ئەردۆغان: هەلێکی مێژوویی لەبەردەم تورک‌و کوردایە
  2025-02-28       1334       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ، سەبارەت بەپەیامەکەی ئۆجەلان دەڵێت "'بۆ رووخاندنی ئەو دیوارەی لەنێوان برایەتیی هەزار ساڵەی تورک‌و کورد دروستکراوە، هەلێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە ".

 

ئاوێنە: ئەردۆگان، ئەمڕۆ هەیینی ٢٨ی شوبات، لەوتارێکدا لەئیستەنبوڵ رایگەیاند ''یەکێک لە گەورەترین بەربەستی وڵاتەکەمان، بەڵای تیرۆر بوو. لەتاقیکردنەوەی 40 ساڵەی تیرۆردا تووشی زۆر زەحمەتی بووین؛ تیرۆر بە تەنیا یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵاتەکەمانی نەکردە ئامانج، بەڵکو دیموکراسی، ئابووری و سیاسەتی مەدەنی وڵاتەکەمانی کردە ئامانج''. 

 راشیگەیاند "هەموو کاتێک پەیوەندیی برایەتییان لەگەڵ کورد بەهێز کردووە؛ ئەو هەوڵەی بە دەستپێشخەرییە بوێرانەکەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و هەڵوێستی رژدی ئێمە لە پێناو تورکیایەکی بێ تیرۆر دامان، لە دوێنێوە چووەتە قۆناخێکی نوێوە"، وەک ئاماژەدان بەپەیامەکەی ئۆجەلان.

 ئەردۆغان وتی "بۆ رووخاندنی ئەو دیوارەی لەنێوان برایەتیی هەزار ساڵەی تورک‌و کورد دروستکراوە، هەلێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە، تورک، کورد و هەر تاکێکی ئەم گەلە، هەرگیز لەوانە خۆشنابن کە دەیانەوێت هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو روویدا، گوتە و کرداری گوماناوی، وەک بەربەست بخەنە بەردەم پرۆسەکە، با گەلەکەمان بزانێت ٨٥ ملیۆن هاووڵاتی، بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە و ئۆپۆزیسیۆن براوەی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەبن. ئێمە بەتەواوی باوەڕمانە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×