2024-10-04   449     
نەجات نوری
2+2=؟
ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆرێڵ دەتخاتە بەردەم خوێندنەوەیەكەوە كە دەبێت ئاوا بیربكەیتەوە هیچ كاتێك تۆبوونت نیە، ئەوەی هەیە بە تەنیا بوونی ڕێبەری گەورە و پڕۆژە حزبیەكەیەتی، پڕۆژەیەك بۆ خۆی و دارودەستەكەی جێگای مانەوە و خۆشگوزەرانیە بۆ كۆمەڵگاش پڕۆژەی چەوساندنەوە و بوون بە هەڵمە، ئەم دەقە وەكو بۆ ئێستای هەموو حزبەكانی خۆرهەڵات نوسرابێت ڕێك دەكاتە ناوەرۆكی ئەو پڕۆژە زەبەلاحەی كە هەڵیان گرتووە بۆ چەوساندنەوەی كۆمەڵگا ژێر دەستەكانیان، لە نێوان خۆت و ڕێبەری گەورە و حزبەكەیدا ئەو ململانیە سەختە دێتە پێشەوە كە هەموو شتەكان ئاوەژوو دەبنەوە، هەموو كەسوكار و دۆستەكانت لێ ون دەكەن، درۆكان دەكرێن بە ڕاستی و دەستكاری مێژووی ئاین و جوگرافیاو وڵات و كتێبەكان دەكرێن، وەكو تاوەنبار و سیخۆڕ لە هەر پۆستێكدابیت هەمیشە لێتدەڕواندرێ، بە فەرمانی ڕێبەری گەورە ژیان و تەمەنت هی خۆت نیە و خاوەنی هیچ شتێكی خۆت نیت، حزب وەهادەكات هەموو تاكەكانی ژێر دەستی وەكو ئامێرێكی ساردو بێدەنگ ڕەفتاربكەن.
لەم دەقەدا بوونی كۆمەڵگا و تاك دەبێتە چەقی ئەو باسەی كە حزب چی بەسەر بوونیاندا دەیەنێت، حزب دەبێت ببێتە هەموو شتێكی ناو كۆمەڵگا و بە ویستی ئەو شتەكان بوونیان هەبێت، لە دەرەوەی حزب ئاڵوگۆڕی شتەكان قەدەغەن، تاك ناتوانێت بەبێ پڕۆژەكانی حزب بیربكاتەوە و لە بوونی شتەكان بدوێت، بۆ تاك عەشق و نوسین و ماڵ و خۆشگوزەرانی و ئاین و بیركردنەوە قەدەغەیە و نزیكبوونەوە لێیان دەتكات بە هەڵم لە گرتووخانەكانی حزبدا، ترسناكی دەسەڵاتی تاك حزبی لە هەموو لایەكی جیهان ئەو پڕۆژەگەورە ترسناكەیە كە بە پڕۆژەی چەوساندنەوە دێتە ئەژماركردن، پڕۆژەیەك كە دەبێت بەسەر هەموو شتێكی وڵاتدا وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ڕێبەری گەورە حزب دەكاتە هۆكار بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژە زەبەلاحەی كە نابێت كەس لێی لابدات، پڕۆژەیەك كە دەبێت هەموو كەسێك پێی ڕازی بێت، لەناو ئەم پڕۆژە ترسناكەدا ئەوەی هەیە سڕینەوەی ڕوخسار و بوونی تاكە، دەبێت هەموو شتێكیان ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردابێت، دەبێت تاك هەمیشە لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی پیاوانی حزبدابێت، دەبێت بەردەوام بڕوا بە درۆكانی ڕێبەر و حزب بكرێت، دەبێت هەمیشە شكستەكانی حزب بە سەركەوتووی ببینێت، لەم پڕۆژە زەبەلاحەدا ئەوانەی سەرپێچی دەكەن بوونیان نامێنێت و خێرا لە ناو خەڵكدا دەسڕدرێنەوە، دەكرێن بە هەڵم، پڕۆژەكەی ناو دەقی 1984 پڕۆژەیەكە كراوەتە پڕۆژەی هەموو ئەو حزبانەی كە دێن و دەسەڵات دەگرنەدەست كە خۆی لە پڕۆژەی ستەمكاری و داڕزانی كۆمەڵگا دەبینێتەوە، پێشبینیەكانی جۆرج ئۆرێڵ لەم دەقەدا بۆ ئایندەی حزبەكان لە جیهاندا وەها هاتۆتەدی كە وەكو ئەوەی ڕێبەرە گەورەكانی حزب دوای خوێندنەوەی ئەم دەقە بە هەمان ڕەفتاری ڕێبەری گەورەی ناو دەقەكە هەمان پڕۆژەی بە هەڵم بوونی تاك بە تاكی ناو كۆمەڵگاكانیان پەسەندكردبێت، لە خۆڕانیە كە بەراوردی ڕەفتاری ڕێبەرە گەورەكانی حزبەكانی دەووروبەرمان دەكەین تێدەگەین كە خاڵ بە خاڵی ناو ئەم دەقەیان بۆ پڕۆژە ترسناكەكانی خۆیان بە وردی جێبەجێ كردووە، حزب بووە بە هەموو شتێك، ژیانی تاك بە تاكی كۆمەڵگاكانیان خستۆە بەردەم چاودێر و چەوساندنەوە و ئازارەوە، حزب بووە بە دەمڕاست و خودای كۆمەڵگا، نابێت بە هیچ جۆرێك لە وێنەی هیچ شتێكدا تاك لە دەرەوەی وتەكانی حزب و ڕێبەری گەورە بدوێت، دەبێت بڕوا بەوە بهێنیت كە حزب دەڵێت: 2+2=5 ئەمە بۆ خۆی كاتێك لێی تێدەگەین كە حزب دەستكاری هەموو ژمارەكان و یاساكانی بیركاری و مێژووی شتەكان دەكات، لەم پڕۆژەی ئەم حزبانەدا بوونی تاك وەهمێكە كەی ویستیان دەیگرن و دەیكەن بە هەڵم لە ناو ئامێرە ترسناكەكانی حزبدا بەبێ ئەوەی هیچ شتێكیان كردبێت، لەم پڕۆژەی چەوساندنەوەیەدا نابێت یاساكانی ژیان و بوونی مرۆڤ بەبێ دەستكاریكردن بمێننەوە، لە ناو خاڵ بە خاڵی پڕۆژەی هێزە چەوسێنەرەكاندا چەندی بووێت دەبێت مرۆڤ تێبگات كە هەرچی بكات ئەو هەر دواجار بە خۆشەویستی ڕێبەری گەورە بڕوابهێنێت. ئەو ئامرازانەی كە ئەم هۆكارانە دەهێننە كایەوە بۆ پڕۆژە ترسناكەكەی حزب بوونی بێ ئیرادەی تاك نیە بەڵكو بوونی ئەو مشەخۆر و سیخۆڕانەی حزبە كە ئاخێنراونەتە ناو ژیانی تاك و ماڵ و شوێنی كار و باخچە و چیا و دۆڵەكانەوە، بوونی ئەم مرۆڤە سیخۆڕانە كە هەمیشە لە بوونی كەسانی عاشق و نوسەر و ڕۆشنبیر و كرێكاردا دەردەكەون هۆكارن بۆ سەرخستنی پڕۆژەگەورەكەی حزب كە خۆی لە پڕۆژەی چەوساندنەوە و بەهەڵمبوونی نەیارانی حزب و ڕێبەری گەورەدا دەبینێتەوە.