هونەری گرافیتی لەنێوان ناڕەزایەتی و یاخی بووندا...
  2024-11-18       316       

زامۆئا داراغا

 

بۆچی هونەری گرافیتیمان نییە؟

بە گشتی هەموو میللەتێک خاوەنی هونەری سەر شەقامی خۆیەتی  بە هەموو شێوەکانیەوە، گرافیتی، پەیکەر، وێنە، کاری ئینسلیشن، مۆنۆمێت، پێفۆماس، شانۆ و چەندین کاری هونەری جیاواز، بە پێی کولتور و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سروشتی ناوچەکە دەردەکەوێت.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئێمەی کورد بە تایبەتی کوردی باشوور هونەری سەر شەقام (گرافیتی)مان نییە وەک شێوازێک لە هونەر بۆ دەربڕین لە ناڕەزایەتی و یاخی بوون. ئەمەش بۆ من جێی پرسە ؟ بۆچی هونەرمەندانی کورد هونەری (گرافیتی) بەکار ناهێنن وەک ئامڕازێک بۆ دەربڕین لە کێشە هەنووکەیەکانی نێو کۆمەڵگە ؟

 

هونەری گرافیتی وەک بزوتنەوەیەکی هونەری لە دەرەوەی یاسا ...

مێژووی ئەم هونەرە نادیارە هەندێک دەیگەرێننەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی ، کاتێک لەسەر دیواری ئەشکەوتەکاندا وێنەیان دەکێشا ، وەک چالاکییەکی پێکەوەیی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان کە لە چەند  (کۆدێک و هێمایەک) پێکهاتبوو لە نێوان دانیشتوانی ئەشکەوتەکە بە کاردەهات لە جیاتی قسەکردن و پەیوەندی نێوانیان کە ئەو کاتە زمان بوونی نەبوو کە لە ئێستادا پێی دەوترێت (زمانی وێنە) واتە ئەو وێنانە کە لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان دەکێشران، لە هەمان کاتدا ئەم وێنانە بەشێک بوون لە (ڕێوڕەسمی ئاینیی) لە نێوان دانیشتوانی ناو ئەشکەوتەکاندا.

لە دوای دروستبوونی شارستانییەتی مرۆڤایەتی، هونەری سەردیوار لە زۆربەی شارستانییەکانی کۆندا بەکارهاتووە، وەک شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، فیرعەونەکان و شارستانییەتی مایا، ئەم هونەرە بەردەوام بوو تا ناو پەرستگا و کەنیسە و مزگەوتەکان . بەڵام لە هەر سەردەمە و قۆناغێکدا بە کۆنسێپتی جیاواز و دەربڕینی جاواز خۆی نمایشدەکرد لە سەر دیوارەکان. 

لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابوردوو لە ئەمریکا بە تایبەتی لە شاری (نیوۆرک و دیترۆیت) بە هەماهەنگی لەگەڵ موزیکی (هیپ هۆپ) ئەم هونەرە گەشەیکرد و بڵاوبووەوە بۆ ئەوروپا وەک بەرلین، پاریس، لەندن، رۆما، ئیرلەندا وە لەوێیەوە بۆ زۆربەی شارە گەورەکانی دی جیهان.

هونەری گرافیتی لە ئێستادا هونەرێکی یاخی و ناڕازیە، دژ بە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆسەپێنە لە هەمانکاتدا دژی توندوتیژی پۆلیس و عەسکەرتاری و دیکتاتۆراکان و نەژادپەرستی و گەندەڵیە، لە ڕوویەکی ترەوە داکۆکی لە پێکەوە ژیان، ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ، جەندەر و کەمە نەتەوایەتییەکان دەکات لە فۆرمێکی هونەری جیاوزدا، ئەم هونەرە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی قوتابیان لە (ئەمریکا و ئەوروپا) وەک ناڕەزاییەکی گەورە بە وێنەکێشان و نووسین لە سەر دیواری شارارەکاندا بڵاو بۆوە.

