ئا: ئاوێنە
ماڵئاوا جوانێ - Bella Ciao، ناوی گۆرانییەکە کە لەکاتی جەنگی دووهەمی جیهانیدا بوو بەسروودی پارتیزانانی ئیتاڵیاو نەیارانی دژ بەفاشیزم. دواتریش بوو بەسیمبولی خەباتی ئازادیخوازیی لەسەرتاسەری جیهانو بەچەندین زمان لەلایەن هونەرمەندانو گروپە هونەرییەکانەوە بەهەمان ئاوازو بەکارهێنانی هەمان رستەی Bella Ciaoەوە وترا. بێلا چاو، نەک تەنها لەئیتالیاو ئەوروپا، بەڵکو لەهەموو شوێنێکی ئەم دنیایە، لەکوردستانو لوبنانو ئێرانەوە بگرە تا دەگات بەکۆلۆمۆبیاو فەنزوێلا، بووە هێمای بەرخۆدان لەدژی دەسەڵاتە تاکڕەوەکانو ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتەکانو بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم.
بەپێی گێڕانەوەی ئیتالییەکان، ڕەگو ریشەی گۆرانی "بێلا چاو - ماڵئاوا جوانێ" دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەمو لەزاری ئەو ژنانەوە داکەوتووە یەکەمجار کە مەرەزەیان کردووە لەدۆڵی پۆی ئیتاڵیا. لەو سەردەمەدا دۆڵی پۆ مەڵبەندی بەرهەمهێنانی برنج بووە لەئیتاڵیاو باشوری ئەوروپا.
هەلومەرجی کارکردن بۆ ژنانی جوتیاری مەرەزە کە بەزمانی ئیتاڵی بەمۆدینا Modina ناودەبران، زۆر قورسو گران بوو، کرێشیان زۆر کەم بوو. پیسبوونی ژینگەی کارو هەڵسوکەوتی خراپی خاوەنکار دۆخێکی دروستکرد کە دۆڵی پۆ چەندین جار یاخیبوونی کرێکارانو جوتیاران بەخۆیەوە ببینێت. لەم هەلومەرجەدا گۆرانییەک کەوتە سەر زاری جوتیاران کە گوزارشتی لەئازاری ڕۆژانەی ئەو ژنانە دەکرد کاری سەختو تاقەتپڕوکێنیان دەکرد. ژنانی مەرەزەکار لە کاتی کارکردندا ئەم سروودەیان دەوت:
هەموو بەیانیەک لەخەو هەڵدەستم
ئەی جوان، ماڵئاوا، ماڵئاوا، ماڵئاوا
دەبێت بچمە سەر مەرەزەی برنج
لە نێو مێشوولەو مێروودا
ئەی جوان، ماڵئاوا، ماڵئاوا
ئەو کارەی دەبێت بیکەم گیانکێشانە
ژنانی نێو مەرەزەی برنجەکان دەبوو قورسترینو ماندووترین کار لەبەرهەمهێنانی برنجدا ئەنجام بدەن، کە بژارکردنی رەگی برنجەکان بوو، لەکاتێکدا تا ئەژنۆیان لەئاودا نقوم بوو، دەسکەنەی گژوگیان دەکرد.
سەرەڕای ئەم گێڕانەوە باوەی کە گۆرانی فۆلکلۆریی "ماڵئاوا جوانێ" بەرهەمی خەباتی ژنە جوتیارانی مەرەزە بۆ ئازادییە، بەڵام بەشێک لەمێژوونووسانی ئیتاڵی پێیانوایە ئەم گۆرانییە لەگۆرانییەکی شادی منداڵانەوە ئیلهامی وەرگرتووە کە بەشێوەزاری ناوچەی ترێنتینۆ لەباکووری ئیتاڵیا وتراوە. تەنانەت پێشیانوایە ئەم گۆرانییە منداڵانەیەش خۆی لەگۆرانییەکی فۆلکلۆری کۆنترەوە سەرچاوەی گرتووە کە چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە لەغیابی خۆشەویستەکەیدا ئاوات بەمردن دەخوازێت. تەنانەت بەشێک لەمێژوونووسان رەگو ریشەی ئەم گۆرانییە دەگەڕێننەوە بۆ ئاوازێکی ئاوازدانەرو مۆسیقاژەنێکی جولەکە بەناوی "میشکا زیوگانۆڤ"، کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا لەئەوروپای رۆژهەڵات ژیاوە.
