پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر زیادكردنی موچەی پەرلەمانتاران دا؛ "خیانەتە لە دەنگدەران"
  2024-08-16       684       

بەگوێرەی نوسراوێكی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 7ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا دەنگی لەسەر زیادكردنی موچەی پەرلەمانتاران و كارمەندانی پەرلەمان داوە، شارەزایەكی یاسایی دەڵێت، ئەو كارە پێچەوانەی یاساو دەستورەو "خیانەتە" لە دەنگدەران.

ئاوێنە: دوێنێ 15ی ئاب، میدیا عێراقییەكان، نوسراوێكی پەرلەمانی عێراقییان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا هاتوە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردو 7/8/2024، دەنگی داوە لەسەر بڕیارێك كە زیادكردنی موچەو دەرماڵەی پەرلەمانتاران لەخۆدەگرێت بەشێوەیەك كە موچەو دەرماڵەكانیان هاوتای موچەو دەرماڵەی وەزیر بكرێت و هەروەها بڕیارەكە ئەوەش لەخۆدەگرێت كە دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی پەرلەمان بەڕێژەی لەسەدا 30 موچە بنەڕەتییەكەیان زیاد دەكرێت.

لەوبارەیەوە سالم حەواس، شارەزای یاسایی رایگەیاند، دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر زیادكردنی موچەو دەرماڵەی ئەندامەكانی و هەروەها زیادكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ كارمەندەكانی، "خیانەتە لەو گەلەی كە دەنگی پێداون و پێچەوانەی دەستور و یاساكانە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەپێی پێناسەی یاساییەكەی، ئەندامی پەرلەمان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتیدایە ئیدی چۆن موچەكەی و دەرماڵەكەی وەكو موچەو دەرماڵەی وەزیری لێدەكرێت بەپێچەوانەی یاساوە، ئەمە…خراپ بەكارهێنانی مافە."

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو بڕیارەی پەرلەمان هەروەها پێچەوانەی ماددەی 16ی دەستورەو بڕیارەكەش لەكاتێكدایە كە زۆرێك لەو یاساو بڕیارانەی كە لایەنی مرۆییان هەیە لەناو پەرلەمان پەكخراون لەوانەش یاسای پلەو خشتەكانی موچەی فەرمانبەران.


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×