Biz üç kişiydik
شیعری: یوسف خەیاڵۆغلو
و/ دلاوەر
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە ڕۆحی ئازادی شەهیدان، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین
* * * * * * * * * * * * * * *
ئێمە سێ کەس بووین
بەدرخان، نازلی گیان و من
سێ دەم، سێ دڵ، سێ فیشەکی نەزرکردوو
ناومان وەک بەڵا لە چیا و بەرد هەڵکۆڵراو
بەرپرسیارێتییەکی قورس لە ئەستۆمان،
بە سینگمانەوە تفەنگی خاچئاسا هەڵواسراو
پەنجە لەسەر پەلەپیتکە و گوێقوڵاغ
پشتبەستوو بە متمانەی خاک
دەستمان کە لە حەژمەت سەرما دەلەرزی،
لە شوکەران*ی تاڵمان هەڵدەسوو
لەژێر لێفەیەک ئەستێرەدا،
دەخزاینە باوەشی یەکترەوە.
زەریا دوور بوو، تەنیایی عەزابی دەداین
شەو دەتگووت خەرەندە، بە لوورەی چەقەڵ
لە دوورەوە،
کە پەلاماری دەموچاو و
نان و گۆرانییەکانمانی دەدا و
تێدەپەڕی
نازلی گیان مەرهەمی جاترەی لە سینگ و بەرۆکی دەدا،
کە بۆنە خۆشەکەی هەموو جێگەیەکی قانگ دەدا
ئێمە دزەنیگایمان دەکرد و
دڵمان بۆی وەخورپە دەکەوت.
ڕەنگبێ نازلی گیانمان لە شمشاڵی شوانێکدا
لەدەست دابێ
لەگەڵ گوڵەستێرەکاندا یەکانگیر بوو
باڵەفرتێی کرد و سووتا
پەپوولەیەکی بچووک و مردووی لە ناوماندا جێهێشت
وەک گولـلە و مین، بڵێسەی دا و دیار نەما.
نازلی گیان، ئەی ئاسکی عەلەفزارانی کێویی
نازلی گیان، زریان پرچت شانە دەکا
ئایا تۆیش، هەر ئاوها دەڕۆیت بۆ زێدی ئەستێران؟
نازلی گیان، ئەی زامێک لە ڕۆحدا
نازلی گیان، ئەی گوڵی سارای فێنک
نازلی گیان، ئەی شەڵاڵ بە هەژانی شێتانە
ئەی پەپوولەی عەشق لە دڵی مندا
نازلی گیان، ئای نازلی گیان...
دوای ئەوە لە سوپایەکی بەزیو دەچووین
پایەماڵ و تەنیا
دەڕۆیشتین شەکەت بە دڵی لەتوپەتەوە
ئەوەی مایەوە هەستێکی سیخناخ بە مەرگ و
بێدەنگییەکی لاڵ بوو
ڕۆیشتین، بە بێ نازلی گیان لەگەڵماندا
لە گەلییەکدا بەدرخانیان لە دواوە پێکا
لەکاتێکدا کە دڕی بە گەمارۆیەکی گەورە دەدا،
وەک تفەنگێک کە لە شان بخلیسکێ،
کەوت و پەلەکانی بەملاولایدا شۆڕبوونەوە
مەرگ هەروەک دڕکەزی گەمارۆی دا
سێبەرەکەی لەبەر تریفەی مانگدا دەتگووت درەختێکە
کەوتبێ بە لادا
بەسەریدا دانەویمەوە و لە چاوانیدا بوومە ڕۆندک
لە کاتێکدا کە تەپەی لێدانی چۆڕبڕاوی دڵم،
سینگی شەقار دەکردم
وەک بڵێی ئەوە لە گاڵتەیەک زیاتر نەبێ
وەک بڵێی هەر ئێستا بێدار بێتەوە،
ئاگرێک بکاتەوە و سیغارێک بپێچێتەوە
ئاهـ ، بەڵام مەرگ ڕاستگۆیانە
لەسەر بەڵێنی خۆی بوو
چیدی بەدرخانیش هەروەک نازلی گیان،
نەدەژیایەوە.
بەدرخان، ئەی هەیولای شەوانی قەترانیی
بەدرخان، ئەی بەڵای بۆسەی نامەردان
ئایا تۆیش کەسێک بوویت کە دەبوو ئاوها
لەپێ بکەویت؟ قسە بکە!
بەدرخان، ئەی مەزارەکەت هێلانەی هەڵۆ
بەدرخان، ئەی ڕاکردووی چیاکانی ئەرخەوانیی
بەدرخان ئەی وەک پادشایان چاوشین
ئەی نەشتەرێک لە زوڵمەتی شەوی لاڵدا
بەدرخان، ئای بەدرخان
ئێمە سێ کەس بووین
سێ گوڵی خۆکوژ:
بەدرخان، نازلی گیان و من (سوبحی**).
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
• شوکەران: ڕووەکێکی ژەهراوییە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
** مستەفا سوبحی: (١٨٨٣- ١٩٢١) دامەزرێنەری حزبی کۆمۆنیستی تورکیا.