2024-08-06   605     
شیعر: نزار قبانی
وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە : پشکۆ ناکام
“””””””””””””””””””””””””””
ئەم ووڵاتەی ئێمە
شوقەیەکە بە ناو ماڵەوە
” عەنتەرە ”: ناوێک ، خاوەنێتی
ھەموو شەوێک لە دەروازەکەی
سەرخۆش ئەبێ
و
کرێ لە خەڵکەکەی وەرئەگرێ
و
داوای ھێنانی کچەکانێتی
و
تەقە بەسەر دار..و مناڵ
…و
چاو ..و..مەمک و نینۆکی عەتراویا ئەکا
ئەم ووڵاتە : ھەمووی
کێڵگەیەکی خۆیەتی
ئاسمانی…ھەوای… ئافرەتەکانی
بێستانە پێگەیشتوەکانی……….
لێرە : عەنتەرە
لە ھەموو بینایەکانا ئەژی
ھەر پەنجەرەیەک وێنەی
عەنتەرەی پێوەیە
ھەر مەیدان و فولکەیەک
بە ناوی عەنتەرەوەیە
ئەو : لە بۆینباخەکانمانا
لە شەڕواڵەکانمانا
لە کراسەکانمانا
لە شوشەی کۆلا
لە خەوەکانمانا کاتی گیانەڵا
نیشتەجێیە….
“””””’
شارێکی جێھێڵراوی چۆڵکراو
ھیچی تیا نەماوە..مشک…مێروولە
درەخت…..جۆگەلە
ھیچ شتێک نەماوە کە گەشتیاران سەرسوڕمان کا
جگە لە وێنەی
ڕێگە پێدراوی
جەنەراڵ عەنتەرە…
لەسەر عەڕەبانەی کاڵەک و کاھو
لە پاێا….لە شەمەنەفەرا..
لەسەر پۆستی حەواڵە…لە فڕۆکەخانەکان
لە یاریگاکانی دووگۆڵی..لە چێشتخانەکان
و
لە ژووری نوستن..لە حەمام ...و
WC…..
لە ڕۆژی بەختەوەریی لە دایک بوونی
لە شانازی خەتەنەکردنەکەی
لە کۆشکە ھەڵچوو ..و ھایلایفەکەی
“””””
لەم شارە "دەست بە سەر" گیراوەیا
ھیچ شتێکی تازەی نیە..
غەممان دووبارەیە
مەرگمان دوو بارەیە
تامی "چا"یەکەی دەممان دووبارەیە
….لە لەدایک بوونمانەوە
لە شووشەی ئەو فەرھەنگەی ئەسوڕێتەوە
ـ....دیلین
لە چونمانەوە بۆ قوتابخانە
تەنھا دەربارەی یەک سەرگوزەشتە ئەخوێنین
کە باس لە ماسولکەکانی عەنتەرە
و
خێر و بەرەکاتی عەنتەرە
و
موعجیزەکانی عەنتەرە ئەکا...!!
لە تەلەفزیۆن ھەر بەرنامەی
بێ مانا ئەبنین
کە تیایا عەنتەرە خۆی نیشان ئەیات
بەرنامەی بەیانیانی ھیچ گرنگی پێ نارێ
یەکەم ھەواڵ لەسەر عەنتەرە
و
دوا ھەواڵیش : ھەواڵێکی عەنتەرە
بەرنامەی دووەم ھیچ نیە جگە لە :
ژەنینێک ” قانون ”
لەدانانی عەنتەرە...!!
و
تابلۆیەکی زەیتی لە تابلۆ نەچووی عەنتەرە
و
چەن کۆپلەیەک لە خراپترین شیعر
بەدەنگی عەنتەرە
“””””
لەم ووڵاتە :
"ڕۆشنبیرەکان..!!" دەنگی خۆیان ئەیەن بە :
ئاغای ڕۆشنبیرەکان : عەنتەرە
ناشیرینیەکانی جوان ئەکەن
بە سەردەمی "ئاڵتون"ی ناوی ئەبەن
و
بیر و ڕاکانی بڵاو ئەکەنەوە
و
لە شەڕە بەمەرام گەیشتوەکانی
دەھۆڵ ئەکوتن
لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە
یەک ئەستێرە ھەیە : عەنتەرە
بە باڵا عەرعەرییەکەی ،
یان بە پێکەنینە بە شوشەیەکەی
ھەر رۆژەی بە بەرگێکەوە
ڕۆژێک بە بەرگی خاکی ..و..کۆماندۆ.. و جێنشین و بە میراتی گرتن
ڕۆێک لەناو ھێلیکۆپتەرا
ڕۆژێک بە مێزەری سەروومان
ڕۆژێک لەسەر زرێپۆشی ناوەندەوە
ڕۆژێک لە خزمەت ئەم دیومان
ڕۆژێک لەسەر قۆڵە تێک شکاوەکانمان
کەس جورئەتی نیە
بە جەنەراڵ عەنتەرە بڵێ : نا
کەس ناوێرێ لە شارا
دەربارەی حوکمڕانی عەنتەرە
لە ئەھلی عیلم ، پرسیارکا
“”””””
بژاردەکان لێرە
لە نێوان چوونە زیندان و
چوونە قەبرەوە
دەست نیشان کراوە
لە ووڵاتی چوار و کسور ملیۆن تابوت
چگە لە قورئان خوێنن
و
چادری گەورەی تەعزێ
و
جەنازەی چاوەڕوانکراو
….چی تر نیە
جگە لە پیاوێک ، لە جانتاکەیا
بیتاقەی چوونە قەبرەوە
ئەفرۆشێ
عەنتەرەی غەزەب گرتوو
بۆ یەک دەقیقە
وازمان لێ ناھێنێ
جارێک خواردنمان ئەخوا
و
جارێک نەوت..و
جارێک ئاو
و
جارێک خۆی ئەخزێنێتە
جێگەکانمانەوە
و
جارێک بە چەکەوە
سەردانمان ئەکا
بۆ ئەوەی کرێی
ووڵاتە بەکرێ دراوەکەمان
وەربگرێ