ئەم هونەرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ کایە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان بەهاوبەشیکردنی لەگەڵ هاوڵاتی ئاسایی بە کێشە هەنووکەییەکانی ناو کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی هونەرمەندانە وەک چالاکەوانێکی ئەکتیڤیست لە زۆربەی چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرشەقام بە تایبەتی لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و ئامادەیی هونەرمەند لە کێشە چارەنووس سازەکاندا.

هونەری گرافیتی هەمیشە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای هەڵگرتووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی (کاتی) هەیە لەسەر شەقام وە لە هەناوی شەقامەوە دروستدەبێ  بە شێوەیەک کاریگەرییەکانی دەبنە باسوخواستی ڕۆژانەی خەڵکی، بە تایبەتی لە کاتی دروستبوونی کێشە و گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا.

هونەری گرافیتی لە زۆربری وڵاتان بە دوو شێواز گوزارشت لە خۆی دەکا.

شێوازی یەکەم بە نووسین، واتە بە کارهێنانی (وشە و پیت) بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش لە هەمانکاتدا  بە ڕەنگی زەق و قەبارەی گەورە، زۆربەی ئەو وشانەی کە بەکاردەهێنرێت وشەی زبر و نەشیاون لە ڕووی ئەدەبیاتی نێو کۆمەڵگەوە.

شێوازی دووهەم وێنەکێشان، بە چەندین شێوازی جیاواز و قەبارەی جیاواز بە دەربڕینێکی (ڕادیکاڵانە) لە فۆڕم و ڕەنگدا، لە هەندێ کاتدا وێنەی هێما و کۆدی (هەست هەژێن)ی نێو کۆمەڵگە دەکێشرێت بۆ (استفزاز)  پێکردنی دەسەڵات.

لە هەندێ کاتدا وێنەی ئەو کەسایەتیانە دەکێشرێت کە وەک شۆڕشگێڕێک دەردەکەون لە نێو کۆمەڵگەدا بە هەمان شێوە ئەو کەسایەتیانە کە لە ڕووی یاساوە (یاساغ و قەدەغە کراون) لە نێو کۆمەڵگە وەک زیندانیکراوان و ڕاکردوەکان (پەناهەندەی سیاسی) یان ئەو کەسە ئاساییانە کە بە ناحەق کوژراون بە دەستی پۆلیس و پیاوانی دەسەڵات.

هونەری گرافیتی هونەرێکی قەدەغەکراوە لە هەموو وڵاتێک (نایاساییە) بە گشتی دەسەڵاتی سیاسی ساڵانە بوودجەیەکی خەیاڵی بۆ دابیندەکات لە پێناوی بنبڕکردنی هونەری گرافیتی بەرەنگاری.

بە پلەی یەکەم بۆ سڕینەوە و خاوێنکردنەوەی دیوارەکانی شار. 

بە پلەی دووهەم چاودێریکردن لە ڕێگەی دانانی کامێرای چاودێری و زیادکردنی پۆلیسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکانی شار و دەرکردنی یاسا و ڕێسای قورس بە سزای دارایی و زیندانیکردنی هونەرمەندانی ئەم هونەرە بۆ ماوەی درێژخایەن.

بە شێوەیەکی گشتی هونەری گرافیتی ئەو هونەرە یاخیەیە کە دژی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نادادپەروەری دەجەنگێت، لە هەمانکاتدا دژی هونەری قۆرغکراوی چەند چینێکی نێو کۆمەڵگەیە کە هونەر ئەبێ تەنها لە ناو (گەلەری و مۆزەخانەکاندا بوونیان هەبێ) بە پارە سەردان بکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوەبکرێت، ئەم هونەرە هونەری خەڵکە بە تایبەتی خەڵکی هەژار کە جێگرەوەی ئەو هونەرەیە کە دەسەڵاتی کولتوری پەسەندی کردووە و یاسا و ڕێسای بۆ داناوە.

هونەری گرافیتی دەنگی ئەو کەسانەیە کە دەنگیان نییە لە هەمان کاتدا ئەو هونەرەیە کە پرس دروستدەکات (ئەکتێکی هونەری) کولتوری سیاسی و کۆمەڵایەتیە لە سەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت، کە ڕاستەوخۆ خەڵک بەشدار پێدەکرێت لە ڕێگەی وروژاندنی هەسەت و نەستی خەڵکی ئاساییەوە.

