وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ئاماده‌كاریی بۆ کۆبونەوەی ئەمنیی نێوان به‌غداد - ئه‌نكه‌ره‌ ده‌كات
  2024-08-11       340       
كۆبونه‌وه‌ی‌ ئاماده‌كاریی بۆ کۆبونەوەی باڵای‌ ئەمنیی نێوان عێراق - توركیا

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ئاماده‌كاریی بۆ  کۆبونەوەی ئەمنیی نێوان عێراق - توركیا ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ هەفتەی داهاتو لەئەنقەرە ئەنجامبدرێت.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، فوئاد حسێن، جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق سه‌رپه‌رشتی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ئه‌منیی عێراقی‌ كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كاریی بۆ کۆبونەوەی ئەمنیی نێوان به‌غداد - ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌توركیا به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سابت عه‌باسی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ عێراق، قاسم ئه‌عره‌جی‌ ڕاوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ عێراق، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ عێراق به‌شداربون.

دوێنێ شه‌ممه‌، هاکان فیدان، وەزیری‌ دەرەوەی‌ تورکیا لە کۆنفرانسێکی‌ رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئیرڤین ئیبراهیمۆڤیچ، وەزیری‌ دەرەوەی‌ مۆنتینیگرۆ، لەئیستانبوڵ رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی‌ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بەردەوامن.

وتیشی‌، هەفتەی داهاتو لەئەنقەرە چوارم کۆبونەوەی ئەمنیی ئاستبەرز لەنێوان هەردو وڵات ئەنجامدەدرێت. 

هاکان فیدان باسی لەوە کرد هەنگاوی گرنگیان ناوە لەگەڵ عێراق لەوبارەیەوەو لەکاتی سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژو لەسەر 27 ڕێککەوتننامە کراوە لەگەڵ عێراق.

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی بەردەوامن لەهەوڵەکانیان بۆ بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق.

به‌رده‌وامیی كۆبونه‌وه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ نێوان عێراق‌و توركیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق پارتیی کرێکارانی کوردستان -پەکەکەی وەک "ڕێکخراوی قەدەغەکراو" ناساندوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا تورکیا پێشوازی لەو بڕیارە کردووەو هیواخوازە بۆ قۆناغی داهاتو پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" لەقەڵەمبدات.

له‌هه‌مانكاتدا له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشی‌‌و هێرش‌و بۆردومانه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بێده‌نگیی‌ هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌گوێره‌ی‌ دوایین ڕاپۆرتی‌ تیمی کوردستانی رێکخراوی CPT ئه‌مه‌ریكی‌، لە 15ی 6ی 2024وه‌، سوپای تورکیا دەستیکردووه‌ بەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لەدەڤەری بەرواری باڵاو لەشەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامداوه‌.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لەقوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان‌و لەدەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بەقوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشترو لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورە بروسکەدا سوپاکە بەقوڵایی 7 کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو.

ڕێکخراوی CPT ده‌ڵێت، لەسەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا 238 جار بۆردومان‌و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون. بەهۆی ئەم بۆردومان‌و هێرشانە، زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی‌و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لەگوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. 

سەرباری ئەوە، نزیکەی %55ی دارستان‌و ڕەزو باخی هاوڵاتیانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی 162 گوند لەهەرێمی کوردستان‌و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسی چۆڵبوندان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×