

11-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 49.

12-هیغل – مختارات- الجز‌و الاول - ترجمه‌ الیاس مرقص- دار الگلیعه‌- 1978، ص 7.

13-الدكتور عزالدین مصگفى رسول- احمدى خانى- ص 257.

14-هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 349.

15-هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 346.

16-David Datchis- Approach to Literary Criticism- P.17.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×