ئا: ئاوێنە
سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرکردەی زیندانیکراوی کوردو ییت بەنەری نوسەری چەپی تورک، بەبێ ئەوەی هەرگیز یەکتر ببینن، لەڕێگەی گۆڕینەوەی نامەوە، رۆمانێکیان بەهاوبەشی نووسیوە، کە لەمانگی تەموزی رابردوودا بڵاوکرایەوەو ئێستا یەکێکە لەرۆمانە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمساڵو کتێبە پڕ فرۆشەکانی تورکیا.
ڕۆمانی "پێکەوە لەبەرزەخ"، لەلایەن دوو نووسەرەوە نووسراوە، کە یەکێکیان ساڵانێکە لەزینداندایەو سیاسەتمەدارێکی گرنگی کوردە، ئەوی دیکەشیان نووسەرێکی چەپی تورکو لەدەرەوەی زیندانەو خولیای ئەدەبو نووسینو وەرگێڕانە.
بیرۆکەی نووسینی رۆمانەکە بەهاوبەشی چۆن سەریهەڵدا؟
ییت بەنەر سەبارەت بەچۆنیەتی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نووسینی ئەم رۆمانە لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، دەڵێت "لەڕاستیدا پێشتر منو سەلاحەدین دەمیرتاش یەکترمان نەبینیبوو، من پێشتر وەک شەش ملیۆن کەسی دیکە دەنگم بەو دابوو، هەستم بەنزیکایەتییەکی زۆر کردووە لەگەڵ بۆچوونە سیاسییەکانی. سیاسەتمەدارێکە بەسەلیقەو نوکتەو زیرەکییەکەی دڵی منی بەدەستهێنا. زیندانی کردنی بەقوڵی کاریگەری لەسەر من هەبوو وەک ملیۆنان کەسی تر. حەیفە کەسێکی وەها بەنرخ لەزیندان بێت، ئەوەی لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین هیچ بکەین. بۆیە، زۆر بێزاری کردم کە هیچ کەناڵێکمان نەبوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیمان بەرامبەر بەم دۆخە".
دەشڵێت "هەستم بەئاسوودەیی نەدەکرد بڵێم چی بکەین؟ لەوڵاتی ئێمەدا شتەکان بەم شێوەیەن، دەمیرتاش کە بۆ ئازادی ئێمە خەباتی کرد، رەوا نییە ئێستا بەتەنیا باجەکەی بدات. هەر بۆیە لەکاتێکدا بیرم لەوە دەکردەوە کە چی بکەمو چۆن هاودەنگی خۆم بگەیەنم، لەچاوپێکەوتنێکدا خوێندمەوە کە ئەو زۆر حەزی لەئەدەبیاتە. دەستم کرد بەناردنی کتێب بۆی. پاشان لەڕێگەی پارێزەرەکانیەوە نزیکەی پێنج ساڵ نامەنووسین لەنێوانماندا بەردەوام بوو. ئێمە باسی ئەدەبمان دەکرد. دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو لەهەڵبژاردنی مانگی ئایاردا کە ئەردۆغان هەڵبژێردرایەوە، پێکەوە هەستمان بەنائومێدییو شکستو دۆڕاندنیش کرد".
بەنەر باس لەوە دەکات کە کتێبی "داد"ی سەلاحەدین دەمیرتاش چاپو بڵاوکرایەوە، ئەو بەدڵخۆشییەوە کڕیویەتیو خوێندیەتەوە، ئەو وتی "تێگەیشتم کە ئەمە کتێبێک نییە سیاسەتمەدارێک لەزینداندا بۆ ئەوەی پەیامێک بگەیەنێ یان وەک خولیایەک نووسیبێتی، بەڵکو بەرهەمێکی ڕاستەقینەی ئەدەبییە. یەکسەر بابەتێکم لەسەر کتێبەکە نووسی، پاشان، کە کتێبەکانی دیکەی دەمیرتاش بڵاوکرانەوە، بەهەمانشیوە لەسەریانم نووسی. دەمیرتاش ئەو بابەتانەی بینیبوو لەچاوپێکەوتنێکدا سڵاوێکی بۆ ناردبووم".
بەم شێوەیە دۆستایەتییەکی تایبەت لەنێوان دەمیرتاشو بەنەردا دروست دەبێت. دەمیرتاش کە ماوەی ٨ ساڵە دەستبەسەرە، لەبەکارهێنانی ئامێری تایپکردن یان کۆمپیوتەر بێبەش بووە، بەڵام چەندین دەقی چیرۆکو رۆمانی لەزینداندا نووسیوە، دەمیرتاش لەچاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاندووە کە "بەهۆی ئەدەبەوە بەرگەی باردودۆخی سەختی زیندانی گرتووە".
دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمانگی ئایاری 2023، هیواکانی دەمیرتاشی بۆ ئازادبوون لەزیندان تێکشکاند، ئەمەش وایکرد بیرۆکەی نووسینی رۆمانێک بەهاوبەشی لەگەڵ بەنەر بێنێتە ئاراوە.
بەنەر دەڵێت "من هەمیشە وتوومە (سەلاحەدین بەهۆی ئەدەبەوە لەزیندان هەڵاتووە). مەبەستم ئەوەیە ئەو خەیاڵێکی وەها فراوانی هەیە کە تەنها بەجەستە لەزینداندایە، دەنا وتارە سیاسییەکانیو هەڵوێستەکانی، دیوارەکانی زیندان تێدەپەڕێنن. لەڕێگەی ئەدەبەوە لەزیندان هەڵدێت. بۆیە زۆر دڵخۆشو شەرەفمەند بووم لەکاتی هەڵهاتنیدا یاوەری بم، کە وتی: پێکەوە ڕۆمانێک بنووسین؟ بەم شێوەیە دەستمان بەنووسینی کرد".
رۆمانەکە باسی چی دەکات؟
رۆمانی "پێکەوە لەبەرزەخ"، بەڕووداوێکی هاتوچۆ دەستپێدەکات کە لەبەردەم ئەو خانۆچکەدا ڕوودەدات ژەنەڕاڵ ئەیواز دێرێ بۆ ئەوەی ژیانی خانەنشینییەکەی تێدا بەسەرببات. ئەیواز دێرێ فەرماندەیەکە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەزیندانی سەربازیی ماماک بەئەشکەنجەدانی زیندانییەکان دەستی بەکارەکانی کردووە کە ئەوکاتە پلەکەی نەقیب بووە، لەساڵانی نەوەدەکاندا بەشداری جەنگی دژ بە"تیرۆریستان"و کوشتارو ئەشکەنجەدانیانی کردووەو لەساڵانی ٢٠٠٠کانیشدا لەنێو ئەو ژەنراڵانەدا ناوی هاتووە کە بەشداری کودەتای کردووە.
ژەنراڵ ئەیواز لەتەمەنی ٦١ ساڵیدا کە ئاوڕ لەدواوە دەداتەوە، بیر لەو زەبرو زەنگانە دەکاتەوە تا کۆتایی ژیانی ئەنجامیداونو بیر لەئالوودەبوونی بەمەی دەکاتەوە کە بۆ ئەشکەنجەدانی زیندانییەکانو بەکارهێنانی زەبروزەنگ پەنای بۆ بردووە، خوازیارە ساڵانی کۆتایی ژیانی بەئارامی بەسەربەرێت. دوای لەدەستدانی هاوسەرەکەیو لەژێر کاریگەری ئەو شکستانەی بەهۆی پێشهاتە سیاسییەکانی وڵاتەوە هاتبونە ئاراوە، دەیەوێت لەخەڵک دوور بکەوێتەوەو ئەو شوێنەی وەک دوا شوێنی ژیانی خۆی پلانی بۆ داناوە، خانۆچکەیەکە لەسەر تاشە بەردێک لەنزیکی دەریا بنیاتنراوەو زەوییەکەی بەمیرات لەباوکییەوە بۆ بەجێماوە، لەسەر ڕێگای ئانامور- سیلیفکێ، چەند کیلۆمەترێک لەشوێنی نیشتەجێبوونەوە دوورە، نەتەلەفۆن، نەئینتەرنێت، نەڕادیۆو نەتەلەفزیۆنی تیا نییە.
ئەیواز بەنیازە لەمەودوا لەم خانۆچکەیەدا بژی کە تەنها ٢١ مەتر چوارگۆشەیە، بەچێشتخانە بچوکو دوشو تەوالێتەکەیەوە. بەڵام دوای بەسەربردنی شەوو ڕۆژێکی ئارام، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەژیانیدا رۆژی وا ئارامی بەخۆیەوە نەبینیبوو، لەبەرەبەیاندا بەدەنگێکی ترسناک خەبەری دەبێتەوەو رووداوێک هەموو خەونو پلانەکانی پێچەوانە دەکاتەوە.