لێرەوە ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە ! کە ئایا بۆچی هونەری گرافیتی لەم ناوچە جوگرافییەدا بوونی نییە ؟

لە گەڵ ئەوەی ئەو هەموو فشار و دژایەتی و زوڵم و زۆردارییە کە ڕووبەڕووی میللەتی کورد و تاکی کورد دەبێتەوە، لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بە گشتی  و دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان بە تایبەتی.

ئەرک و بەرپرسێتی هونەرمەندانی شێوەکاری کورد لە بەرامبەر بە کێشەکانی نێو کۆمەڵگەدا لە کوێدایە ؟

هونەری شێوەکاری سەر شەقام لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا لە چ ئاستێکدایە ؟

ئایا هونەری ناڕازیبوون هەیە لە نێو شەقامەکانی ئێمەدا ؟

ئایا هونەرێک هەیە دژی ئەو هونەرەی کە ئێستا باوە لەسەر شەقامەکان ؟ 

ئەمانە و چەندین پرسی جددی لە سەر هونەری سەر شەقام (گرافیتی) کە ئەبێت بکرێت و وەڵام وەرگرین !! 

 

سەرەتا دەربارەی مێژوویەکی کورت ...

لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووهەمدا چەند سەربازێکی (پۆلۆنی) لە وڵاتی ئێرانەوە دەپەڕینەوە بۆ عێراق لە ناوچەی خانەقینەوە، دەچنە نێو سەربازگەکانی ئینگلیزەوە کە ئەو کاتە عێراق لە ژێر (ئینتیدابی) بەریتانیدا بوو.

لە نێو ئەم سەربازانەدا هەندێکیان دەستڕەنگین و هونەرمەند بوون، وەک دەگێڕنەوە بۆ یەکەم جار لە سەر دیواری چەند (چایخانەیەک) لە شاری بەغداد وێنەدەکێشن لە هەمان کاتدا لە سەرەتای دروستبوونی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری لە بەغداد هەندێک لەم سەربازە پۆلۆنیانە وانەی وێنەکێشان دەڵێنەوە، کە بە باوەڕی من  ئەمە سەرەتای دروستبوونی هونەری سەردیوار بووە لە عێراقدا.

لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 و ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی حوکمی مەلەکییەت و هاتنەسەر حوکمی ) چەپی نەتەوەیی (و کاریگەری بە هونەری ئاڕاستە کروای (ئیشتیراکیەت) لە هەندێ شوێنی بەغداد چەند پۆستەرێک و چەند دروشمی شۆڕشگێڕی دروستکران بۆ پاڵپشتی شۆڕش و دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئازادی (نصب الحرة) لە مەیدانی ئازادی کە ئەمانە هەموو دەچێتەوە خانەی ڕاژەی خزمەتی دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتەوە لە ڕێگەی هونەرەوە.

لە دوای هاتنی ڕژێمی بەعسی فاشی بۆ سەر حوکمی عێراق هونەر بە گشتی و هونەری سەر شەقام گۆڕانکاری زۆری بە سەرداهات، هەمووی چووە ژێر بەرژەوەندی حیزبی پێشەواوە (حیزب القائد) بە سەرۆکایەتی خوێنڕێژ (سەدام حسێن) بۆ گەورەکردن و پیرۆزکردنی دیکتاتۆریەتەکەی و ترساندنی هاوڵاتی ئاسای و شەرعیەتدان بە جەنگی کەنداوی یەکەم (جەنگی قادسیە) کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق وێنەی دیکتاتۆری فاشی و دیواربەندی (چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەیی و حیزبی) بە قەبارە گەورە لەسەر دیوار و باڵەخانەکان دروستکرابوو، هەتا وایلێهاتبوو وێنەی خوێنڕێژ سەدام حسێن لە هەموو جێگەیەک بوونی هەبوو تەنانەت لە ناو ماڵەکانیشدا.

