كۆشكی كرملین بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر، ئەنجامداوە، كە ئەوەش یەكەم پەیوەندیی نێوان هەردو لایە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد.
ئاوێنە: كۆشكی كرملین لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پوتین و شەرع تاوتوێی دۆخی ئێستای سوریایان كردوەو سەرۆكی روسیا جەختی لە هەڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریا كردۆتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پوتین هیوای سەركەوتنی بۆ شەرع خواستوە لە چارەسەركردنی ئەو ئاڵەنگارییانەی روبەڕوی دەسەڵاتی نوێی سوریا دەبنەوە.
هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا هاوڕابون لەسەر بەردەوامیدان پەیوەندییەكان لەپێناو پەرەپێدانی هاریكاریی دوقۆڵی.
پوتین جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی سوریا لەپێناو باش كردنی دۆخی ئابوریی و كۆمەڵایەتی سوریا.
ئەوە یەكەم پەیوەندیی نێوان پوتین و شەرعە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد لە مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردو و لەكاتێكیشدایە كە روسیا گەورەترین پشتیوانی رژێمەكەی ئەسەد بو.
روسیا چاوی لەوەیە لە سایەی دەسەڵاتی نوێی سوریادا، بتوانێت بەردەوام بێت لە بەكارهێنانی بنكە ئاسمانی و دەریاییەكانی لە سوریا كە پێكدێن لە بانكەی دەریایی تەرتوس و بنكەی ئاسمانی حمەیمیم.