لەسەر لەشكركێشییەكانی توركیا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان كرا
  2024-09-02       343       

ئەمڕۆ دوشەممە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی كرد بۆ تاوتوێكردنی لەشكركێشییەكانی توركیا لە ناو خاكی عێراق. لیژنەكە دەڵێت، ئەو دۆسیەیە دەبێت بەیەكجاری كۆتایی پێ بهێنرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و وەفدێكی هاوڕێی كردوەو لەگەڵیدا كۆبوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا بەگشتی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی وڵاتەوە كراوە بەتایبەت لەشكركێشییەكانی توركیا لەهەندێك ناوچەی عێراق.

هەروەها لە كۆبونەوەكەدا، بابەتی بۆردومانەكانی توركیا لە هەندێك ناوچەی عێراق كراوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بەردەوام بێت لە كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبارەی دەستدرێژییە بەردەوامەكان بۆ سەر خاكی عێراق لەلایەن هەندێك لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە بەیەكجاری كۆتایی پێ بهێنرێت ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان و سەروەریی عێراق.

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە بڕیارێكی نیشتمانی یەكگرتو لە سەرجەم لایەنە سیاسییە عێراقییە كاریگەرەكانەوە هەیە دژبە دەستدرێژی و بەزاندنی خاكی عێراق لەلایەن سەرجەم وڵاتانی دراوسێوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×