لەگەڵ پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی (2003) ئەم وێنە و دیواربەندانە هەمووی بەر لێشاوی ناڕەزایی خەڵک کەوتن و سوتێنران و لابران لە ماوەیەکی کەمدا هیچیان بوونی نەما.

لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق وێنەی کەسایەتی سیاسی و نەتەوەیی لەسەر دیواری شەقامەکان نە دەبینران.

بەڵام شێوەیەکی دی دروستبوو کە خۆی لە ریکلامی بازرگانی و بانگەشی هەڵبژاردن خۆی دەبینیەوە بۆ نموونە وێنەکردنی بەربژێرەکان و ناساندنی بە خەڵک لە ڕێگەی وێنەکێشانیان لەسەر دیوارە بەتایبەتی (دیوارە کۆنکرێتییەکانی نێوان شەقامەکان) وەک بانگەشەی هەڵبژاردن ئەویش بە شێوەیەکی کەم لە دوای هاتنی چاپی دیجیتاڵی لە سەر (فلێکس) ئەوەش بوونی نەما.

لەگەڵ دروستبوونی شەڕی مەزهەبی لە عێراق و بڵاوبوونەوەی وێنەی سەرۆک مەزهەب و چەند سەرکردەیەکی دینی و سیاسی (عێراقی و ئێرانی) لە شاری بەغداد و شارە شیعەکانی باشووری عێراق، بۆ گەورەکردن و پیرۆزکردنی ئەو کەسایەتییانە و چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوچەگەری، بەتایبەتی بە کارهێنانی هەمان ئەو شوێنانە کە ڕژێمی پێشوو بە کاری دەهێنا بۆ دیواربەندیەکانی.

لە گەڵ دروستبوونی ناڕەزاییەکانی (تشرین) ساڵی (2016) لە شاری بەغداد، لەژێر کاریگەری (بەهاری عەرەبی) بەتایبەتی وڵاتانی (تونس، میسر، لوبنان، یەمەن) خۆپیشاندەرەکان بە تایبەتی هونەرمەندە گەنجەکان هەستان بۆ یەکەمین جار بە وێنەکێشان (گرافیتی) لە سەر دیوارەکانی شاری بەغداد وەک ناڕەزاییەک و یاخیبوونێک لەو دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵە کە ئەو کاتە عێراقیان حوکمدەکرد.

بەم شێوەیە بۆ یەکەم جار لە عێراقدا هونەری (گرافیتی) دروستدەبێت وەک هونەرێکی ناڕەزایی و یاخی لە هەناوی کۆمەڵگەوە دروستببێت، خەڵکی عێراق بەر هونەرێک کەوتن کە پێشتر بوونی نەبووە ئەو هونەرەی کە پاڵپشتیی لە خۆپیشاندەرەکان دەکات و کێشەکانی بە کێشەی خۆی دەزانێ و داکۆکی لێدەکات بۆ سەرکەوتن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی.

سەرەتاکانی نووسینی سەردیوار لە هەرێمی کوردستانی عێراق ...

لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی کوردی لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دژ بە حکومەتی عێراقی بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان (سلێمانی، هەولێر،کەرکوک، دهۆک، کۆیە، هەڵەبجە) هەندێ جار دروشمی شۆڕشگێرانە و داکۆکی لە مافی کورد و سەربەخۆی میللەیی کورد لەسەر دیوارەکان دەنووسرا بە تایبەتی لە سەر دیواری بارەگا حیزبییەکانی کە ئەوکاتە هەندێکیان بارەگایان هەبوو لە ناو شارەکاندا.

تا دروستبوونەوەی شۆڕشی نوێ لە دوای هەرەسی ساڵی (1974) و کاریگەری شۆڕشی نوێ بە بیروباوەڕی (چەپی مارکسی لینینییەوە) و کاریگەری هونەری ئاراستەکراوی (ئیشتیراکی) لە پێناو بیڕوباوەڕی حیزبیدا، دیواری شارە کورد نشینەکان پڕبوون لە دروشم و هێمای بزوێنەری شۆڕشگێڕی.

بۆ نموونە دروشمی (بژی گەل، هیزی گەل، حوکمڕانی بۆ گەل) لە زۆربەی زۆری شارەکاندا دەبیندرا.

