پەیامەكەی ئۆجەلان خرایەڕو: "داوای دانانی چەك دەكەم"
  2025-02-27       793       

پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەلایەن شاندی ئیمراڵیی دەمپارتییەوە خرایە رو. ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا دەڵێت، داوای دانانی چەك دەكەم.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، پەیامەكەی ئۆجەلانیان لەژێر ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتیی و كۆمەڵگەیەكی دیموكراسیی" خستەڕو.

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا دەڵێت، بانگەوازەكەی دەوڵەت باخچەلی و ئیرادەی سەرۆك كۆمار و تێڕوانینی ئەرێنی لایەنەكانی دیكە، ئەم پڕۆسەیەیان خولقاند، /منیش لەم پرۆسەیەدا داوای داماڵینی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم."

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا بۆ پەكەكە دەڵێت"هەروەک چۆن هەمو کۆمەڵگا و پارتێکی هاوچەرخ کە بونی خۆی بە زۆر کۆتایی پێ نەهاتوە، ئێوەش بە دڵخوازی کۆنگرەی خۆتان ئەنجامبدەن و بڕیاربدەن؛ پێویستە هەمو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە."

دەقی پەیامەكە:

دەقی پەیامەكەی ئۆجەلان؛ "بانگەواز بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی"

پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، توندوتیژترین سەدەی مێژوە، ئەو ژینگەیەی کە پەکەکەی تێیدا دروست بو، دو شەڕی جیهانی، ڕەیال سۆسیالیزم و سەردەمی شەڕی سارد بو لە جیهاندا، لەو زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە لە ئارادابو.

لەڕوی تیۆریی و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، سیستەمی سۆسیالیستی ڕاستەقینەی سەدە کاریگەری لەسەر ئەو دروستبونە هەبوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی پاڵنەرە ناوخۆییەکان و داڕمانی ڕیال سۆسیالیزم و تێکچونی نکۆڵی لە شوناس لە وڵاتدا و پەرەسەندنی ئازادی بیروڕا، بوە هۆکاری ئەوەی پەکەکە واتای خۆی لەدەستدا و خۆی دوبارە بکاتەوە، بۆیە ئەویش وەک ئەوانی تر کۆتایی تەمەنی هاتوە و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.

پەیوەندی نێوان کورد و تورک؛ به درێژایی زیاتر له هەزار ساڵی مێژودا، تورک و کورد بۆ بەردەوامیدان بە هەبونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژمونگەران بمێننەوە، هەمیشە به پێویستیان زانیوه به دڵخوازیی و بە هاوپەیمانیی بمێننەوە.

دو سەد ساڵی ڕابردوی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئامانجی تێکدانی ئەم هاوپەیمانییە بوە، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بوە، لەگەڵ بناغەی چینی، خزمەتکردنی ئەوەیان کردوەتە بنەما، ئەم قۆناغە بە لێکدانەوەی یەک ڕەنگیی کۆمارەوە خێراتر بوە، ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژوییە کە ئەمڕۆ تێکچوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین، سەرلەنوێ ڕێکی بخەینەوە.

ناتوانین لە ڕاستینەی پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی هەڵبێین، پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزوتنەوەی یاخیگەرانە و توندوتیژانەیە لە مێژوی کۆماردا، بەهۆی ئەوەی ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرابو، پەکەکە بەهێزتربو و پشتیوانی پەیدا کرد.

دەوڵەت نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەری کەلتوری، کە دەرەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستی توندڕەوە، ناتوانن وەڵامی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی مێژویی بدەنەوە.

ڕێزگرتن لە ناسنامە، ئازادی بیروڕا، ڕێکخستنی دیموکراسیی، دروستکردنی کۆمەڵگای ئابوری و سیاسی هەمو پێکهاتەکان، تەنیا بە هەبونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و فەزایەکی سیاسی بونیاد دەنرێت.

سەدەی دوەمی کۆمار تەنیا بە تاجدارکردنی دیموکراسی دەبێتە خاوەن یەکێتی و بەردەوامیی هەمیشەیی، جگە لە دیموکراسی هیچ ڕێگایەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستمێک و جێبەجێکردنیدا، کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە.

دەبێت زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیش بەگوێرەی ئەو راستییە پەرەی پێبدرێت.

ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی داو هەڵوێستە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە، ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندوە و منیش لەم پرۆسەیەدا داوای داماڵینی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم.

هەروەک چۆن هەمو کۆمەڵگا و پارتێکی هاوچەرخ کە بونی خۆی بە زۆر کۆتایی پێ نەهاتوە، ئێوەش بە دڵخوازی کۆنگرەی خۆتان ئەنجامبدەن و بڕیاربدەن؛ پێویستە هەمو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە.

سڵاوی خۆم بۆ هەمو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.

عەبدوڵا ئۆجەلان

27ی شوباتی 2025

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×