مردنی کتێبفرۆشەکە!
  2024-09-02       510       

کامەران سوبحان

 

زۆرکەس بەڕێگەی جیاواز هاتونەتە ناو ژیانم، ئەوانەی بەڕێگەی کتێب هاتوون، هەریەکەیان چیرۆک و بەسەرهاتی خۆی هەیە. ئەو کەسانە هەریەکەیان لانەیەکیان لەخەیاڵ و بیرەوەریم داگیرکردوە.

مەلا موحسینی کتێبفرۆش، یەکێک لەوانەی لەڕێگەی کڕینی کتێب و ڕۆژنامە، هاتە نێو ژیانم، هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان، بیرم لەوە نەکردبوویەوە، وەک چیرۆکێک چەند بەسەرهاتێکی پاش مردن بنووسمەوە!

ئەو بەیانییەی وێنەکەیم لە فەیسبوک بینی و خەتێکی ڕەش لەلای چەپی درابوو، لەیەک چرکەدا، دەیان بیرەوەریی ڕۆژانی ڕابردووم وەک تیشکێکی خێرا، بەناو یادەوەریمدا هات و بۆ ماوەیەک تووشی بێدەنگییەکی قوڵیکردم!

لەناوەڕاستی نەوەدەکاندا، جارێکیان لەگەڵ برادەرێک لای ئەو دانیشتبوین. یەکێک لە ڕۆژنامەکاندا وتارێکی ڕەخنەیی لەبارەی کتێبێکی مەسعود محەمەد بڵاوکرابویەوە. لەگەڵ ئەو برادەرە کەوتینە گفتوگۆی بابەتەکە، لەشوێنێکدا پێیوتم تۆ چ کتێبێکی مەسعود محەمەدت خوێندوەتەوە؟ بێ وەستان وتم دوو کتێب (مرۆڤ و دەوروبەر، گەشتی ژیانم) برادەرەکە سەیرێکی کردم و هیچی نەوت! لە بێدەنگیی ئەو برادەرە تێگەیشتم!

بۆ ڕۆژی دواتر، مەلا موحسین چەند کتێبێکی مەسعود محەمەدی بۆ هێنام (چەپکێک لە گوڵزاری نالی، زاراوەسازیی پێوانە، لسان الکرد) پێموت مەلا گیان بەخوا پارەم نییە ئەو کتێبانە بکڕم! وتی بۆ فرۆشتن نیە، پێمخۆشە بیخوێنیتەوە و کەی تەواو بویت، بۆم بێنەرەوە. پاش ماوەیەک کە بۆم بردەوە وتی ئەوانە دیاری من بوون و هیچ مەڵێ!

من بەردەوام ڕۆژنامە و گۆڤارم لای ئەو دەکڕی. کەم ئێوارەو بەیانی هەبووە کە رۆژنامە و گۆڤارەکانم لێوەرنەگرتبێت پێشەکی باسی زۆربەیانی نەکردبێت بۆم! دەیوت وتاری فڵان کەسی تێدایە، ئەم ژمارەیە لاوازە، ئەو وتارە وایە و بەشێوەیەکی گشتی بۆی باسدەکردم، ئەم کارەی بۆی بووبوو بە پیشە.

لەم ساڵانەی دوایدا، بەتایبەتی ئەو چەند کتێبەی کۆتایی کە لە (ناوەندی کارۆ) چاپمکران و خۆم دابەشمدەکرد، بەسەر کتێبفرۆشەکاندا، یەکێک لەوانە مەلا محسین بوو. لە مامەڵەکردندا، پیاوێکی راستگۆ، بێ کێشە، هەمیشە لە پێش وادەی خۆیدا، پاکتاوی لەگەڵ دەکردیت.

لەژیانی خۆمدا وەک (خوێنەر و نووسەرێک) کەم کتێبفرۆشم ناسیوە هێندەی ئەو، ڕاستگۆبێت لەگەڵ نووسەردا!

*ئەو ئێوارانەی دەچومە بازاڕ، سەرێکم لێئەدا، زۆرجار کتێبی نوێم لای ئەو دەکڕی و هەندێجاریش تۆزێک دادەنیشتم و چایەکی بۆ بانگدەکردم و ئاوێکی ساردی دەدامێ، هەموو جار دەموت کاک موحسین: ئەم چاو ئاوە، قازانجی کتێبێکی بردیت!

مردنی ئەم پیاوە ئارام و جوانە، لای من مردنی رایەڵەیەکی نێوان خۆم و کتێب بوو!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×