فەرهاد عەلادین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە، ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر عێراقدا كردوە لە ئەگەری رێگە نەدان بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
ئاوێنە: فەرهاد عەلادین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە، ئەمرۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بەغدا ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە باسیان لە هەڕەشەی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا كردوە، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێنەكاتەوە.
وتوشیەتی، لە سەرجەم ئەو پەیوەندییانەی كە بەم دواییانەی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا ئەنجامدراون، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەپاندنی سزا یاخود هیچ جۆرە گوشارێك لەسەر عێراق، نەبوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسایەكی پەسەندكردوە كە نرخی تێچوی نەوت دیاری دەكات و بابەتەكە لە ئێستادا جێهێڵدراوە بۆ كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم.
وتوشیەتی، ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە ئیدارەدانی سامانە نیشتمانییەكانەوە، بەگوێرەی سەوەریی عێراق و بەشێوەیەك دەدرێن كە لە خزمەت ئابوریی وڵاتەكەدا بن.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زای هەشت سەرچاوە لە واشنتۆن و بەغداو هەولێرەوە بڵاویكردەوە، ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، گوشار لە عێراق دەكات بۆ رێگەدان بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەپێچەوانەوە بەغدا روبەڕوی سزای واشنتۆن دەبێتەوە.
رۆژی دوشەممەی رابردو وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
بەپێی قسەی هەشت سەرچاوەكە كە لێدوانیان بۆ رۆیتەرز داوە، لێدوانەكەی رۆژی دوشەممەی وەزیری نەوتی عێراق لەژێر گوشارە زیادەكانی ئیدارەی ئەمریكادا بوە.
چوار لەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەداوە كە لێدوانەكەی وەزیری نەوت بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەلەكردنی پێوە دیار بوەو وردەكارییەكانی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكییانە لەبەرچاو نەگرتوە كە پێویستە بەر لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەربكرێن.
سەرچاوەكان بۆ رۆیتەزر وتوشیانە، دو رۆژ دانوستانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە هەولێر لەبارەی چۆنیەتی هەناردەكردنەوەی نەوتەوە، شكستی هێناوە.