کە چووینە ژووری پزیشکەکان ، ئەوە هیچ بە خێرهاتنیان نەکردین، تەنانەت سەیریشیان نەکردین، وەک دوو تاوانبار لە بەرامبەریان دانیشتبووین
نەوزاد بەندی
ساڵانە ئەبێ مۆڵەتی منداڵی کەمتوانا بۆ خێزانەکەم تازە بکەینەوە ..یاسایەکی حوکمەتی هەرێمە ، هەر خێزانێک مناڵێکی کەمتوانای تێدا بێ ، دایک یان باوک ئەتوانن یەکێکیان سوود لەو مۆڵەتە ساڵانەیه وەربگرن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مناڵە کەمتواناکەیان بکەن .
تازەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە ساڵانە کۆمەڵێک ئیشی ئەوێ ، ئەچیتە فەرمانگە ، پەیوەندی بە کارەکەتەوە ئەکەیتەوە ، نووسراوت بۆ ئەکەن بۆ فەرمانگە گشتییەکەت ، لە فەرمانگە گشتیەکەتەوە دووبارە نووسراو و ڕاژەکەت بۆ چاپ ئەکەنەوە و ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، لەوێوە نووسراو و دوو ڕەسمت لێ وەردەگرن و ئەتنێرن بۆ لیژنە پزیشکییەکان ..لیژنە پزیشکییەکان فایلێک بە 500 دینار و وەسڵێکی 1000 دیناریت بۆ ئەبڕن 4 ڕەسمت لێ وەرئەگرن و ئەتنێرن بۆ لای پزیشکەکانی لیژنەی پزیشکیی ، ئەوانیش پێت ئەڵێن بڕۆ نیوەڕۆ وەرەوە بۆ ئەنجامەکەی ..نیوەڕۆ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەنجامەکەی بۆ ئەوەی سبەینێ بەیانی بچیتەوە بۆ بەڕێوەبەڕایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سبەینێ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەوێ و کۆمەڵێ ڕەسمی ترت لێ وەردەگرن و نووسراوت بۆ دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سەر و خوار و ڕاست و چەپت پێ دەکەن بە ژوورەکاندا و .. دوای ئەوەی هەناسەت سوار ئەبێ ، نووسراوێکت بۆ ئەکەن و پێت ئەڵێن بە دەستی خۆت بیبە بۆ هەولێر بۆ وەزارەتی چاودێریی کومەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر ، تەماشای مناڵەکەت ئەکەن ، هەوڵ ئەدەن پێت بسەلمێنن کە ئەم مناڵە پێویستی بە چاودێریی نییە ! به مەرجێ لە ڕاپۆرتی لیژنە پزیشکییەکاندا نووسراوە پلەی کەمتوانایی 100% ..ئەگەر بۆت سەلماندن کە پێویستی پێیەتی ، ئەوسا ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی تر و نووسراوت لێ وەرئەگرن و پێت ئەڵێن : بڕۆ ، خۆمان ئاگادارت ئەکەینەوە .. ئەڕۆیتەوە بۆ سلێمانی و دوای چەندەها ڕۆژ دێیتەوە بۆ هەولێر و سەردانیان ئەکەیتەوە ، چەند ژوورێکت پێ ئەکەن و ..دواجار پێت ئەڵێن بڕۆرەوە خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەی کە خۆت کاری تێدا ئەکەیت ، دوای دە دوانزە ڕۆژ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەت ئەکەیتەوە ، ئەڵێن هێشتا نەهاتۆتەوە ..ئیتر ئەیکەیت بە ڕێی کانی و سەردانی ڕۆژانە هەفتانەی بۆ ئەکەیت ، هەتا ئەگات و چەند ژوور و چاپ و هاتوو و دەرچووت پێ دەکەن ، ئینجا پێت ئەڵێن بڕۆ خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەت کە هەر لە سلێمانییە ! ..ئێ باشە بۆچی بۆ هەولێریش بە پۆست ناینێرن و ئەبێ خۆم بیبەم ؟ ئەی ئەگەر بە پۆست ناینێرن بۆ هەولێر ، بۆچی لەنێوان فەرمانگەکانی سلێمانیدا بە پۆست کار ئەکەن ؟
ئیتر یاسایه و بڕایەوە ، بۆت نییە چەند و چوون بکەیت ..