کاتێک دەچێتە دەرەوە ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوەو رووبەڕووی کچێکی جوانی کورد دەبێتەوە کە لەئۆتۆمبێلەکە دێتە دەر. سوپرایزی گەورەتر کاتێک روودەدات کە کچەکە شوێنی ڕووداوەکە جیدەهێڵێتو ئەیواز تێدەگات کەسێکی تریش لەناو ئۆتۆمبێلەکەدایە، کە پاریزەرێکە بەناوی سینان چاغلایان.
ئەیواز لەکاتێکدا هەوڵی یارمەتیدانی گەنجەکە دەدات، تەقینەوەیەکی گەورە ئاسمان دەهەژێنێتو دوکەڵی ڕەش بەخێرایی بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە. بەم تەقینەوەیە، چارەنووسی پارێزەر سینانو ژەنەڕاڵ ئەیواز جارێکی دیکە یەکتر دەبڕن.
جارێکی تریش، چونکە سینان لەڕابردوودا شۆڕشگێڕێکی چەپ بووەو لەکاتێکدا لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەماماک دەستبەسەر کراوە، تووشی ئەشکەنجەدانو لێپێچینەوەی ژەنراڵ ئەیواز دێرێ بووەو تا ئێستاش رقو توڕەیی لەهەناویدا بەرامبەر ئەم جەللادە هەڵگرتووە. سینان کە وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵەی پەنابەران کاریکردووە، لەهەشتاکاندا بەهۆی تەقینەوەکەوە لەبازگەیەکی پشکنینی ئەمنیدا گیردەخواتو دەبرێتە ئەو بنکەی پۆلیسەی ئەیواز ئەوکات وەک نەقیبو ئەشکەنجەدەر کارتی تیا دەکات.
سینانو ئەیواز، کە یەکێکیان پارێزەرێکی چەپەو ژیانی خۆی بۆ خەباتی مافی مرۆڤ تەرخان کردووە، ئەوی دیکەیان ژەنەراڵێکی خانەنشینکراوە کە ئەشکەنجەدەر بووە، دەبنە دوو کاراکتەری سەرەکی ئەم رۆمانە.
بەم شێوەیە دووانەیەکی چالاک دەستپێدەکات کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕابردوو ئێستاو داهاتووی تورکیاو مێژووی چل ساڵی ڕابردووی پڕ لەگێژاوی ئەو وڵاتەو ململانێی نێوان نەوەکانو خەباتی چینایەتیو دایکانی شەممەو ئازاری بێکۆتایی کوردو نیگەرانی پەنابەرانو واقیعی تورکیای هاوچەرخ دەگێڕێتەوەو دەرگا بەڕووی پرسە سیاسییەکاندا دەکاتەوە.
هەرچەندە کەسایەتیو تێڕوانینی سیاسی ئەم دوو کاراکتەرەی رۆمانەکە زۆر جیاوازە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەستکردنە بەشکستو دۆڕان، کە لەئەنجامی داڕمانی بەهاو ئایدیاڵو یۆتۆپیا گەورەکانەوە سەرهەڵدەدات. ئەم دۆڕانو شکستە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو شکستێکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کۆمەڵگا بێ ئاگا بووەو بایەخی بەهیچ بەهایەک نەداوە، جگە لەپارە!
بەڵام وەک بەنەر لەچاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت "ئەم رۆمانە پێمان دەڵێت سەڕەرای شکستو دۆڕانیش، هێشتا هیوایەک هەیە بۆ گۆڕانکاریی، هیوا لەگەنجاندایە. لەڕۆمانەکەدا؛ سینان بەئیواز دەڵێت: ئێمە دوو کەسین دەڕۆین، ئێمە کاراکتەری بەسەرچووین. ئەکتەری نوێ هەنو بەڕێوەن. منو سەلاحەدینیش هیوا لەگەنجەکاندا دەبینین، بەڕاستی گەنجان ئەوانەن کە دەتوانن ئەم کۆمەڵگایە بگۆڕنو ڕاستمان بکەنەوە. ئێمە لەبەرزەخداین هێشتا دنیا کۆنەکە بەردەوامە، بەڵام خەریکە دادەڕمێت، لەهەموو لایەکەوە داڕزاوەو بۆگەناوی کۆمەڵگای کاس کردووە. کۆمەڵگا بەرگەی ئەمە ناگرێت، هەندێکیان هەڵدێن، هەندێکیان یاخی دەبن. بەڵام هێشتا دنیایەکی نوێ پێکنەهاتووە. ئەمە پرۆسەیەکەو ڕوون نییە لەکوێدا یەکلایی دەبێتەوە. مەترسیش لەئارادایە. ئێمە لەقۆناغی گواستنەوەداین، ئێمە لەبەرزەخداین".
