بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ، 5 هەزارو 136 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان فەریزەی حەج جێبەجێ دەكەن و رۆژی 16ی 5ی 2025، یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە زاری شێخ نیاز نەقشبەندی، سەرۆکی شاندی حاجیانی کوردستانەوە رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەكات تاوەکو تێچوی حەج لەسەر هاوڵاتیان کەم بکرێتەوە.
سەرۆکی شاندی حاجیانی کوردستان ئاشكراشیكردوە، رۆژی 16ی 5ی 2025، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.
ئەوەشی خستەڕو، رۆژی 16 و 17ی 5، حاجیانی کوردستان بەرێگای وشکانی بەڕێدەکەون کە ژمارەیان هەزارو 645 حاجییە و رۆژی 19ی 5، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون کە ژمارەیان سێ هەزارو 491 حاجیە.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕو، حاجیان بەڕێگەی وشکانی بەدو رۆژ گەشت دەکەن بەجۆرێک حاجیانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و هەردو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان، لە رۆژی 16ی 5 گەشت دەکەن و حاجیانی پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە رۆژی 17ی 5 بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێدەکەون.
وتیشی، حاجیان بەڕێگەی ئاسمانی لە رۆژی 19ی 5 گەشتەكانیان دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی 28ی 5، گەشتەکانیان بەردەوام دەبێت.