ھەسەدە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانییاندا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبجدا، دوو چەکدار کوژراون و چەندانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها حەشارگەیەکی داگیرکەرانیش لەناوبراوە.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- ھەسەدە ئاماری شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبجی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەکراوە، لە ئەنجامی چالاکی وەڵامدانەوەی هێزەکانییاندا لە گوندەكانی باکووری تشرییندا گورزیان لە گردبوونەوەی گرووپە چەتەکان داوە و لە ئەنجامدا دوو چەکدار کوژران.
هەروەها ھەسەدە، ئاماژەی بە ڕیزە چالاکییەکی هێزەکانیان لە هەرێمی گردی قەرەقۆزاق و دەوروبەرییدا کرد، کە ژمارەیەک سەربازیی سوپای تورک و چەتەکانی بریندار بوون و حەشارگەیەکی داگیرکەران خاپوور کرا.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوەکرد، لە دەوروبەری شاری دێر حافیر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەنگەرێکی هێزەکانمانی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو شەڕڤانمان شەهید بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای تورک هەوڵیدا بە فڕۆکەی خۆکوژییەوە گورز لە سەنگەرێکی هێزەکانمان بدات، بەڵام شەڕڤانانمان بە پسپۆرییەوە هەردوو فڕۆکەکەیان خستە خوارەوە.
لە کۆتاییشدا دەڵێن، وێڕای بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیركەری تورک، گوندەکانی باشووری کۆبانێ، شارۆچکەی سرین و گوندەکانی باشووری منبج و گوندەكانی باکووری بەنداوی تشرین بە نزیکەی ٢٠٠ تۆپی قورس و تانک تۆپباران کران، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی کەوتووە.