لەدھۆک بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە ٥٠ حاڵەتەوە زیادبووە بۆ ١٠٠٠ حاڵەت
  2024-12-19       300       
پارساڵ لەدھۆک ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کەس دادگایی کران لەسەر مادەی هۆشبەر

ئا: عەمار عەزیز

 

بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەسنوری پارێزگای دھۆک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، رێکخراوەکانی ناحکومی ھوشداری دەدەن لەوەی زیاتر بەکارھێنانی دەبێتە هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا .

 

بەپێی ئامارێک کە دەست پەیامنێری ئاوێنە کەوتووە ، لە ٢٠١٠ ژمارەی بەکارھێنەرانی ماددەکانی ھۆشبەر تەنیا ٥٠ حاڵەت بووە ، لە ٢٠٢٣ رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار حاڵەت ، لەم ژمارەیە کچ و ژنیشی تێدایە .

رێکخراوە ناحکومییەکان لە شاری دھۆک لە ١٠ی ئەم مانگە بەھاوکاری بەرێَوەبرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دھۆک چالاکیەکی تایبەت بە بەکارھێنانی ماددە ھوشبەرەکان‌و مەترسیەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد، پەیامنێری ئاوێنە بەشداربوو لەچالاکیەکەو چەند ئامارێکی وەرگرت.

 

شڤان محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لەبەرێوەبرایەتی ماددە ھۆشبەرییەکان لەدھۆک، بەئاوێنەی راگەیاند "رێژەی بەرکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار زۆر مەترسیدار، لە ٢٠١٠ تەنیا ٥٠ حاڵەتمان ھەبووە، بەراورد بە ٢٠٢٣ رێژەکە یەکجار زیاد بووەو گەیشتوەتە ھەزار کەس، لەم ژمارەیە ٢٠ بۆ ٢٥یان کچ‌و ژنن، ڕەنگە دوای ٢٠ ساڵی تر رێژەی ژنان لەبەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بگاتە ھەزار حاڵەت ".

بەرێوەبرایەتی ماددە ھوشبەریەکان لە دھۆک سەڕەرای گرتنی ئەو کەسانەی کە ماددە ھۆشبەریەکان بەکاردەھێنن‌و بازرگانی پێوە دەکەن، ھەروەھا رێنمایی خەڵکیش دەکەن کە خۆیان بەدوور بگرن تاوەکۆ تووش نەبن بەو دەردە، شڤان وتی "خۆپاراستن باشترە لەچارەسەر کردن، پارساڵ لەدھۆک ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کەس دادگایی کران، لەم ژمارەیە زۆرینەیان ئەوانە بوون کە ماددە ھۆشبەریەکان بەکاردەھێنن، بەھۆی ئەم ئامارانە ئەرکێکی ئەخڵاقی‌و گرنگە لەسەر ھەمووان کە رێنمایی‌و ئامۆژگاری خەڵک بکرێت بەڕێگای جیاواز تا خۆیان‌و کەسوکاریان لەبەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەدوور بگرن".

سەڕەرای بەرزبوونەوەی ئامارەکان لەدھۆک، کەچی تا ئێستا ھیچ بنکەیەکی حکومی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووانی ماددە ھۆشبەریەکان نەکراوەتەوە، لەمبارەیەوە شڤان وتی "زۆر پێویستە وەکو ھەولێر، بنکەیەکی تایبەت بەچارەسەرکردنی ئالودەبوان بەمادەی هۆشبەر بکرێتەوە، چونکە ئەو کەسانەی کە توشبوون بەدڵنیایی بیر لەوە دەکەنەوە چۆن خۆیان رزگار بکەن، ئەگەر سەنتەرێک ھەبێت کارێکی زۆر باش دەبێت، ھاوکات رێکخراوەکان‌و مامۆستایانی خوێندنگاکان‌و مامۆستایانی ئایینی بەرۆڵی خۆیان ھەڵسن‌و ئامۆژگاری خەڵک بکەن".

 

لەساڵی ٢٠٢٠، یاسایەکی تایبەت بەماددە ھۆشبەریەکان دەرچووە کە لە ٥٠ ماددە پێکھاتووە، لەیاسایەکەدا باس لەدوو جۆر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کراوە، بەکارھێنانی رەوای ماددە ھوشبەریەکان بۆ لێکوڵینەوە زانستیەکان‌و تاقیگەو پزیشکی، ئەوەش لەژێر چاودێری وردی لایەنی پەیوەندیدار، لەگەڵ ئەمەش کۆمەڵێک رێکاری توند  گیراونەتە بەر بەنموونە شوێنی ھێنان‌و لەکوێی دادەنرێت‌و هەڵدەگیرێت .

