وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسەی یاریی “سکوید گەیم”ـی لە شاری سلێمانی ڕێکخستبوو دەستگیریانکردووە.
ئاوێنە: عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکدا وتی "ئەو کەسەی کە ویستی یاریی “سکوید گەیم” لە سلێمانی بکات، بەهۆی ئەوەی رێگەپێدانی ئاسایشی نەبووە، دەستگیرکراوە و ئەو یارییانە جۆرێک لە توندوتیژییان تێدایە و بەهیچ شێوەیەک گونجاو نەبووە، هاوکات پارەشی لە خەڵک وەرگرتووە و نەیگەڕاندووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هاوڵاتیەکی شاری سلێمانی بانگەشەی ئەوەی دەکرد یاریی “سکوید گەیم” رێکدەخات و ژمارەیەک هاوڵاتی بە بڕێک پارە، بەشدارییان تێیدا کردبوو.