پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان حكومەت و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا، چەند وەزیرێک ڕاسپێردران بۆ ئەوەی داواکارییەكانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە حکومەتی فیدراڵ. دەشڵێت، یەكێك لە داواكارییەكان ئەوەیە كە دەبێت زامنی موچەی 2025ی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت و بە هیچ شێوەیەک دوا نەكەوێت.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان پەنجە خرایە سەر هەمو وردەکارییەکان و گرفتەکان، هەروەها سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم، کێشە و گرفتەکانیان لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕو، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵ پێیانی نەداوە.
وتیشی، لە كۆبونەوەكەدا باسی ئەوەش کراوە کە "ئەرکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە حکومەتی عێراق چییە؟ چەند لە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردوە و چەندیشیمان جێبەجێ نەکردوە."
وتەبێژی حکومەت ڕاشیگەیاند "سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بەیەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەموکوڕییەک هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیاریان لەم بارەوە بخەنەڕو."
ئاماژەی بەوەشدا، کۆبونەوەکە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند و بڕیاریشی تێدا درا، بۆ ئەمەش چەند وەزیرێک کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاسپێردران لە بەغدا پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە حکومەتی عێراق و رونیشی بكەنەوە كە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ ئەم داواکارییانەی هەیە: یەکەم: دەبێت زامنی موچەی ساڵی (2025)ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و بە هیچ شێوەیەک دوا کەوتن یان گرفت دروست نەکرێت، وەک ئەوەی لە خشتەی بودجەی دیاری کراوە بنێردرێت، جگە لەمە هیچ مشتومڕێکی دیکە لەسەر پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکەین. دوەم: لەو هەموارەی لە بودجەی گشتی دەکرێت، لەو ماددانەی پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەرێمی کوردستان قسەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت."
پێشەوا هەورامانی وتیشی"پێشێلکاری مافەکان زۆرن، هەر لە کەرتی تەندروستی، هاوکاری پێشمەرگە، بودجەی وەربەرهێنان. تەنانەت حکومەتی فیدراڵ لە بانکە نێودەوڵەتییەکان قەرز دەکات، لە قەرزەکە بەشی هەرێمی کوردستان نادات، کەچی بۆ دانەوەی قەرزەکان بەشێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت بە پاساوی ئەوەی بودجەی سیادییە، هەربۆیە هیچ مافێکی دانپێدانراوی دەستوری هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئەوەیشی تاوەکو ئیستا نێردراوە کەمترە لە %7، هەربۆیە دەبێت لە ساڵی 2026 بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشدا "لە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکان، قسەی ئامادەبونی کۆبونەوەکە ئەوە بوە، ڕەنگە بڕیارێک بدرێت خزمەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەکات، کاریگەریشی هەبێت بەسەر سەقامگیری ناوچەکە، چونکە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان هەمو نەرمییەکی نواندوە تەنیا بۆ ئەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیری عێراق تێک نەچێت، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکرێت، ئەوە بڕیاری کشانەوە بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق یان هەر بڕیارێکی دیکە، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ بڕیاری لایەنە سیاسییەکان."