لە هەمان کاتدا بوونی چەند وێنەیەک لە سەر دیوارەکان وەکو (چێ گیڤارا، شەهید ئارام، شەهید هاوڕێ جبار و خاڵە شەهاب کە لە ژێر وێنەکەیدا نووسرابوو (کەم بژی کەڵ بژی) وە هەندێ هێمای حیزبی  وەک (چەکوش و داسی کۆمۆنیستەکان و ئەستێرە سورەکەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران) ئەم وێنە و هێمایانە بە شێوازی چاپی خێرا (لەسەر  فلیمی تیشک - ئەشیعە هەڵکۆڵرابوون وە بە بۆیەی سپرای سوروڕەش) چاپدەکرا لە سەر زۆربەی دیواری گەڕەکە هەژارنشینەکانی شار.

ئەم وێنە و هێمایانە بە هەمان شێوەی هونەری (گرافیتی) بوو.

بەڵام بە فۆڕمی بچوک و سادە و ساکار، ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان دەکرد زۆربەیان خەڵکی ئاسایی و ئەندامانی حیزب بوون بە نهێنی و لەژێر فشارێکی گەورەدا ئەم کارەیان ئەنجام دەدا لە ترسی گیران و سزادان، لەگەڵ ئەوەی کە هیچیان هونەرمەند نەبوون وە ئاگاداری هونەری گرافیتی نەبوون  !! 

بە جۆرێکی دی، زۆربەی زۆری (توالێتی مزگەوتەکانی) شار بووبوون بە شوێنی خۆ بەتاڵکردنەوە هەم وەک جەستەیی هەم وەک خۆ بەتاڵکردنەوەی دەروونی.

دژ بە دەسەڵاتی فاشستی نەتەوە پەرستی بەعسی لەسەر دیوار و دەرگای توالێتی مزگەوتەکان پڕ بووبون لە دروشمی (بێ فلتەر) زۆر بە ئازادانە خەڵک ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان دەنووسی و جنێویان دەدا بە دەسەڵات و جاشە کوردەکان کە کاریان بۆ دەسەڵات دەکرد.

بە باوەڕی من لەم هەوڵانە زیادتر نەبوو، هەندێ جاریش لە سەر پشتی کورسی پاسەکان (پاسی مەسلەحە) و لە وێسگەی پاسەکاندا هەندێ وشە و دروشم دەنووسرا تێکەڵێک بوو لە ناڕەزایی و سۆز و خۆشەویستی و وشەی کۆمیدی و جنێودان.

لە کۆتایی ساڵی حەفتا و تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو هونەرمەند و خۆشنووس (خالید زامدار) لە گەڕەکی گۆیژە لەسەر شەقامی  سابوونکەران دووکانێکی خۆشنووسی و وێنەکێشانی هەبوو لە بەرامبەر دووکانەکەی دیوارێکی (گڵ) هەبوو بە گەچ سواغی دابوو کارێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی ئەنجامدەدا لەو کاتەدا.

هەموو ڕۆژێک پەندێکی پێشینانی (پیرەمێرد) یان کۆپلەیەک لە شیعر کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی  سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژەکەدا بە خەتێکی جوان و هونەری لەسەر ئەو دیوارە دەینووسی، بەیانی زوو دەهات بە ڕەنگی سپی دەیسڕییەوە و دووبارە نووسینێکی تازەی بۆ ئەو ڕۆژ دەنووسییەوە، ئەم کارە ڕۆژانە بەردەوام بوو لە سەری.

تا وایلێهات دەنگی دایەوە خەڵکی شارەکە بە تایبەت دەڕۆیشتن بۆ بینینی ئەو نووسینانە کە ڕۆژانە دەینووسی و دەیسڕیەوە، چەند جارێک رژێمی بەعسی فاشی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد و هەندێ جاریش فشاریان دەخستەسەر، ئەوەی گرنگ بوو لەم پەند و شیعرانە ئەوەبوو کە پەیوەست بوو بە کێشە و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگەکە واتە وەک دەربڕینێکی هونەرییانە دەیویست خەڵکی سادە بەشداربکات لە گەڵ ڕاوبۆچوونەکانی خۆی.  

