شاندێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێم دەكات
  2024-09-15       247       


لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕێككەوتنەكانی تایبەت بە باج و مووچە و گومرگ سەردانی هەرێم بكات.

ئاوێنه‌: عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هۆكاری سەردانی كردنی لیژنەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان،  ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا شاندێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ چۆنێتیی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی دارایی وەك لایەنێكی چاودێر، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكات، كە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری مووچە، باج، گومرگ و دەروازە سنوورییەكان كراون.

باسی لەوەشكرد، ئێستا گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەماوە و بەپێی بڕیای ئەنجوومەنی وەزیرانیی عێراقیش، هەروەها دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ ناردنى مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت.

جێگای ئاماژەیە، هەفتەی ڕابردوو شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە، كێشەی داهاتی نانەوتی و دەروازەكان و باج و كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتیان تاوتوێ كرد، لە كۆتایدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی حكومەتی عێراق تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمیش دەبێت تا ئەو كاتە بەهاوكاری حكومەتی عێراق بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×