دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیند، لە ئۆپەراسیۆنەكانی هێزەكانیاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی سوپای عێراقدا، لە چیای "جەبەل بۆر" لە ناحیەی لەیلانی سنوری قەزای داقوق چەند حەشارگەیەكی داعش خاپوركران.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی سوپای عێراق، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتودا لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری توانیان (4) مۆڵگە و شوێنی مانەوەی تیرۆریستانی داعش لە چیای (جەبەل بۆر) لەناحیەی لەیلانی سنوری قەزای داقوق لەناوبەرن.
ئەوەشی خستۆتەڕو"تیرۆریستان ئەم مۆڵگە و حەشارگانەیان بەکارهێنابو بۆ مەبەستی حەشاردانی چەندین پارچە چەک و تەقەمەنی و تی ئێن تی و ئامێری پەیوەندیکردنی بێتەل و جل و بەرگی سەربازی و خۆراکی تێدا شاردرابویەوە."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی سەرجەم هێزە عێراقییەکان، لەهەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنیان و لەم ئۆپراسیۆنی کێوماڵکردنەدا توانرا چەند مۆڵگەیەکی تیرۆریستانی داعش خاپور بکرێن."