دوای چەند ڕۆژێ ئەچیت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەت ، پێت ئەڵێن بڕۆ لە فەرمانگەکەت نووسراوی لێکترازان بێنە بۆمان هەتا نووسراوی کۆتاییت بۆ بکەین ، ئەچیت بۆ فەرمانگەکەت ، پێت ئەڵێن هەتا لە بەڕێوبەرایەتییەوە نووسراوی مۆڵەتی ساڵانەت بۆ نەکەن ، ئێمە ئاماژە بە چ نووسراوێک بکەین لە نووسراوی لێکترازانەکەماندا ؟ ئەگەڕێیتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ، ئەڵێن تۆ بڕۆ ، خۆمان بە تەلەفۆن تێیان ئەگەیەنیت ..
ئەڵێیت : بۆ کوێ بڕۆم ؟ ئەی نووسراوی کۆتاییم بۆ ناکەیت ؟
ئەڵێ بۆ سبەینێ ..!
ئیتر باسی هەڵەی چاپ و ئەو شتانە ناکەم کە زۆر جار لە ژووری حەوتەمەوە وەک یاری مار و پەیژە ، مارەکە پێتەوە ئەدات ، ئەبێ بڕۆیتەوە بۆ ژووری یەکەم بۆ ئەوەی دالێکی هەڵە بکەیت بە عەین ..یان دوو خاڵی پیتی یەکەمت بۆ بکوژێننەوە و بۆت بخەنە سەر پیتی سێیەم .. تەنانەت جارێکیان کە مامەڵەکەیان دامێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ، لە دوای چەند ژوورێک جا بۆیان دەرکەوت ئەم مامەڵەیە هی کەسێکی ترە ، کە بە ڕاکردن پڕم کرد بە مامەڵەدا و بەرەو بەڕێوبەرایەتیی ڕامئەکرد چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، سوپاس بۆ خوا هەمان کات نەفەرێکم بینی بە مامەڵەیەکەوە بە ڕاکردن بەرەو لای من ئەهات ، ئاماژەی چاومان هەموو شتێکی حەل کرد ، چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، نەئەبوو چرکەیەکی بە فیڕۆ بدەین ، وەک ڕاکردنی پێنجسەد مەتری بەریدی ئۆڵۆمپیی ، لە چرکەیەکدا مامەڵەکانمان ئاڵ و گۆڕ کرد و هەر یەکەمان بە ڕاکردن چووین بە لای ئیشی خۆمانەوە ، ئەو مامەڵەی کوڕەکەی منی بە هەڵە پێدرا بوو ، منیش هی کوڕەکەی ئەوم پێ درا بوو ..
حەزیش ئەکەم لە کۆتایی ئەم باسەدا باسی سێکشنێکی ئەم ووڵاتی دامەزراوەیەتان بۆ بکەم ، بۆ نمونە لیژنەی پزیشکیی .. هیچ پارکێک بۆ ئوتومبیل لە ئارادا نییە ، پۆلیسی هات و چۆیش ئەو ڕاستە شەقامەی بەردەم لیژنەی پزیشکیان بە خۆیان و مۆتا پڕتەقاڵییەکان و هێمای ڕاوەستان قەدەغەیە تەنیوە ، نەک ئوتومبیل ، تەنانەت چۆلەکەیش ناتوانێ و بۆی نییە بنیشێتەوە ، ئیتر مناڵی ئیفلیج و کوێر و کەڕ و هەموو جۆرەکان بە باوەش ئەگەیەنرێنە لیژنەی ئازیز ..هەر بۆیە منیش لە دووریی زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە ئوتومبیلەکەم پارک کرد و لەگەڵ کوڕە ئۆتیزمەکەم وەک تیر بەرەو لیژنەی پزیشکیی دەرچووین ، لە ڕێ بنی کالەی بڕاندی FELA ی کوڕەکەم نیوەی لێ بۆوە و کەوتە تەپڵ و دومبکێلدان ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا چەپڵەیەک یان چەقەنەیەکی لێ دەدا ..پێش ئەوەی بگەینە لیژنەکە ، بە تەواوەتی لێ بۆوە و .. کوڕەکەم بنی پێڵاوەکەی هەڵگرتەوە وەک ماسی پانکە وابوو بە دەستیەوە .. ووتم بەم ماسییە پانکەیەوە بچینە لای پزیشکەکان ڕەنگە وا بزانن لە ڕاوە ماسییەوە هاتووینەتەوە و کوڕەکە هیچ عەیبی نییە .. هەر بۆیە لە حەوشەی لیژنەکە و لە ژێر دارکاژێکا ، بنەکەمان بە ئەمانەت دانا ، فایلفرۆشەکە ووتی منیش ئاگام لێی ئەبێ ..
