شنۆو ئاوات، ژنە کاندید "ئیسلامی" بن یان "عەلمانی" دەرفەتی بردنەوەیان قورسە
  2024-11-27       578       
شنۆ عەبدوڵا - ئاوات دەریا

ئا: هێڤی ئاوات

 

گرنگترین مه‌رجی هه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌، هه‌بونی ده‌رفه‌تی یه‌كسانه‌ بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكدا به‌شدارن، له‌هەرێمی كوردستان سه‌رباری جیاوازییه‌كی زۆری توانای ئابوری‌و میدیایی له‌نێوان لیسته‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و ئه‌وانی تردا، نابه‌رابه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره‌ش له‌نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌دا بەدیدەکرێت‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئاسته‌نگی به‌رده‌م كاندیده‌ ژنه‌كان‌، شنۆو ئاوات نمونەی دوو ژنە کاندید بوون کە یەکێکیان قورئان‌و ئیسلامی بەئیلهامبەخشی ژیانی خۆی ناودەبردو ئەویتریشیان بانگەوازی عەلمانیەت‌و جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەتی دەکرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەردوکیانی پێکەوە شۆک‌و نائومێد کرد.

 

شنۆ: من باڵاپۆشم، من ئازادترم

شنۆ عەبدوڵا پێنجوێنی، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرگیز باوەڕ بەو ئەنجامە ناکات کە کۆمیسیۆن بڵاویکردوەتەوەو تەنها ٣٤٢ دەنگی بەدەستهێناوە، ئەو بەئاوێنەی وت "من بەتەما بووم بەدەنگی خۆم دەربچم، نەک بکەومە کۆتاکانیش، ئەو ئەنجامەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوەتەوە، دەستێکی دەرەکییەو لەئاستی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی کاری بۆ کراوە، ئەگینا من زانیاری تەواوم هەیە زیاتر لە ٣ هەزار دەنگم هێناوەو بە بەرنامە کراوە بەوەندە".

 

بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەم ناڕەزاییەی شنۆ هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە هەڵبژاردن لەکۆمەڵگەی پیاوسالاری کوردستاندا بەلیستی کراوە لەبەرژەوەندی ژناندا نییەو ده‌رفه‌تی بردنەوە بۆ ژنان چ ئیسلامی بن یان عەلمانی كه‌متره‌ بەراورد بە‌پیاوان، ئه‌وه‌ش بەشێکی بۆ روانینی كۆمه‌ڵگەو بێ متمانەییان بەژن‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه، وەک ئەنجامی هەڵبژاردن دەریخست کە بەدەگمەن ژنە کاندیدەکان بەدەنگی خۆیان دەرچوون‌و لە ٢٠ کاندیدە یەکەمەکەی هەڵبژاردندا تەنها یەکێکیان ژنەو بەدەنگی خۆی‌و بەبێ ئەوەی پێویستی بەکۆتا بێت چووeتە پەرلەمانەوە.

 

شنۆ، کە لەگوندێکی ناوچەی شلێری سەر بەقەزای پێنجوێن لەدایکبووەو ئێستا لەشاری سلێمانی دەژی، بەشی پەرستاری لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی خوێندووەو ماوەی ٢٥ ساڵە لەبواری راگەیاندن کار دەکات، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات "قورئانی خەتم کردوەو فەقهی ئیسلامی خوێندووەو قورئانیش بەئیلهامبەخشی ژیانی دادەنێت"، ئەو ساڵانێکی زۆریش لەڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی سەر بەکۆمەڵ کاری کردووە.

شنۆ باس لەوە دەکات کە تەنانەت نەک هەر هیچ ژنێک لەلیستی ئەو ١٠ کاندیدەدا نین کە زۆرترین دەنگیان هێناوە لەهەڵبژاردندا، بەڵکو سێ براوە یەکەمەکەی حزبەکەشی هەرسێکیان پیاو بوون، ئەو وتی "بەداخەوە هەرچەندە ژن وەک پیاو توانای هەیە، بەڵام ژنان دەنگ بەکاندیدی ژن نادەن، زۆر بەکەمی نەبێت، چونکە ئەو متمانەیەی بەپیاویان هەیە بەژنیان نییە کە لەپەرلەماندا چالاک بێت‌و دەڵێن ئافرەتەکە توانای ئەوەی نییە".