تا دەهات فشاری ڕژێمی فاشی توندتر دەبوو لە کۆتاییەکانی ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو ئەنجومەنی شۆڕشی بەعسی فاشی  بڕیاردەدات کە لەسەر هەر دیواری مالێک یان شوێنێکی گشتی دروشمێک یان هێمایەکی دژ بە دەوڵەت و (سەرۆکی فەرماندە) ببینرێت، دەستبەجێ خانووەکە بە شۆفل دەڕوخێندرێ و خێزانەکەی ڕاگوێزی باشووری وڵات دەکرێت و دووچاری زیندان دەبێتەوە. 

بە هەمان شێوەی شارەکانی دی عێراق لە ناوچە کوردیەکاندا، واتە هەرێمی کوردستان  وێنە و دیواربەندی خوێن ڕێژ (سەدام حسێن) و چیرۆکی سەرکەوتنەکانی حیزبی بەعسی عەرەبی بە گشت دیوار و باڵەخانەکانە گشتیەکانەوە بوونی هەبوو، بە شێوەیەکی پلان داڕێژراو و بێزارکەر تا فشاری دەروونی بخاتە سەر هاوڵاتیان.

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) هەموو وێنە و دیواربەندەکانی ڕژێمی بەعسی فاشی داگیران و سوتێنران، لە هەندێ شوێنی گشتیدا لە جێگەی ئەو دیواربەند و وێنانە، وێنەی شەهیدانی شۆڕش و سەرکردەکانی شۆڕشی کوردی دانران.

لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی، هەرێمی کوردستان کرا بەدوو بەشەوە، هەرێمی (سەوز) کە زۆربەی باڵەخانەکان و دیوارە گشتیەکانی ئەم زۆنە بە ڕەنگی سەوز و ئاڵا و هێما و لۆگۆی (ی ن ک) داپۆشرا کە تا ئێستاش زۆربەی زۆری کۆمیتە و ڕێکخستنەکان و بارەگاکانی ئەم زۆنە ڕەنگی سەوزی پۆشیوە. 

بە هەمان شێوە هەرێمی (زەرد) لق و بارەگا حیزبیەکانی و شوێنە گشتیەکان بە ڕەنگی زەرد و هێما و ڵۆگۆی حیزبی (پ د ک) داپۆشران.

ئیتر بەم شێوەیە  شەهیدەکانی ڕێگەی ئازادی کورد جیا کرانەوە، لەهەر هەرێمە و سەرۆک و شەهیدەکانی لە سنووری زۆنەکەی خۆی لە سەر دیوارەکان نمایشدەکران، ڕەنگی سەوز و زەرد بوون بە ناسنامەی هەردوو هەرێمەکە.

ئەم شێوازە لە مامەڵەکردنە لەگەڵ وێنەی سەر شەقام و دیاریکردنی ڕەنگی تایبەتی بە زۆرەملێ و دانانی وێنەی سەرۆک حیزبەکان و کوڕی سەرۆکەکان و شەهیدانی شەڕی براکوژی پیرۆزکردنی ناوچەگەری و شارچێتی.

کاریگەری پێشوەختی سیاسەتی کولتوری ڕژێمی بەعسی فاشست بوو کە پێشتر پەیڕەودەکرا لە هەموو عێراق، کە بۆ حیزبە کوردیەکان ماوەتەوە وەک میراتی کە ناتوانن لێی دەربازبن تا ئێستاش.

* وەک پێشتر باسمان کرد کە چۆن وێنەی خوێنڕێژ سەدام حسێن و دیواردبەندەکانی لە هەموو سوچ و قوژبنێکی ئەم وڵاتە بوونی هەبوو .

چەند مانگێک لەدوای ڕاپەڕین، ناڕەزایی و خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە دژی شێوازی بەڕێوەبردن و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری کە ئەو کاتە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان (بەرەی کوردستانی) گرتبوویە ئەستۆ.

ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایەکان زۆرتر دەبوو لێکەوتەکانیشی زیاتر توندوتیژتر دەبوووەوە، هەر لە کوشتنی (بەکرعلی، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن) و شەهیدانی 17ی شوبات و خۆپیشاندانەکانی دوای حەڤدەی شوبات و گرتنی ناڕەوای ڕۆژنامەنووسان و تەسکبوونەوەی فەزای ئازادی و هاتنی ئیسلامی سیاسی توندڕەو (داعش) بۆ هەرێمی کوردستان و دروستبوونی تەنگەژەی ئابووری و نەدانی مووچەی فەرمانبەران و راگەیاندنی ڕیفڕاندۆم، لە دەستدانی لە 51٪ خاکی هەرێمی کوردستان و هاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە (کڕۆنا) و کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد لە سەر نەوت و بوودجە و زیادبوونی هەژاری و بێکاری و مەترسی لە دەستدانی قەوارەی هەرێم بە گشتی وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ لە عێراق.

لەگەڵ ئەم هەموو هۆکارە گرنگ و چارەنووس سازانە و زۆربوونی خۆپێشاندان و ناڕەزایی گشتی، لەلایەن فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندکارانەوە نە بێتە هۆکاری دروستبوونی هونەری (گرافیتی)

بە پێجەوانەوە ئەوی دەبوو ڕووبدات ڕووی نەدا ...

بەڵام جۆرێکی دی لە وێنەی سەر شەقام و دیواربەندی دروستبوو، دەسەڵاتی کولتوری وسیاسی هەرێم خۆی سەرپەرشتی ئەم ڕەوتە دەکات و پارە و بوودجەی بۆ دابین دەکات !!

تەنانەت توانیوێتی گشت هونەرەکانی سەر شەقام کۆنترۆڵ بکات لە هەمان کاتدا قۆرغیشی بکات بۆ بەرژەوەندی خۆی، وەک پێشتر باسمان لێوەکرد لە دانانی (وێنە و پەیکەر و مۆنۆمێت) ڕێگە دان  و کارئاسانی بۆ بۆنە و یادە حیزبییەکان، لە هەمان کاتدا بە حیزبی کردنی یادە (نەتەوەیی و کولتوریەکان) لەسەر بنەمای ناوچەگەری و حیزب و خێڵەکی.

دەبوو ئێستا وێنەی (بەکر علی) شاعیر لەسەر هەموو دیوارەکانی شاری سلێمانی بوونی هەبووایە وەک هێمایەک بۆ (نادادپەروەری) بە هەمان شێوە وێنەی (سەردەشت عوسمان) لە هەولێر و (کاوە گەرمیانی) لە گەرمیان و (سۆرانی مامە حەمە) لە کەرکوک و (وەدات حسێن و شێروان شیروانی و هاوڕێکانی) لە سەر دیوارەکانی شاری دهۆک و گشت هەرێمی کوردستان هەبووایە یان لە زۆربەی سەر دیوارەکان ڕستە بەناوبانگەکەی (مامۆستا ئازاد)  (معاشەکەت جوانە گەواد) بوونی هەبووایە وەک ئیلهامێک بۆ هونەری گرافیتی لە هەرێمی کوردستان. 

 

کۆنسێت و ئامانجی وێنەی سەر شەقامەکانی کوردستان ...

1/ نەرێتێکی سیاسی و هونەرێکی ئاراستەکراوی ڕژێمی پێشووە.

2/ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسی و حیزبدایە.

3/ وەک ئامۆژگاری و فێرکردنی یاسا و ڕێسا بەکاردەهێنرێت (دەستەمۆ کردن) 

4/ پیرۆزکردن و گەوردکردنی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەر بە دەسەڵات.

5/ پیشاندانی مێژوویەکی کاڵ و کرچ و یادەوەری شوێن. 

6/ تەنها بۆ جوانکاری بەکاردەهێنرێت بەتاڵ لە ناوەڕۆک. 

بۆ نموونە لە شاری سلێمانی دیواربەندی (شەقامی سالم) هەموو چەند ساڵ جارێک  وێنەکان دووبارە دروستدەکەنەوە بەڵام لەبەر ناشرینی و ئاستنزمی کوالیتی دیواربەندەکە و خاڵیی لە کۆنسێپت و پەیامێک هیچی دی ناگەیەنێت، تەنها ژینگەی شار پیستر دەکات.