لایەنی دووەمی یاسایەکە ئاماژە بە بەکارھێنانی ناڕەوا دەکات، ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە دەیچێنن، بازرگانی پێوە دەکەن واتە کڕین‌و فرپشتن، سزاکەی لەسێدارەدانە یان زیندانی کردن بۆ ھەتا ھەتایی .

 

پارێزەر عەبدولناسر حەسەن چاربۆتی بەئاوێنەی ی وت "ھەر دیاردەیەک کە ببێتە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگاو مافی کۆمەڵگا ببات، ئەوکات یاسا ئەمە رێکدەخاتەوە، چونکە ئامانجی یاسا رێکخستنەوەی کۆمەڵگایە، بەڵام لێرەدا شتێکی تر ھەیە کە ئەویش نابێت ھەموو شتێک ئێمە پەیوەست بکەین بەیاساوە، چونکە ئەگەر ئەم دیاردەیە زۆر بڵاوبێتەوە ئەوا حکومەت‌و لایەنی پەیوەندیدار ناتوانێت بۆ ھەر کەسێک پۆلیسێک دانێت تا ماددەی ھۆشبەر بەکارنەھێنێت، لەبەرئەوەی ئێمە پێویستیمان بەھۆشیاری ھەیە، تاک ھۆشیار بکە تووش نەبێت، ئەگەر تووش بوو ئەوکات کێشەیەکی گەورەیە".

 

ساڵی رابردوو، سەنتەری لێکوڵینەوە لەکولیژی یاساو رامیاری لەزانکۆی دھۆک، لێکوڵینەوەیەکی مەیدانی ئەنجامدابوو، لەلێکوڵینەوەکەدا کۆمەڵێک پرسیار لە ٧٢ تووشبووی ماددە ھۆشبەرەکان کرابوو، لەم ژمارەیە ٤٩٪ دەڵێن خێزانەکانمان ئاگاداری ئێمە نین، ٩٪ دەڵێن خێزانەکانمان ڕازین، ھەروەھا ٧٪ دەڵێن لەبنەڕەتدا بابەتی ماددەی ھۆشبەر بۆ خێزانەکانمان گرنگ نەبووە .

 

ساڵح زاھێر، کۆمەڵناس لەئاکرێ بەئاوێنەی راگەیاند "کۆمەڵێک ھۆکار ھەن کە بوون بەئەگەری زیادبوونی رێژەی تووشبوون بەماددە ھوشبەرییەکان، لەوانە نائارامی‌و شەڕو ئاڵۆزی لەرۆژھەڵاتی ناوەراست بەگشتی، کێشەکانی کۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و بێکاری لەناو خەڵکدا بەگشتی‌و لەناو گەنجاندا بەتایبەتی، ھاوکات ئاستی ھۆشیارکردنەوەی خەڵک لەئاستێکی زۆر خراپدایە، وەکۆ پێویست تا ئێستا رێکخراوەکان، مامۆستایانی ئایینی، زانکۆو پەیمانگاکان بە باشی کاریان لەم بابەتەدا نەکردوە".

ئەو وتیشی "ئەوەی جێگای مەترسی زیاترە ئێستا لەناو خوێندنکارانیش ئەم دیاردە ترسناکە تەشەنەی سەندووە، ئەوەش ڕێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دایک‌و باوک یاخۆد کەسوکاریان ئاگاداریان نین، نازانن منداڵەکانیان چی دەکەن، لەگەڵ کێ دەگەڕێن، ھەر ئەمەش وایکردوە کە ئاستی خوێندنیش روو لەدابەزینە".

 

لەساڵی ٢٠٢٣دا، تێکرایی بازرگانیکردن بەماددە ھۆشبەریەکان لەجیھاندا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ملیار دولار، ھەر وڵاتێک بەپێی قەبارەی بەکارھێنان دیاریکراوە، بەشێک لەم رێژەیە بازرگانیکردن بووە بەمادەی هۆشبەر لەعێراق‌و کوردستان.

 

د.کاروان عەبدولعەزیز، مامۆستای زانکۆی دهۆک بەئاوێنەی وت "داتاکانی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەریەکان لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان جێگای مەترسین، ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت مەترسیەکەی لەتیرۆرو شەڕی داعش کەمتر نیە بۆ سەر کۆمەڵگا، چونکە ئەمە مێشک‌و جەستەی خۆمان داگیر دەکات".

وتیشی "بەپێی داتاکان تەنھا لەدھۆک هەزار حاڵەتی تووشبوو بەمادەی هۆشبەر هەیە، لەم ژمارەیە ٢٥٠ بۆ ٢٦٠ کەسیان لەزینداندان، پرۆسەی رزگاربوونیان پێویستی بەپارەو بودجەیەکەی زۆرە، ئەمەش بارگرانیەکی ترە بۆ سەرحکومەت‌، بەگشتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر کاریگەری لەسەر ئابوری تاک‌و خێزان‌و کۆمەڵگاو حکومەت زۆر خراپە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×