سەرباری ئەم ڕەگو ڕیشە مێژووییە ئاڵۆزەی دەربارەی ئەم گۆرانییە دەوترێت، ناوبانگی جیهانی "بێلا چاو - ماڵئاوا جوانێ" دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی بەرگری دژە فاشیستی ئیتالیا، کە بە"پارتیزانەکان" لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ناسراون. لەو کاتەدا پارتیزانەکانی ئیتاڵیا بەشێوەیەکی سەرەکی کۆمۆنیست بوون، لەیەک کاتدا شەڕی دژ بەحکومەتی فاشیستی مۆسۆلینیو بەرەنگاریی لەشکرکێشی ئەڵمانیای نازیش دەبوونەوە. لە نێوان ساڵانی 1943 بۆ 1945 پارتیزانەکانی ئیتالیا تێکستی ئەم گۆرانییەیان گۆڕیو کردیان بە هێما بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی مۆسۆلینیو هیتلەر. نوسخەی نوێی گۆرانییەکە بەم بڕگەیە دەست پێدەکات:
بەیانییەک لەخەو هەستام
ماڵئاوا جوانێ، ماڵئاوا، ماڵئاوا، ماڵئاوا
بەیانییەک لەخەو هەستام
بینینم نیشتیمانم داگیر کراوە
ئەی پارتیزانەکان لەگەڵ خۆتان بمبەن
چونکە مردن دەبینم بەرەو رووم دێت
ئەوکات ئەم گۆرانییە لەسەر زاری خەڵکی دەوتراو یەکەم نوسخەی تۆمارکراوی ئەم سروودی بەرخۆدانە لەلایەن ئەکتەرو گۆرانیبێژی بەناوبانگی فەرەنسی ئیتاڵیی، ئیڤ مۆنتاندەوە وترا لەساڵی ١٩٦٣. ساڵێک بەدوای ئەوەدا کە لەلایەن گروپی ئیل نوڤۆ کانزۆنیێر ئیتالیانۆ Il Nuovo Canzoniere Italiano لەفێستیڤاڵی دێل دۆمۆندی پێشکەش کرا، بێلا چاو ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا.
."ماڵئاوا جوانێ" لە دوای تۆمارکردنو پەخشکردنی، لەئاستێکی فراواندا نەک هەر بوو بەسروودی چەپەکان، بەڵکو سۆشیال دیموکراتو کاسۆلیکو لیبرالەکانەکانیش سوودیان لەکۆپییە جیاوازییەکانی ئەم سروودە وەرگرت، تەنها ئەو گروپانە دانویان لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا ناکوڵێ کە سەر بەرەوتە فاشیزمو راستڕەوەکانن.
لەمەش واوەتر، ئەم گۆرانییە بەچەندین جۆری جیاواز سوودی لێوەرگیراوە، بەناوبانگترینیان لەفیلمی "تاڵانی پارە - The Money Heist"دا بوو، کە گروپی تاڵانچی بانکی پاشایەتی ئیسپانیا، لەکاتی تاڵانکردنەکەیاندا بەدەنگی بەرز ئەم گۆرانییە دەڵێن. هەروەها گروپی دی جەی ناسراو بەستیڤ ئاوکی لەساڵی ٢٠١٨دا ئەم گۆرانییەی بەجۆرێک بەرهەمهێنایەوە کە بۆ سەمای دیسکۆو یانە شەوانەکانی ئەوروپا بەکاربهێنرێت.
هەموو ئەمانەش بوونە جێی رەخنەی توندی بەشێک لەرەخنەگرانی هونەریی کە پێیانوابوو دەستکاریکردنی ئەم سروودو گۆرانییەو بەکارهێنانی بەو شێوەیە، پێچەوانەی پەیامو روحی ئەم گۆرانیو سروودەیە، سروودەکە لەپێناو بەرگریو بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارو دژایەتی فاشیزم بەرهەمهاتووەو رەوا نییە بکرێت بەکاڵای سەرگەرمییو ات بەسەربردنو زەمینەی سەرهەڵدانی مێژووییو فەلسەفەی بوونی بسڕێتەوە.
چ تایبەتمەندییەک "ماڵئاوا جوانێ"ی گەیاندووە بەو پێگە باڵایە لەمێژووی موزیکی ناڕەزایەتیدا؟ بۆچی گۆرانییەک کە تەمەنی سەد ساڵەو لەئازاری ڕۆژانەی ژنانی جوتیاری مەرەزەی ئیتاڵییەوە هەڵقوڵاوە، سنوری جوگرافیای بەزاندو بوو بەزمانحاڵی ناڕەزایەتیو ناڕازییەکانی جیهان؟
پێدەچێت ئاوازێکی سادەو تێکستی گۆرانیەکە کە گوزارشت لەهەستێکی مرۆڤانەی جیهانی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەورو ستەمکارییو خەسڵەتی ناحیزبی بوونییەکەی، لەو تایبەتمەندیانە بن کە سیمایەکی سەرنجڕاکێشو ئەفسوناوییان بۆ "بێلا چاو" دروستکردووە.
"بێلا چاو - ماڵئاوا جوانێ" کە پێگەیەکی جیهانی لەنێو سروودە شۆڕشگێڕییەکاندا بەدەستهێناوە، لەساڵانی رابردوودا، بەچەند شێوازێکی جیاواز لەلایەن چەندین هونەرمەندو گروپی هونەری کوردییەوە وتراوەو رەنگە "جوان حەجۆ" یەکەم هونەرمەند بووبێت ئەم گۆرانییەی بەکوردی وتبێت.