کە چووینە ژووری پزیشکەکان ، ئەوە هیچ بە خێرهاتنیان نەکردین، تەنانەت سەیریشیان نەکردین، وەک دوو تاوانبار لە بەرامبەریان دانیشتبووین، دانەیەکیان کە گەنجترینیان بوو، ووتی : کوا دایکی؟
ووتم : دایکی بۆ چییە؟ لەپرسەدایە، خەسووم پێرێ مرد..
هیچیان نەیانووت خۆتان خۆش بن ..
سەیر ئەکەم ، سەیری یەکتر ئەکەن .. !
لە دڵی خۆمدا ووتم با وەزعەکە کەمێ ئارام بکەمەوە، لەو کاتەی یەکێکیان بە تەواویی هێزو تواناوە پێیووتم: تۆ چۆن وا قسە لەگەڵ مندا ئەکەی؟ (دایکی بۆچییە) یەعنی چی؟
ووتم : خۆم 35 ساڵە لە تاقیگەی نەخۆشخانە کار ئەکەم ، ئەم لیژنەیەیش ساڵانە دایکی لەگەڵ کوڕەکەدا دێت ، ئێستا لە پرسەدایە ..
ئەوەی ناوەڕاستیان دەم و چاو خڕێک بوو، کە زیاتر سەرۆپێفرۆشێکی بیر خستمەوە، بە هیچ جۆرێ تەماشایەکیشی نەکردین ، واتا 35 ساڵەکەیش دەردی نەخوارد .. هەتا دانەیەکیان ووتی من ئەیانناسم ، قەیناکا بۆی ئەکەین با بڕوات ، ئینجا به چپە لەگەڵ دەم و چاو خڕەکەدا هەندێ قسەی کرد کە ناوەکەی بە ( ئۆفـ ... ) دەستی پێ ئەکرد لەگەڵ سێ پیتی ترا ..
جا چاوی بەرز کردەوە و ووتی : ( بەخێر بێی )
بەڵام ئەوەی کە من نەمزانیبوو بە جوانیی قسەی لەگەڵدا بکەم ، پێی ووتم : کوا نوسخەی لیژنەی پزیشکیی پار ؟
ووتم : پێم نییە ..
ووتی : چی لێ نووسرا بوو ؟
ووتم : ئۆتیزم ، پلەی کەمتوانایی له سەدا سەد ..
بەڵێ ! من عەیبدار بووم ، ئاخر کوڕەکەم ئۆتیزمە .. ئەبێ هەموو شتێ قبوڵ بکەم ، تەنانەت 35 ساڵ خزمەت لە بواری تەندروستیدا دەرد ناخوا ..
( سێ پیتەکەیش ، پارچەیەکە لەناو کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلا ، 2 و 4 و8 و 12 یشی هەیە ، هەتا زیاتر بێ ، پڕۆسێسەری ئامێرەکە خێراتر ئەبێ و نرخەکەیشی گرانتر )
ئێستا ئیتر خۆتان سەرپشکن لەوەی پێ ئەکەنن یان ئەگرین ..