وتیشی "هاوکات حزبەکان زیاتر ئەو پیاوانە دەهێنێننە پێش کە ناودارو بەهێزن، لەبەرئەوە ژن چەند بەتواناش بێت وەک ئەو کاندیدە پیاوە بەهێزانە دیار نابێت، بۆیە هەر دەنگی پیاوەکان زیاترن".

شنۆ باس لەوە دەکات کە ئەو وەک ژنێکی ئیسلامی‌و باڵاپۆش لەماوەی ٢٥ رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا کوێی ویستبێت رۆشتووەو پێیوایە دابونەریتی کۆمەڵگە زیاتر ئازادی بەئافرەتی باڵاپۆش دەدات بەپێجەوانەی ئەوەی عەلمانیەکان دەیڵێن، ئەو وتی "بەئەزمونی خۆم لەکاتی بانگەشەدا بۆ کوێم ویستبێت چووم‌و کێشەم نەبووە، چوومەتە ناو بازاڕو مزگەوتیشەوە‌و وەک کاندیدیکی ئیسلامی لەمزگەوتدا پشتگیرییان کردوم، بەپێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن باڵاپۆشی‌و حجاب کۆت‌و بەند دروست دەکات، بەڵکومن  زیاتر بەهۆی باڵاپۆشیمەوە هەستم بەئازادی کردووە، تەنانەت لەچەمچەماڵ چووینە چایخانەو چاشمان خواردەوە".

سەبارەت بەجیاوازی ژنە کاندیدی ئیسلامی لەگەڵ نائیسلامی، ئەو وتی "من ئافرەتێکی باڵاپۆشم، من خۆم بەئازادتر دەزانم، کەسە نزیکەکانم لەپشتە، دابونەریتی کۆمەڵایەتیش یارمەتیدەرە بۆ ژنێکی ئیسلامی تا نائیسلامی، هەرچەندە هەر هێزەو جەماوەری خۆی هەیە، من کە ژنێکی باڵاپۆشم بەرامبەرەکەم زەربی سفر ناکەم، هەر یەکەو بەجۆرێک قبوڵ کراوە، بەڵام هەستدەکەم من زیاتر دەستکراوەترو ئازادتر بووم".

وتیشی "ژنە کاندیدەکان لەناو ئیسلامی‌و عەلمانیەکانیشدا لەیەک خاڵدا لەم هەڵبژاردنەدا هاوبەش بوون، ئەویش ئەوەیە هەردوکیان دەنگیان کەم هێناوە".

سەبارەت بەوەش کە رای چییە بەرامبەر بەعەلمانیەت، ئەو وتی "وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە، تەنها دەڵێم من وەک فکر باوەڕم بەشەریعەتی ئیسلامییە".

 

ئاوات: من عەلمانیم، من کۆکەرەوەی هەموو جیاوازییەکانم

ئاوات حسامەدین، کاندیدی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوەتەوە ئەمی تووشی شۆک کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی ئەو ئەنجامانە ٨٨ دەنگم هێناوە، وەک ئەوەی خێرم پێبکەن، هەرگیز باوەڕ بەو ئەنجامە ناکەم، هەموو خەڵک من دەناسێت کە چەندە کاری خۆبەخشی‌و زۆر گەورەم بۆ ژینگەو گەنجان‌و خەڵکی کەمدەرامەت کردووە، من هەشت هەزار کەسم لەسەر کار دامەزراندووە".

وتیشی "من بەتەما بووم ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار دەنگ بهێنم، دڵنیاش بووم دەنگەکانم نەدزرایە، لەهەموو ژنە کاندیدی حزبەکان زیاتر دەنگم دەهێنا، چونکە چەندین ساڵە من ئیشم بۆ گەل‌و نیشتیمان کردووە، بەتەنها هێندەی وەزارەتێکی حکومەتی هەرێم ئیشم کردووە".

ئاوات حسامەدین تەیب، ناسراو بە"ئاوات دەریا"، کە لەکۆیە لەدایکبووەو ئێستا لەشاری سلیمانی دەژی، پەیمانگای مامۆستایانی سلێمانی خویندووەو لەساڵی ١٩٩٣وە روویکردوەتە دەرەوەی وڵات‌و لەهۆڵەنداو بەریتانیا ژیاوە، لە ساڵی ٢٠١٢ بەیەکجاری گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان‌و لەسالی ٢٠١٥وە نوێنەری زەردەشتیانی کوردستانە لەوەزارەتی ئەوقاف.