دیواربەندی بەرامبەر (زانکۆی سلێمانی) لە سەر شا شەقامی سلێمانی، کە لە یادەورییەکی بێ مانا و جوینەوەی مێژوو هیچی دی هەڵنەگرتووە هەندێ جار وەک (ئەلبوومی یادەوەری خێزانی) دەردەکەوێت وەک لە کارێکی هونەری گشتگیر و پڕ لە پەیام و بیرکردنەوە. 

لەگەل چەند هەوڵێک تەنها لە پێناوی (جوانکردنی شوێنەکاندایە) کە لە سەر دیواری باڵەخانەکان کێشراون.

بەڵام ئەم هەوڵانە کۆنسێپتنیان نادیارە وە هیچ پەیامێکیان لە خۆ هەڵنەگرتووە، لە هەمان کاتدا شوێنەکانیش زۆر باش نین وە نابینرێن (بەرچاو نییە).

بۆ نموونە باڵەخانەی (دەبۆکە لەسەر شەقامی مەولەوی و باڵەخانەی تەنیشت بانکی شیمال)   

لەگەڵ ئەو دیواربەندانە کە لەسەر دیواری قوتابخانەکان دەکێشرێت، کە زۆربریان ئاستی نزمە لە ڕووی هونەری و کوالیتیەوە وە زۆر (کیچە) تەنها پڕکردنەوەی دیوارەکانە بە ڕەنگ.

ئەوەی ئێستا باوە لە نووسین، سەر دیوارەکان بە گشتی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتی لە ڕووی ) هونەری و ڕێزمانییەوە) بە هەمان شێوە لە ڕووی فۆرم و شێوەوە، بەڵام لە ڕووی کۆنسێپت و پەیامەوە زۆر بەتاڵە بۆ نموونە :-

1/ لیژنەی زیادەڕۆی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان کە لە ڕێگەی نووسینی سەر دیوارەوە ئاگاداری خاوەن موڵکەکان دەکەنەوە، کە ئەمە یەکێکە لە ناشرینترین دیاردەکان کە بوونی هەیە لە ئێستادا.

2/ نووسینی سەر دیواری قوتابخانەی کچان و زانکۆکان کە زۆربەی بابەتی ئەوینداریە.

3/ نووسینی سەر دیواری کەلاوەکان بە تایبەتی بۆ قەدەغەکردنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.

4/ نووسینی سەر دیوای شوێنە گشتیەکان کە بە کاردەهێنرێت بۆ ریکلام

5/ نووسینی سەر دیواری ماڵان کە بەکاردەهێنرێت بە مەبەستی فرۆشتنی خانوو لەگەڵ  موڵکی هاوڵاتیان.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی کە ئێستا هەیە لە نووسین و وێنە لە سەر دیوارەکانی نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان هونەری (گرافیتی) نییە وە هونەرمەندانی کورد تائێستا نەگیشتوونەتە وەر ئەو قەناعەتە کە هونەر و ڕاوبۆچوونەکانیان لە سەر دیواری شەقامەکان بنەخشێنن و هاوبەشی پێبکەن لە گەڵ خەڵکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە.

   

تێبینی : لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) دونیای هونەری ئێمە بەرەو کراوەیەکی گەورە ڕۆی لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی هونەر و کولتور بە تایبەتی هونەری شێوەکاری، ئەم کرانەوەیە وایکرد کە هونەر هەنگاوی گەورە و باش بنێت وە پێبنێتە قۆناغی گرنگەوە و بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی کە دروستبوو لەگەڵ دونیای دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی هەموو سنوورەکانی پەیوەندی لەگەڵ هونەری جیهانیدا. 

گەر بڵێین هونەرمەندانی ئێمە بێ ئاگابووە لەسەر هونەری (گرافیتی) ئەوە غەدرێکی گەورە ئەکەین بە تایبەتی وانەی هونەری دیواربەندی (الفن الجداري) یەکێک بوو لە وانەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی کە خوێندکار فێری دەبوو.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×