ئەندامێکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان ئاشکراى دەکات، لە 10 ساڵدا سێ پرۆژەی دیار لە سلێمانی ئەنجامدراون، هیچیان لەسەر بودجەی حكومەت و داهاتی سلێمانی نەبوون و دەشڵێت: یەک ترلیۆن دینارى داهاتى سلێمانى دیارنییە و نازانرێت چی لێهاتووە.
ئاوێنە: عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پەیجى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى: لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، تەنها سێ پڕۆژەی دیار لە سلێمانی ئەنجامدراون، ئەوانیش سێ پڕۆژەی ئەندەرپاس و شەقامن، دوانیان لە بازنەیی مەلیك مەحمودو یەكێكیش نزیك باخی بەختیاریی، پارەو بودجەی هیچ یەكێك لەم سێ پڕۆژەیە لە حكومەت و داهاتی سلێمانی خەرج نەكراوە.
گوڵپى ئاماژەى بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تەنها داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین(واتە گومرگ، باج، ڕسومات) نزیكەی یەك ترلیۆن دینار بووە، ئەم پارەیە یەك دیناری بۆ مووچە خەرج نەكراوە، هیچ پڕۆژەیەكی دیاریی ستراتیجی پێ تەواو نەكراوە، پارەی كۆمپانیاكانی دەرمانی لێ خەرج نەكراوە و هێشتا نەخۆشخانەكان بەدەست كەمی دەرمان و پێداویستییەوە گیرۆدەن و دەپرسێت، كەواتە ئەو ملیارەها دینارەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە كوێیەو چی لێدێت؟.