ئاراس شێخ جەنگى: ئەگەر یەکێتى راست دەكا كۆتایی بە دەسەڵات دەهێنێت بۆچى قوباد تاڵەبانى دەستلەکارناکێشێتەوە
  2024-09-30       1370       

ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەركردایەتی پێشوی یەكێتی لەبارەی دروشمی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی دەڵێت، ئەگەر یەكێتی راست دەكات بۆچی قوباد تاڵەبانی و وەزیرەكانی حزبەكە دەستلەكارناكێشنەوە لە حكومەت. لەبارەی وتەكەی دوێنێی سەرۆكی یەكێتی لە مەلعەبەكەی سلێمانی دەڵێت، نەمبینیوەو گوێم لێ نەگرت بەڵام وتیان "خۆش بوە."

ئاوێنە: ئاراس شێخ جەنگی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی ئەوەی كە ئایا گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەرییان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، وتی، "باوەڕناكەم. ئەو روداوانە كاریگەرییان لەسەر دواخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبێت. بەڵام رەنگە شتی تر بێتە ئاراوە هەڵبژاردن دوابكەوێت. شتی خراپ. حزبەكانی دەسەڵات هۆكاری ئەو شتە خراپە دەبن.  ئەمڕۆ لە هەولێر تەقە بوەو خەڵك بریندارە، ئەوە سەرەتاكەیەتی."

وتیشی"بەڵێ لە سلێمانیش هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن توندوتیژی لێدەكەوێتەوە...من داوا دەكەم بە هێمنی و ئارامی ئەم هەڵبژاردنە بكرێت و ببڕێتەوە."

هەروەها لەبارەی ئەوەی كە ئەوە پشتیوانی لە كێ دەكات لەم هەڵبژاردنەدا وتی"من ئەو یەكێتییەی ئێستا نیم، ئەوەشم دەمێك راگەیاندوەو بەرەی گەلیش نیم، من جەلالیم. لە دڵی خۆمدایە كە چومە سەر سندوقەكە بە كێ دەنگ دەدەم ئەوەش بە كەس ناڵێم."

لەبارەی دروشمی سەرەكی یەكێتی كە كۆتایی دەهێنین بە دەسەڵاتی خۆسەپێن، ئاراس شێخ جەنگی وتی، "ئەی قوباد لەگەڵ وەزیرەكاندا بۆ دەستلەكارناكێشنەوەو بێنەوە بۆ سلێمانی، ئەوان لەدەسەڵاتدان، قوباد تا دوێنێش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بوە. ئەگەر وابێت دەبوایە مانگێك پێش ئێستا بهاتایەتەوە بۆ ماڵەوەو دانیشێت و بڵێت ئەوە من وازم هێنا لەم دەسەڵاتە، راست ناكات."

ئاراس شێخ جەنگی وتیشی، من داوا لە خەڵك ئەكەم بچێت بۆ دەنگدان بەتایبەت خەڵكی سلێمانی كە داوای گۆڕانكاری دەكەن، بۆیە پێویستە بچن بۆ دەنگدان و بیگۆڕن.

لەبارەی وتەكەی دوێنێی سەرۆكی یەكێتی لە مەلعەبەكەی سلێمانی، ئاراس شێخ جەنگی وتی "نەمدیوەو هەر گوێشم لێ نەگرت، وتیان خۆش بوە."

لەبارەی ئەوەی پێشبینی ئەكات كە مەسرور بارزانی بۆ خولێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئاراس شێخ جەنگی وتی"بەڵێ مەسرور بارزانی لە ئێستاوە سەرۆكەو لە مودیر عام گەورەترە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×