ئاوات باس لەوە دەکات کە بودجەیەکی زۆر کەمی لەبەردەستدا بووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، جگە لەوەش کاتێک وێنەکانی لەشەقامێکی دیاری شاردا هەڵواسیوە، بۆ بەیانی سەیری کردووە هەمووی لێکراوەتەوەو دڕێندراون، ئەو وتی "نەمزانی ئەو شەقامە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە درابوو بەحزبێکی دەسەڵاتدارو تەنها ئەو بۆی بوو بانگەشەی تیا بکات‌، چوزانم وایە!! من ٢٧ ساڵ لەدەرەوەی وڵات ژیا بووم حاڵەتی وام نەدیبوو شەقامێکی گشتی قۆرغ بکرێت تەنها بۆ بانگەشەی حزبێک!".

ئاوات کە لەناو کاندیدانی سەربەخۆدا تاقە کاندیدی ژن بوو لەبازنەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات نایەکسانییەکی زۆر گەورە هەبووە لەدەرفەتی بانگەشەی کاندیدەکاندا، ئەو وتی "هیچ کەناڵێک دەرفەتیان بەئێمەی کاندیدی سەربەخۆ نەدا پەیامی خۆمان بەڕای گشتی بگەیەنین".

ئاوات لەبانگەشەکەیدا زیاتر کاری لەسەر نیشاندانی شوناسی عەلمانی بوونی خۆی دەکرد، سەبارەت بەو جەماوەرەی چاوەڕوان بوو دەنگی بداتێ، ئەو وتی "زەردەشتییەکان ٩٧٪یان لەگەڵ من بوون، چاوەڕوان بووم کاژیکەکان‌و شیوعییەکان‌و کۆمۆنیستەکان‌‌و کەمینە دینییەکان دەنگم پێدەدەن، لەگەڵ بەشێک لەموسڵمانەکان".

وتیشی "من وەک زەردەشتی خۆم کاندید نەکردبوو، من وەک ئاوات حسامەدین تەیب چالاکوانێکی ژن خۆم کاندید کرد، یەکەم شت سەبارەت بەئایین، لەسەر تابلۆی وێنەکانم نوسیبووم ئەبێت ئایین لەدەوڵەت جیابکرێتەوە، ئەمە رێگە راستەکەو کۆکەرەوەی هەموو جیاوازییەکانە".

ئاوات باس لەوە دەکات کە لەچوونە ناو خەڵکدا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کێشەو گرفتی نەبووە، ئەو وتی "خەڵکەکە زۆر پشتیوانم بوون‌و دەیانووت تۆ زۆر کوردانە کار دەکەیت، دەیانووت ٣٠ ساڵە ئیسلام حوکممان دەکات بەرەو دواوە رۆشتوین، لەبەرئەوە دەنگ دەدەین بەجیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت‌و دەنگ دەدەین بەتۆ".

بەڵام ئاوات باس لەوە دەکات بەهۆی هەڵوێست‌و لێدوانەکانی پێشترییەوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئاستەنگی بۆ دروستکراوە بۆ ئەوەی دەنگ نەهێنێت، ئەو وتی "لەسەر ئەوەی وتووبووم ٩ جار قورئانم خوێندوەتەوە لێی تێنەگەیشتوم، لەبەرئەوەی عەرەبی نازانم، ئەمەم لێکرا بەهەرا، لەکاتێکدا مەبەستم بێڕێزی کردن نەبووە بەقورئان، بەڵکو لەبەرئەوەی ٢٧ ساڵە بەهۆڵەندی‌و ئینگلیزی قسە دەکەم‌و لەعەرەبی تێناگەم، لەسەر ئەوە روبەڕووی تانەو تەشەرو سکاڵا بوومەوە لەلایەن ئەوقافی سلێمانی بۆ ئەوەی دەنگ نەیەنم‌و برامە بەردەم دادوەرو بەکەفالەت ئازاد کرام".

وتیشی "چوونە ناو هەڵبژاردنەوە بۆ من وەک ژنێک ئەزمونێکی قورس بوو".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×