پاش زیاتر لە نیو سەدە لە بەخششی مامۆستایەتی و خزمەتکردنی زمان و کولتووری کوردی، ئەمڕۆ "مامۆستا فەیزوڵڵا خورشید تۆماری" لە شاری کەرکوک کۆچی دوایی کرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤، مامۆستا فەیزوڵڵا خورشید تۆماری لە شاری کەرکوک کۆچی دوایی کرد، ناوبراو، هاوینی ئەمساڵ (2024) کتێبخانە و ئەرشیفی تایبەتی خۆی پێشکەش بە #ناوەندی_کوردستان، #زانکۆی_سلێمانی کرد بۆ پاراستنی.
وابڕیاربوو لەچەند ڕۆژی داهاتوودا داهاتوودا پاش کۆتاییهاتنی پۆلێنکردن و تۆمارکردنی، مەراسیمی تایبەتی بۆ ڕێکبخرێت بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا بەشدار بێت.
مامۆستا فەیزوڵڵا، ساڵی 1934 لە گوندی تۆماری سەر بە شاری کەرکووک لە دایکبووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا چووەتە بەر خوێندنی ئایینی لە حوجرە و بووەتە مامۆستای ئایینی، لە ساڵی 1960 پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بووەتە مامۆستای سەرەتایی و لە ژیانی پیشەییدا کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان و وشەسازیی کوردی کردووە و چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکراوەی هەیە. بەپێی ئەو ئەرشیفەی لە بەردەستی #ناوەندی_کوردستان دایە مامۆستا فەیزوڵڵا لە داڕشتنەوەی ئەلفوبێی ستانداردی کوردی و وەرگێڕانی پرۆگرامەکانی خوێندندا بۆ سەر زمانی کوردی بەشداری و ڕۆڵی چالاکی هەبووە.