سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم کارەکان تەواو بووە و سبەینێ لیستی مووچەی مانگی 2 دەنێرین بۆ بەغدا و هیچ کێشەیەک نەماوە لە لیستی مووچە.
ئاوێنە: هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای حکومەتی هەرێم و سەرپەرشتاری ئامادەکردنی لیستی مووچەی بە شێوەی پەیرۆڵ وتی "لە 20ی ئەم مانگەدا بەغدا داواکارییەکی بۆ ناردین و وتی؛ هەرچی فەرمانبەرێکی دیکە هەیە بۆ خانەنشین بوون جیای بکەنەوە و هاوکات ناوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیش کرا بە یەک لیست".
سەبارەت بە هۆکاری ناردنی لیستی مانگی 2 بۆ بەغدا، ناوبراو وتیشی "بە سیستمی پەیڕۆڵ نزیکەی 680 هەزار کەس تۆماركراوە، بۆیە لیستی مووچەی مانگی 2 کەمێک دواکەوت".
ئەفەندی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی عێراق داوایکردووە داتای سەرجەم مووچەخۆران دووبارە بنێرنەوە بۆمان و بیخەنە سیستەمی پەیرۆڵەوە.
لەبارەی وادەی ناردنی لیستەکەش، سەرپەرشتاری ئامادەکردنی لیستی مووچەی بە شێوەی پەیرۆڵ ئاشکرایکرد "ئێستا سەرجەم کارەکان تەواو بووە و بەدڵنیاییەوە سبەینێ لیستی مووچەی مانگی 2 دەنێرین و هیچ کێشەیەک نەماوە لە لیستی مووچە".
رونیشیکردەوە "لیستی مووچەی مانگی 2 دەكرێتە بنەمای مووچەی ئەمساڵ و بەهۆی ڕاگرتنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوە لەلایەن بەغداوە، بۆیە بۆ لیستەكانی مانگەكانی دیكە ئاسانتر دەبێت.
"ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری شەهیدان بوون و بە هەڵە خانەنشین كرابوون، بۆ ئەم مانگە خراونەتەوە ناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانەوە". هیوا ئەفەندی وای وت