مەكتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، پابەندێتی خۆیان بە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی دووپاتدەکەینەوە، دەشڵێت "هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایهاتنی قەیرانی مووچە بێت".
ئاوێنە: لەمیانی راگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی هیواخوازە ساڵی نوێ ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی، ماف و دادپەروەری و چارەسەری ڕەوای دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانکاری ناوچەکە، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی و دیموکراتی.
لەبارەی مووچەشەوە یەکێتی رایگەیاندووە "هیوادارین ساڵی نوێ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت بە تایبەتی مافی مووچە بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێکەڵکردنی بە دۆسییە سیاسییەکان".
ئەوەش خراوەتە روو، پابەندێتی خۆیان بە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ ئەزموونەکەیان، هەروەک بەڵێنی بە خەڵکەکەیان دابوو، دووپات دەکاتەوە و "لە هەموو وێستگەکانی ساڵی ٢٠٢٥یشدا کۆششی ڕەوای بۆ دەکات، بەرەو حوکمڕانی و حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پرۆسەیەکی سیاسیی کارا و دیموکرات و دەربەست".
جەختیشیکردووەتەوە، هیوایان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەیان و ساڵی دابینکردنی "ئیستحقاقە" دەستورییەکانی تری کورد بێت.
لەکۆتایشدا نوسیویەتی "جارێکی تر پیرۆزە ".