بەنەر دەشڵێت "پێکەوە لەبەرزەخ، بانگهێشتی هەمووان دەکات بۆ بیرکردنەوە لەئاشتیو ویژدانو فەزیلەت، پێداگری دەکات لەدوورکەوتنەوە لەتوندوتیژییو رق، تەنانەت بەرامبەر ئەوانەی تاوانی نامرۆڤانەشیان لەڕابردوودا ئەنجامداوە، چونکە تاوانەکان تاکەکەسی نییەو ئەو جەماوەرەش کە پشتیوانیان لەفاشیزم کردووە بەرپرسیارن. پێویستە هەموو کەسێک بتوانێت لەگەڵ هەموو کەسێک قسە بکات بەبێ ئەوەی یەکتری بکوژن. وەک سەلاحەدین دەڵێت: نەبوون بەفاشیست بەسە".
دوو کەس کە بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە دەبنە هاوڕێ
سەلاحەدین دەمیرتاشو ییت بەنەر، کە لەدوو نەوەی جیاوازو نەریتی سیاسی جیاوازەوە هاتوون، رۆمانێکی ئەدەبی ناوازەی ئەمڕۆی تورکیایان بەرهەمهێناوە. سەلاحەدین دەمیرتاش تەمەنی ٥١ ساڵەو ییت بەنەر تەمەنی ٦٦ ساڵە، بەنەر دەڵێت "جیاوازیی پاشخانی سیاسیو شوناسی ئیتیکیو تەمەنە جیاوازەکانمان ڕێگر نەبوو لەکارکردنی پێکەوەییمان، دوو کەس بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە هێشتا دەتوانن هاوڕێ بنو هەستێکی زۆر هاوشێوەیان هەبێت".
سەلاحەدین دەمیرتاش، لەساڵی ١٩٧٣ لەشارۆچكەی پاڵوی پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لەدایكبووە، لە دیاربەکر گەورە بووە، دوای تەواوکردنی کۆلیژی یاسا لەئەنقەرە لەساڵی ٢٠٠٧، بووەتە ئەندامی پەرلەمان، لەساڵی ٢٠١٤ بووە بەهاوسەرۆکی سێیەمین پارتی گەورەی سیاسی لەپەرلەمانی تورکیا، لەساڵی 2016ەوە لە زینداندایەو لەدۆسیەی كۆبانێدا سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوەو ماوەی هەشت ساڵە لەگرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە.
ییت بەنەر، لەساڵی ١٩٥٨دا لەبرۆكسل لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی بەهۆی هاتو چوونی خێزانەکەیەوە لەپاریسو ئەنقەرە تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧٣ خێزانەکەی دەگەڕێنەوە بۆ تورکیاو لەقۆناغی خوێندنی ئامادەییدا لەگەڵ رەوتە مارکسیو چەپەکاندا کار دەکات. ئەوەی ژیانی ئەو بەیەکجاریی دەگۆڕێت، کودەتای سەربازیی ئەیلولی ١٩٨٠ی ژەنراڵ ئەفرین-ە، کە ئەوکات لەقۆناغی یەکەمی کۆلیجی پزیشکی زانکۆی ئەنقەرە دەخوێنێتو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچیت، لەبەرئەوە تورکیا بەجێدەهێڵێتو لەپاریسو برۆکسل وەک وەرگێڕو ڕاوێژکار لەپرسەکانی کۆچبەریی کار دەکاو هاوکات لەگۆڤارە جۆراوجۆرەکاندا بابەتی ئەدەبیو هونەری دەنووسێو بەرهەمی ئەدەبی لەفەڕەنسییەوە وەردەگێڕێت بۆ زمانی تورکی. ساڵی ١٩٩٠ پاش بەسەربردنی ١٠ ساڵ لەدەربەدەریی، دەگەڕێتەوە بۆ تورکیاو لەئەستەنبوڵ نیشتەجێ دەبێت. خاوەنی چەندین رۆمانی سەرنجڕاکێشو خەڵاتی ئەدەبییە.
رۆمانی "پێکەوە لەبەرزەخ"، لەلایەن خانەی چاپی "دیپنۆت" بڵاوکراوەتەوە، كە سەرجەم كتێبەكانی پێشووی دەمیرتاشی بڵاوكردووەتەوە.